کامیان پشتی کورد دەگرن هێلاری یان ترەمپ؟

هەولێر-KDP.info- هێلاری یەکەم کارنامەی سیاسیی خۆی ئاشکرا کرد کە ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا، دەوڵەتەکەی ئەو هیچ هێزێک بۆ عێراق و سووریا ڕەوانە ناکات؛ درێژە بە گفتوگۆی ئەمەریکا لەگەڵ ئێرانیشدا دەدات. هەڵبەت پشتیوانیکردنی ئەو وڵاتە لە ئیسرائیل و عەرەبستان و میسر و دۆستەکانی تری ئەمەریکا، لەگەڵ ئەم تێڕوانینەی ئێستای دەوڵەتی ئۆباما بۆ ڕۆژهەڵاتی ناویندا جیاوازییەکی ئەوتۆی نابێ، لەوە نەبێ کە هێلاری دەیەوێ نێوانی ئەمەریکا و تورکیا خۆشتر بکات و ئەوەیش حیساباتێکی سیاسیی قووڵی لە پشتەوەیە کە پێوەستە بە لۆبیی ئەرمەنەکانەوە لە ئەمەریکا کە خاوەنی پێگەی ستراتیژی چەکن لەنێو کۆمارییەکاندا و دژی دیموکراتەکان و هەمیشە هەوڵی شکاندنی شکۆی تورکیا دەدەن لە نێو سلکی دیپلۆماسیی ئەمەریکادا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.
سەرکەوتنی هێلاری لە بەرژەوەندیی کێیە؟
سەرکەوتنی هێلاری بۆ تورکیا دڵخۆشکەرە، ئاخر لۆبییەکەی ئەرمەنەکان بە تەواوەتی لە نێو کۆمارییەکاندا کۆ بوونەتەوە و ئەو لۆبییە ئەرمەنە زیاتر بازرگانی چەکن و، بەردەوام هۆشیاری دەدەنە کۆمارییەکان کە تورکیا ئاخری دەبێتە هەڕەشە و مەترسی.
لۆبیگەرە ئەرمەنەکان بە ئاشکرا ئەوەیان دەربڕیوە کە دەبێ کۆمارییەکان کار بۆ پڕچەککردنی کورد بکەن؛ چونکە کورد یەکێکن لە دڵسۆزە دیارەکانی کۆمەڵگەی دەولی لە دژی تیرۆر و، هەمیش دۆستی ئەمەریکان.
هەرچی شەقامی تورکیا و عێراق و سووریای پاڵپشتی ئەسەد و ئێران، تا ڕادەیەکی زۆریش ڕووسیا چاوەڕێی سەرکەوتنی هێلارین، ئەگەرچی لە سەرەوە دژی ئەمەریکا ڕەفتار بنوێنن، بەڵام لە پشتی کامیراکانەوە خۆزگە و بریا دەخوازن هێلاری کلینتۆن سەر بکەوێ.
هەرچی پێوەست بە کوردە، هێلاری کلینتۆن ئێستا بە فەرمی کاندیدی دیموکراتەکانە و، بەوە ناسراوە کە ئەزموونێکی باشی لە سلکی دیپلۆماسیی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەیە و بەر لە هەموو کەسێکیش پێگەی کورد باش دەزانێ. هێلاری دەڵێ، ئەگەر ببم بە سەرۆکی ئەمەریکا چەک دەدەمە کورد و پشتیان دەگرم، بەڵام لەسەر دابەشبوونی عێراق و چەند مەلەفێکی هەستیاری دی، ئەو بە تەواوەتی بۆشاییەکی جێ هێشتووە و لە کارنامەکەیدا نەیپێکاوە.
ترەمپ دەیەوێ چی بکا؟
هەرچی دۆناڵد ترەمپە، تورکەکان دڵیان پێی خۆش نییە؛ ئاخر ئەو کەسێکە دەیەوێ سیاسەت لەو شێوە بکات کە دیموکراتەکان ماوەی هەشت ساڵە لە سووریا و عێراق و تورکیا و ئێران نەیانتوانیوە و، نەیانوێراوە سیاسەتێکی وا بکەن پێگەی ئەمەریکای پێ بەهێز بکەن.
ترەمپ دەیەوێ بڵێ، کە ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمەریکا، سام و شکۆکەی جارانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا دەژیێنێتەوە؛ بە پێچەوانەی هێلاری کە پێی وایە، شکۆی ئەمەریکا لە پارێزگاریکردنە لەو شێوازە سیاسەتەی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا وا ئێران و عێراق و تورکیا و سووریا لێی تێگەیشتوونە.
ترەمپ دیراسەی ئەوەی کردووە کە پێگەی ئەمەریکا لە سووریا لاوازە و لە عێراقیش هەمان شتە چونکە لە عێراقدا ئێران نفوزی یەکەمە و دوای ئەوەیش بەریتانیا دێ، چونکە ئەم فایلە بە فەرمی لە دەستی بەریتانیادایە.
ترمپ و دۆزی کورد
ترەمپ زۆر بە هێمنی دەیەوێ بڵێ کە کورد پێویستە ببێتە دەوڵەت؛ وەختی خۆی لە کۆڕێکی هەوادارەکانیدا، لێیان پرسیبوو کورد چۆۆن دەبینیت؟ ڕاشکاوانە گوتی کە بەهێزترین جەنگاوەرن لە دژی تیرۆردا، بەڵام هێشتا ئەمەریکا نە لە دەوڵەتەکەی ئەوسا و، نە ئەوەی ئێستایش هەقی کوردیان نەداوە؛ جا بەڵێنی داوە کە جوانجوان پاڵپشتیی کورد بکات و، چەکیان پێ بدات خەونەکەیان بهێننە دی.
ترەمپ زیاتر سیاسەت بە ئاراستەی ئیسرائیل و عەرەبستان و هاوپەیمانی دەکات و دەڵێ، دەبێ ئەمەریکا دۆستەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەهێز بکات ئەو کاتە ئەمەریکا خۆیشی بەهێز دەبێ.
ڕاوێژدەرەکانی ترەمپ بە ئاشکرا گوتوویانە، ئەگەر کورد بیەوێ سەربەخۆیی ڕابگەینێ ئەوا ترەمپ هەمیشە پاڵپشتیی دەنگی گەل دەکات و، نەک دژی نابێ، پێیشی خۆشە.
هەرچی هێلاری کلینتۆنە، دەیەوێ بڵێ عێراق هێشتا فرسەتێکی بۆ ئەمەریکا لێ ماوە، چونکە تەواوکەری بەهێزکردنی پێوەندیی ئەمەریکایە لەگەڵ سووریا و ئێران و تورکیادا.
جا ئەو پرسیارە جیددییەی وا ئەرکی سیاسەتشرۆڤەکەرانە هەڵیسەنگێنن، ئەوەیە کە هێلاری و ترەمپ، کامیان پشتی کورد دەگرن، بەتایبەت لەو کاتەی کورد جاڕی سەربەخۆیی دەدات؟
شرۆڤەی تەنیا کوردی




