٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەر تۆمەتبارێك سەردانی دەزگاكانی حكوومەت بكات ئاشكرا دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- پۆلیسی پارێزگای دهۆك بۆ یەكەم جار سیستەمێكی ئەلیكترۆنیی خستە كار و، بەپێی سیستەمەكە كارئاسانیی زۆر كراوە بۆ دەستگیركردنی تۆمەتباران، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆكیش رایدەگەیەنێت، لەمەودوا تۆمەتبار و داواكراوان ناتوانن بچنە هیچ دەزگایەكی حكوومەت.

لیوا (تاریق ئەحمەد)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لەلایەن یەكێك لە ئەفسەرانی پۆلیسی پارێزگای دهۆكەوە، سیستەمێكی ئەلیكترۆنیی پێشكەوتوو دروست كراوە و بۆ یەكەم جارە سیستەمەكە لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەوێتە كار، ئەویش دەستگیركردنی تۆمەتبارانە بە رێگەی ئەلیكترۆنی و پێشكەوتووی سەردەم".

بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دهۆك گوتیشی: "ئەفسەرەكە داهێنانی كردووە و گشت بنكە و بەڕایەتییەكانی پۆلیسی دهۆكی بەیەكەوە گرێ داوە، لەو سیستەمەدا هەر تۆمەتبارێك سەردانی دەزگا ئەمنییەكان بكات یان پێشتر تاوانی ئەنجام دابێت، ئەوە ناوی ئاشكرا دەكرێت و مەلەفی هەیە لەو بنكەیە، بۆ نموونە  كەسێك چەندین تاوانی ئەنجام داوە و لە شوێنێكی دیكە لەسەر تاوانێك دەستگیر دەكرێت، ئەوكات هیچ زانیاری لەسەر پێشینەی تاوانبار ناوێت و هەمووی لە كۆمپیۆتەری پۆلیس تۆمار كراوە".

لیوا (تاریق) ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد: "لە بەرنامەدایە هەموو فەرمانگەكانی حكوومەت لەگەڵ سیستەمی پۆلیس گرێ بدرێن و هەر تۆمەتبارێك سەردانی هەر دەزگایەكی حكوومەت بكات ئاشكرا دەبێت، یان باشتر بڵێم ئیدی كەسێك تاوانی كردووە و لە پۆلیس داوا كراوە، ناتوانێ بچێتە هیچ دامودەستگایەكی حكوومەت".

 

قائید میرۆ

 

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار