33 ساڵ بەسەر ئەنفالكردنی بارزانییەكاندا تێپەڕ دەبێت

هەولێر-KDP.info- ئەنفالی خەڵكی كوردستان لەلایەن رژێمەكەی (سەددام حوسێن)ـەوە لە ساڵی 1983 دەست پێدەكات، كە ئەو كات 8 هەزار پیاوی بارزانی بێسەروشوێن كران، دەستپێكی شاڵاوێكی گەورەتری حزبی بەعس بوو كە بۆ لەناوبردن و قڕكردنی نەتەوەیەك دەستی پێكرد، كە لە ئەنجامی ئەو شاڵاوەدا زیاتر لە 182 هەزار كورد بوونە قوربانی.
لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا، لە 31\7\ 1983 رژێمی بەعسی رووخاو بە پلانێكی نەخشە بۆكێشراو و نهێنی، گەماڕۆی ئەو كۆمەڵگە زۆرەملێیانەی دا كە بارزانییەكانی لێ نیشتەجێبوون و بە دوو قۆناغ و لە چوار كۆمەڵگەی جیاوازدا 8 هەزار بارزانی ئەنفالكران، لە زۆربەی زۆری ماڵە ئەنفالكراوەكان ئەلبوومێك هەیە كە هەر وێنەیەك زیاتر لە بیرەوەرییەكی ئەو تراژیدیایە لە خۆ دەگرێت. لە راپۆرتێكی پەیامنێرماندا كە كەسوكاری ئەنفالكراوانی بەسەر كردووەتەوە، دەڵێن، دوای ئەنفالكردنی كەسوكاری ئێمە تووشی ژیانێكی زۆر سەخت بووین، كە ئێستایش گێڕانەوەی ئەو رۆژە بۆ ئێمە ئەستەمە، بەڵام ئەو مامەڵە باشەی كە خەڵكی هەولێر لەگەڵ ئێمە كردی، كەمێك لە خەمە گەورەكەی ئێمەی سووك كرد، بۆیە چاكە و مەردایەتی خەڵكی هەولێر قەت لە بیر ناكەین.
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی رابردوو یادی ئەنفالكردنی بارزانییەكان دەكرێتەوە
(رێبوار رهمهزان) بهڕێوهبهری كاروباری شههیدان و ئهنفالكراوانی بارزان به ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگهیاند، ئهمساڵ هیچ مهڕاسیمێكی تایبهت به بۆنهی 31یهكهمین ساڵوهگهڕی جینۆسایدی بارزانییهكانی بهڕێوه ناچێت، تهنیا رێورهسمێك بۆ سهردانی مهزاری شههیدان ههیه و، هیچ كهس و لایهنێكیش بۆ ئهم مهبهسته داوهت نهكراوه، وهك نهریتی ساڵانه ههر كهسێك بۆ وهفا سهردانی مهزاری شههیدان بكات، ئهوان وهك وهزارهتی شههیدان و ئهنفالكراوان پێشوازی لێ دهكهن.
(رهمهزان) گوتی، بهرنامهی ئهمساڵ جیاواز له ساڵانی رابردوو بهڕێوه دهچێت، ئەمڕۆ 31ـی مانگ، دوو دبهیت دهربارهی جینۆسایدی بارزانییهكان بهڕێوه دهچێت، له زانكۆی سهڵاحهددینیش بڕیاره كۆنفڕانسێك بهو بۆنهوهیه ساز بكرێت، ئهمهش زیاتر بۆ ئهوهیه له ڕووی زانستییهوه كار بۆ زیندووكردنهوهی یادی بارزانییهكان بكهین.
داواكارین لە حكوومەتی عێراق قەرەبوومان بكاتەوە
(ستار واحید) لە بنەماڵەی قوربانیانی ئەنفالە و دەڵێت: ئەنفالی بارزانییەكان بە راگواستن دەستی پێكرد، بارزانییەكان لە شوێنی رەسەنی خۆیان ڕاگوێزران بۆ بیابانەكانی باشووری عێراق و دەستكرا بە وێرانكردنی دێهاتەكانیان و سوتاندنی دار و زەوییە چێنراوەكان و تێكدانی ژینگە و تاڵانكردنی مەڕوماڵات و بەرهەمە كشتوكاڵییەكانیان، بارزانییەكان بەرلەوەی بەر هەڵمەتی ئەنفال بكەون لە ساڵانی حەفتاكان بۆ باشووری عێراق ڕاگوێزران و دواتریش لەساڵی 1980 هێنران بۆ ئۆردوگا زۆرەملێیەكانی قوشتەپە، دیانا، هەریر و بەحركە، هەروەها لە هەردوو كۆمەڵگەی قودس و قادسیە نیشتەجێكران، پاش تەواوبوونی قۆناغی یەكەم، لە قۆناغی دووەمدا گرتن و كۆكردنەوە و ڕاپێچكردنیان دەستی پێكرد، لە كۆتایی مانگی 7 و سەرەتای مانگی ئابی 1983، دەست كرا بە گرتنی توخمی نێرینەی بارزانیەكان پاش گرتنیان گواسترانەوە بۆ خوارووی عێراق و ڕەوانەی پارێزگای موسەنا كران.
(سەردار ئیسماعیل)، كە لە كاتی ئەنفالكردنی باوك و براكانی تەمەنی 9 ساڵ بوو، وەك خۆی دەڵێت: دوای ئەنفالكردنی باوك و براكانی بووەتە سەرۆكی خێزانەكەی و ناچار بووە دەست لە خوێندن هەڵگرێت و رۆژانە بە دینارێك بچێتە ئیش، تا برا و خوشكەكانی خۆی پێ بەخێو بكات.
زیاتر دەڵێ: من وەك كوڕە ئەنفالكراوێك شانازی بەوە دەكەم كە باوك و براكانم لەسەر خاكی كوردستان و بە هۆی كوردبوونییەوە ئەنفالكراون، ئەوەیش جێگەی خۆشحاڵییە سەدام چی لە ئێمە كرد ئەوەشی هاتەوە ڕێ، ئێستایش ئەنفال بووەتە ناسنامەی كورد.
(مریەم حادێ)ـیش گوتی: ئێمە لە كۆمەڵگەی قوشتەپە بووین، رۆژانە خەریكی پەیداكردنی پاروو نانێك بووین، جارێك هەر هەندەمان بینی بەرەبەیانی 31/7 سوپای عێراق دەوروبەری كۆمەڵگەكەمانی گرت، ئەوەی چوو بووە سەر ئیش لێ نەگەڕان بگەڕێنەوە، هەر كەسێك تەمەنی لەسەرووی 10 ساڵی بایە دەیان برد، خاڵم هێشتا بێجامەی لە پێ بوو ملیان لێ گرت و بردیان، چەند هاواری دەكرد بەس بۆ ئەوەی شەڕواڵكەی لە پێ بكات، بەڵام ڕێگەیان پێ نەدا و بە عەرەبی سەدان جوونیان پێ دەدا و سواری پشتەوەی ئۆتۆمبێلی سەربازی كران، ئەو ڕۆژە وەك رۆژی حەشر وابوو، هەر كەسە و هاواری كەسوكاری خۆی دەكرد، بەڵام بێ سوود بوو.
(رەوشەن مووسا)، ئافرەتێكی دیكەیە و دەڵێت: باوك و 2 برا و زیاتر لە 15 كەسی دیكە لە بنەماڵەكەمان ئەنفال كراون، بەرەبەیانیی ڕۆژی 31\7 كاتژمێر 4ـی بەیانی هەر ئەوەندەمان دیت سوپای عێراق كۆمەڵگەكەیان داگیر كرد، باوكم و 2 برا چوونە دەرەوە و نەهاتنەوە، هەرچی دەچوو نەدەهاتەوە، ئێمەیش بە دوایدا چووین بۆ ئەوەی بزانین چیان بەسەر هاتووە، دیتمان برای سەدام، بارزان و وەلید ئەلحاشی لەگەڵ سوپاكەدانە، دەیان گوت، بە منداڵ و پیر و ئافرەت هەمووتان دەبەین ئەوە فەرمانی سەدامە، پیاوەكان گوتیان ئێمە ببەن بەس ماڵ و منداڵەكانمان مەبەن و هیچیان لێ نەكەن، ئەوەی ڕەگەزی نێرینە بوو هەموویان بردن، سواری ئۆتۆمبێلی سەربازی كران و بردیانە بەردەرگای ناحیەی قوشتەپە، دوای كاتژمێرێك مانەوە ئۆتۆمبێلەكان بەرەو كەركوك بەڕێكەوتن.
(قومریە سەلیم) کە بە چاوی خۆی دڕندەیی ڕژێمی ئەوکاتی عێراقی بینیوە، دەڵێت: كاتێك هاوسەرەكەم دەستگیر كرا، 11 مانگ بوو ژیانی هاوسەرگیریم پێكهێنابوو، بەرەبەیانێكی زوو بوو، هاوسەرەكەم و براكانی دەیانویست بچنە سەر ئیش، بەڵام هێزەكانی ڕژێمی بەعس دەورووبەری كۆمەڵگاكەمانی گرت و، هەرچی ڕەگەزی نێرینە هەبوو لە نێوان 10 بۆ 80 ساڵی، لەگەڵ خۆیان ڕاپێچیان كردن و بە ئۆتۆمبێلی سەربازی گوازرانەوە بۆ خوارووی عێراق و لەوێ ئەنفال كران، داواكارین لە حكوومەتی عێراق هەرچی زووە قەرەبووی زیانە ماددی و مەعنەوییەكانی كەسوكاری بارزانییەكان بكاتەوە.
چاكە و مەردایەتی خەڵكی هەولێر قەت لە بیر ناكەین
هەر یەك لەو دایكانەی كەسوكاری ئەنفالكراوەكان، زۆر چیرۆكی سەرنج ڕاكێشیان لە بارەی یارمەتیدانی خەڵكی هەولێریان لایە.
پێشتریش و لە یادی سی ساڵەی جینۆساید و ئەنفالی بارزانییەكان لە پەیامێكیدا (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان یارمەتییەكانی خەڵكی هەولێری بۆ بارزانییەكان لەكاتی شاڵاوی ئەنفالی بارزانییەكاندا بەرزنرخاندبوو گوتبووی، لەو كاتەدا كە بارزانیبوون و تەعامولكردن و هاوكاریكردن لەگەڵ خێزانە بارزانییەكان قەدەغە بوو، خەڵكی هەولێر داستانی مەردایەتی و كوردپەروەری و مرۆڤانەیان تۆمار كرد.
(نازدار شەمسەدین)، كە زیاتر لە 10 كەس لە بنەماڵەکەی ئەنفالكراون دەڵێ: دوای ئەنفالكردنی كەسوكاری ئێمە توشی ژیانێكی زۆر سەخت بووین، كە ئێستایش گێڕانەوەی ئەو رۆژە بۆ ئێمە ئەستەمە، بەڵام ئەو مامەڵە باشەی كە خەڵكی هەولێر لەگەڵ ئێمە كردی، كەمێك لە خەمە گەورەكەی ئێمەی سووك كرد، هەر چەندە بەعس ئەو كات سزای كوشتن و گوللەبارانكردنی هەر كەسێكی دابوو كە هاوكاری بارزانییەكان بكات، بەڵام هەولێرییەكان گوێیان بەو هەڕەشەی بەعس نەداو و تا لە دەستیان هات یارمەتیان پێشكەشی ئێمەیان كرد.
(خەج لوقمان) یەکێکی دی لە کەسوکاری قوربانیانە، روونی كردەوە، ئەو كات هەمیشە خەڵكی هەولێر هەلی كاریان بۆ ئێمە دەدۆزیەوە و كاتی كاركردنیشیان بۆ ئێمەیان كەم دەكردەوە، رۆژانەیەكی زیاتریشیان بە ئێمە دەدا، هەندێك جار ئەگەر كاریشمان نەكردبایە پارەیان بە ئێمە دەدا، یارمەتیەكانی خەڵكی هەولێر ئەو كات وای كرد، كەسوكاری قوربانیان تا ئێستایش خۆیان بە قەرزاری ئەوان بزانن.
KDP-Hawler




