"ئامادەكاری بۆ یادی دووساڵەی كارەساتی شنگال دەكرێت.. دەیانەوێ پەیامێك بدەنە جیهان"

دهۆك-KDP.info- لە بیرەوەریی كارەساتی دڵتەزێنی شنگال كە دەكاتە 3/8، لە پارێزگای دهۆك ئامادەكاری بۆ یادی دووساڵەی كارەساتەكە دەكرێت. سەرۆكی بنكەی لالش و نوێنەری كوردانی ئێزدییش لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، لەسەر ئاستێكی باڵا یادەكە دەكرێتەوە و چەندین چالاكیی هونەری و جۆراوجۆر پێشكەش دەكرێن.
(شێخ شامۆ)، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "لە بیرەوەریی كارەساتی دڵتەزێنی شنگال كە دەكاتە 3/8، لە سنووری پارێزگای دهۆك ئامادەكاری بۆ یادی دوو ساڵەی كارەساتەكە دەكرێت و لە یادەكەیشدا چەندین كاری هونەری و توێژینەوە پێشكەش دەكرێن و یادەكەیش بە چەند بەرنامەیەكی جیاواز بەڕێوە دەچێت".
(شامۆ) گوتیشی: "چالاكییەكانی یادكردنەوەی كارەساتی شنگال بە شێوازی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێن، هەروەها زانكۆی دهۆك لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی چەند سیمینارێك و توێژینەوەیەك یادەكە دەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەی چەند چالاكییەكی هونەری بۆ یادی كارەساتی شنگال ئامادە كراون كە لەنێویاندا چالاكی و ئەنجامدانی پانۆڕامای شنگالە كە بە یەكێك لە كارە دیارە هونەرییەكان دەناسرێت، هونەرمەندەكانی دهۆك بەو كارە هەڵدەستن و ئامادەكاری دەكەن، كە دەربڕین لە كارەساتەكە دەكەن، لەگەڵ ئەوەی لە هەموو كەمپەكان چالاكیی جۆراوجۆر هەیە".
دەشڵێت: "شنگالییەكان دەیانەوێ پەیامێك بدەنە جیهان، وەك ساڵی رابردوو گرینگییەكی زۆر بەو كارەساتە دەدرێت، لەسەر ئاستی ئیدارەی پارێزگای دهۆك بەردەوام ئامادەكاری دەكرێت، لەسەر ئاستێكی باڵا یادەكە دەكرێتەوە و سەركردایەتیی سیاسیی كورد بەشداریی یادەكە دەكەن".
سەرۆكی بنكەی لالش و نوێنەری كوردانی ئێزدی لە پەرلەمانی كوردستان زیاتر دەڵێ: "هەموو ساڵ ئەو یادە دەكرێتەوە و یادەكەیش بۆ ئەوەیە كە چی بۆ خەڵكە لێقەوماوەكەی خەڵكی شنگال بكرێت، ئەوانەی لە دەستی داعش ڕزگار بوونە چییان بۆ بكرێت، چونكە لە ڕەوشێكی ناخۆشدا دەژین، هەروەها داوایش دەكەین ئەوانەی تا ئێستا ئازاد نەكراون و هێشتا دیلی دەستی داعشن، ئەوانیش ئازاد بكرێن".
ڕابین شێروانی




