"سەربەخۆیی شكۆمەندی و ئازادییە.. پاشكۆیی گەورەبوونی مەترسییەكانە بۆ سەر كوردستان"

هەولێر-KDP.info- شارەزایەكی سیاسی، بۆ پەیامەكەی ئەوێ رۆژێی (بارزانی) دەڵێ، وەرگرتنی سەربەخۆیی گەرەنتییە بۆ مانەوەی دەسكەوتەكان و بەرجەستەكردنی شكۆمەندی و ئازادی بۆ كوردستان، بە پێچەوانەیشەوە پاشكۆیی و گرێدراوی بە بەغداوە، دەبێتە مایەی بچووكبوونەوەی قەوارەی سیاسیی كوردستان و گەورەبوونی مەترسییەكان.
(سەرۆك بارزانی)، لە پەیامێكیدا رۆژی (٢٥-٧-٢٠١٦) لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك ڕایگەیاند: "دوای ئەو هەموو نەهامەتی و قوربانیدانە، ئێستا لە بەردەم دوو ڕێگەداین، یان ئەو واقعە قبووڵ بكەین كە خەڵكی تر هەر كات ویستیان كێشەمان بۆ دروست بكات و بڕیار لە چارەنووسمان بدات و بە پاشكۆیی بمێنینەوە، یان بەیەكەوە بڕیارێكی هاوبەش بدەین و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی هەنگاو بنێن. پشت بە خوا و ئیرادەی گەلی كوردستان لە ئاییندەیەكی نزیكدا دەردەكەوێ كە كێ پاشكۆیی دەوێت و كێ سەرەوەریی هەڵدەبژێرێت."
هەر لەم بارەیەوە، شارەزای سیاسی و مامۆستای زانكۆ (عومەر نوورەدینی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە پایەمەكەی سەرۆكی هەرێمدا دوو خاڵی سەرەكی و جەوهەری و گرینگ هەن، بەوەی كە وەرگرتنی سەربەخۆیی و سەروەری، گەرەنتییە بۆ مانەوەی دەسكەوتەكان و بەرجەستەكردنی شكۆمەندی و ژیانی ئازاد بۆ گەلی هەرێمی كوردستان و، بە پێچەوانەوە پاشكۆیی و گرێدراوی بە بەغداوە، دەبێتە مایەی بچووكبوونەوەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و گەورەبوونی مەترسییەكان و زیاتر گەمارۆدانی گەلی كوردستان و سەرەنجام ژێردەستەیی و وابەستەیی، ئیتر كاتی ئەوەیە هەڵویستی خۆمان یەكلا بكەینەوە لەوەی سەربەخۆبوون هەڵدەبژێرین یان پاشكۆبوون، لەمەدا (سەرۆك بارزانی) داوای بڕیاری هاوبەش و پێكەوەكاركردن دەكات كە ئەمە زۆر گرینگ و خاوەن بەهای سیاسییە و لە سەركەوتنی سیاسەتی سەربەخۆخوازیدا هێزمان پێ دەبەخشێت، واتا لە ڕووی زەمەن و ساتەوەختی میژووییەوە دەبێت هەڵویستەكان لە بێژنگ بدرێن و بە ڕوونی و ئاشكرایی بهێنرێنە سەر شانۆی نماییشكردن و دەركەوێ كە كێ لەگەڵ سیاسەتی سەرەبەخۆخوازی و سەروەریخوازییە و كێ لەگەڵ وابەستەبوون و گرێدان و مانەوە لەگەڵ بەغدایە."
(نوورەدینی) گوتیشی: "لە ڕاستیشدا بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرج و ژینگەی سیاسی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و بە تێكەڵكێشكردنی لەگەڵ ژینگەی سیاسیی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ڕۆڵی سیاسی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوە دەردەكەوێت كە بۆچوون و ڕوانگەی (سەرۆك بارزانی) ڕیالیستانە و لۆجیكیانەیە و هیچ كاتێك لە مێژوودا وەك ئێستا دەرفەت بۆ پیادەكردنی سیاسەتی سەربەخۆخوازیی كوردان نەهاتووەتە ئاراوە."
فایزە كۆیی




