٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتوو: ئەو دەرفەتەی بۆمان ڕەخساوە، نابێ لە کیس خۆمانی بدەین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دەڵێ، پێویستە ھەوڵی جدیتر بدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، لەبەر ئەوەی دەرفەتێکمان بۆ ڕەخساوە بۆ سەربەخۆیی، نابێ لێ بگەڕێین لە کیسمان بچێت؛ وا دەوروبەرەکەمان ھەوڵی لەباربردنی ئەو دەرفەتە دەدەن.

(بەھزاد زێباری) ئەندامی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان  بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێویستە هەموو لایەک ھەوڵی جدیتر بدەن ئەوەی ئەو قەیرانانە چارەسەر بکرێت؛ ئێستا پەرلەمان کە کاری یاسادانان و چاودێریکردنە پەکی کەوتووە و، پێویستە لەم دۆخە ڕزگارمان بێت."
 
(بەھزاد زێباری) گوتیشی، ١٠٠ ساڵ دوای سایکس‌پیکۆ ئێستا گۆڕانکاری لە ناوچەکە بەڕێوەیە؛ وا بەرەوسەربەخۆیی دەچین، بەڵام گەر یەک نەبین، دەوروبەر ڕێگە نادەن ئەو دەرفەتە بمینێت و لە کیسمانی دەدەدن.
 
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی ڕوونیشی کردەوە ئێستا چەند دەستپێشخەرییەک ھەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەو قەیرانانە؛ لەوانە دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی ھەرێم و دەستپێشخەرییەکەی ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی؛ ئەمە کارێکی زۆر باشە و پێویستە ھەموو لایەنێک سازش بکات بۆ ئەوەی لەو قەیرانانە دەرباز ببین.
 
گوتیشی، ئێمە وەکو یەکگرتووی ئیسلامی بێهیوا نەبووین، بەڵام چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بە سەرسۆنگە دەکرێ نەک بە پەلەپەل؛ وەختی خۆی ھەوڵی بەپەلە دراوە و، سەری نەگرتووە و، ئەمجار ھەوڵەکان جدین و پێویستە پەرلەمان کارا بکرێتەوە.
 

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار