هەدار بارزانی: بەڵگەمان هەیە بەعس كیمیایی دژی بارزانییەكان بەكار هێناوە

بارزان-KDP.info- ئەمڕۆ 33 ساڵ بەسەر تاوانی ئەنفالكردنی هەشت هەزار بارزانیدا تێپەڕ دەبێت و، پارێزەرێكی دۆسیەی بارزانییەكان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، بۆ یەكەم جار ئاشكرای كرد، چەكی كیمیایی دژی بارزانییەكان بەكار هاتووە و دواتر لە هەڵەبجە و بالیسان بەكار هێنراوە، هاوكات راشیدەگەیەنێ، پەرلەمانی عێراق ئامادە نییە دۆسیەی بارزانییەكان بە جینۆساید بناسێنێت.
(هەدار بارزانی)، پارێزەری دۆسیەی ئەنفالكردنی بارزانییەكان لە دادگای باڵای تاوانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەمڕۆ یادی تاوانی جینۆسایدكرنی بارزانییەكان دەكەینەوە، لە رۆژی 2/3/2009 یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی تۆمەتبارانی تاوانی دژی بارزانییەكان لە دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق بەڕێوە چوو، تا رۆژی 3/5/2010 دوادانیشتن بەڕێوە چوو و تێیدا حەوت تۆمەتبار ئامادەی دانیشتنی دادگا بوون و نۆ تۆمەتباری هەڵاتوویش هەبوون، بەداخەوە لە دەست یاسا رایان كردبوو، ئەوانەی ئامادە بوون و ئەوانەی راكردوویش سزا دراون، بەداخەوە ئەوانەی رایان كردبوو تا ئێستایش دەستگیر نەكراون تا حوكمی دادگایان بەسەردا جێبەجێ بكرێت".
(هەدار) گوتیشی: "بەڵگەمان هەیە حكوومەتی بەعس چەكی كیمیایی دژی بارزانییەكان بەكار هێناوە، چونكە بەپێی گوتەی پسپۆڕانی بوارەكە، لە ساڵانی رابردوو 97 رووفاتی بارزانییەكان لە بیابانەكانی عێراق دۆزراونەتەوە و پشكنینان بۆ كراوە، بە گوێرەی پشكنینەكان چەكی كیمیایی قەدەغەكراو لەسەر بارزانییەكان تاقی كراوەتەوە و دواتر رژێم لە هەڵەبجە و بالیسان بەكاری هێناوە".
ئهو پارێزەری دۆسیەی ئەنفالكردنی بارزانییەكان دهشڵێت، دوای بەدادگاگەیاندنی تۆمەتبارانی دۆسیەی بارزانییەكان، دادگای باڵای تاوانی عێراق بڕیاری دا دۆسیەی بارزانییەكان وەك جینۆساید بناسێندرێت، هەتا ئێستا كەیسەكە لە پەرلەمانی عێراقە و پەرلەمان ئامادە نییە جینۆسایدكرنی بارزانییەكان پەسەند بكات، چەندین جاریش بەدواداچوونمان بۆی كردووە و كراوەتە پرسی سیاسی و بەشێك لە پەرلەنانتارانی شیعە و سوننە ئامادەن دەنگ بدەن بۆ ئەوەی تاوانی دژی بارزانییەكان بە جینۆساید بناسرێت، لە ڕووی قانوونییەوە وایە هەتا پرسەكە لە عێراق بە جینۆساید نەناسێندرێت، ناتوانین لە ڕووی نێودەڵەتییەوە كار بۆ بەجینۆسایدناساندنی بكەین، ئەوەی دیكەیان بڕیاری داگایە بۆ قەرەبووكردنەوەی كەسوكاری شەهیدانی بارزانی، ئەویش تا ئێستا حكوومەتی عێراق یەك دیناری خەرج نەكردووە، تەنیا حكوومەتی هەرێم لە چوارچێوەی یاسای ماف و ئیمتیازاتی شەهیداندا هاوكاری كردوون".
قائید میرۆ




