٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"ئاڵۆگۆڕ له‌ لیژنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەران دەكرێت.. كورد رژدین لەسەر پشكی خۆمان"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، كوتلەكانی ئەنجوومەنەكە رێك كەوتوون پۆستی سەرۆكی لیژنەكان بۆ ماوەی چوار ساڵ دەستكاری نەكرێت تا كۆتایی خولی پەرلەمان و پێویستە رێز لەو رێككەوتنە بگیرێت و دەستكاری نەكرێت، وەك ئەوەی ئێستا هەندێ پەرلەمانتاری باسی لێوە دەكەن.

(نەدا مێرگەسووری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەر لە سەرەتای دەستبەكاربوونی خولی ئێستای ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، سەرۆكی كوتلەكان كۆ بوونەوە و ڕێك كەوتن لەسەر دانانی لیژنەكانی نێو پەرلەمان، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان ئامادەی رێككەوتنی دابەشكردنی سەرۆكی لیژنەكان بووە، بەپێی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان گشت سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكان دابەش كراون، واتە هەر كوتلەیەك بەپێی سەنگی خۆی لیژنەی بەر كەوتووە، كاتێك رێككەوتن كرا، بەم شێوەیە رێك كەوتن هەر دوو ساڵ جارێك گۆڕانكاری بكرێت، ئێستا دوو ساڵەكە كۆتایی هاتووە و كاتی ئەوەیە لیژنەكان دووبارە دابەش بكرێنەوە".

(مێرگەسووری) دەشڵێ: "راستە بەپێی خاڵی نێو رێككەوتنەكە دەبێت دەستكاریی لیژنەكان بكرێت، لە كۆبوونەوەی كۆتایی پەرلەمان قسە لەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕە كرا و گەییشتنە ئەو باوەڕەی كە دەبێت گۆڕانكارییەكە بكرێت و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان سەرلەنوێ سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكان هەڵبژێرن، پرسیار لێرەدا ئەوەیە لە كۆتایی دانوستانەكان هەموو سەرۆكی كوتلەكان ئامادەی دانیشتنەكە بوون و گەییشتنە ئەو رێككەوتنە سەرۆك و جێگر و بڕیاردەر بۆ ماوەی چوار ساڵ بەردەوامبن لە كارەكانیان و دەستكارییان نەكرێت، ئێستا (ئارام شێخ محەممەد) جێگری دووەمی پەرلەمان كە خۆی لە كۆبوونەوەكەدا ئامادە بووە، دەڵێ، كاتی گۆڕینی سەرۆكی لیژنەكان هاتووە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتیشی: "مادام رێككەوتن كراوە، پێویستە رێز لەو رێككەوتنە بگرن و سەرۆكی كوتلەكان رێز لە واژۆی خۆیان بگرن لەسەر رێككەوتنەكە، ئێمەیش وەك كوتلە كوردستانییەكان رژدین لەسەر پشكی خۆمان لە هەر لیژنەیەك، ئەگەر ئاڵوگۆڕ كرا، دەبێت ئێمە وەك كورد پشكی خۆمان ببەین و سەنگی كورد لە لیژنەكاندا دیار بێت، چونكە عێراق لەسەر بنەمای سازان بنیات نراوە".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار