پێشمەرگە هێرشێكی داعشانی تێکشکاند.. لە بای حەسەن شەڕ بەردەوامە

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزا و ناحیەكانی كەركووك رایدەگەیێنێت، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر وێستگەیەكی غاز لە باشووری شاری كەركووك نزیك دوبز و، لە ئەنجامدا چوار كارمەندی وێستگەكەیان كوشتووە و لە بای حەسەنیش هێزەكانی پێشمەرگە رێگایان لە هێرشێكی تیرۆریستانی داعش گرتووە و شەڕ بەردەوامە.
عەمید(سەرحەد قادر)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانـی راگەیاند: "بەرەبەیانیی ئەمڕۆ یەكشەممە، تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر وێستگەی غاز لە باشووری شاری كەركووك نزیك دوبز لە لای گوندی باجوان و، لە ئەنجامدا چوار كارمەندی كۆمپانیاكە كوژراون و دوو كەسی تریش بریندار بوون كە لەو وێستگەیە كار دەكەن".
عەمید (سەرحەد) گوتیشی: "ماوەی چارەكێكە لە بای حەسەنیش تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردووە و هێزەكانی پێشمەرگە وپۆلیس ودەزگا ئەمنییەكان لەوێن بۆ كۆنترۆڵكردنی بارودۆخەكە و شەڕ بەردەوامی هەیە".
نەشوان بەرزنجی




