لێكۆڵینەوە لە كوشتنی بارزان محەممەد لەلایەن لیژنەكەی هەرێمەوە بەردەوامە

كەركووك-KDP.info- بەڕێوەبەری ئاساییشی كەركووك دەڵێ، لێكۆڵینەوە لەلایەن ئەو لیژنەیەی بە بڕیاری سەرۆكی هەرێم لەبارەی كوشتنی هاووڵاتی (بارزانی محەممەد) دروست كراوە، دەستی بە كارەكانی كردووە و بەرەوامە.
لیوا (هەڵۆ نەجات)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لێكۆڵینەوە لەلایەن ئەو لیژنەیەی بە بڕیاری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دروست كراوە لەبارەی كوشتنی هاووڵاتی (بارزانی محەممەد) بەشێوەیەكی درندانەوە و دور لە مرۆڤایەتی، ماوەی سێ رۆژە دەستی پێ كردووە و تاوەكو ئێستایش بەردەوامە".
(نەجات) گوتیشی، نوێنەری هەردوو ئاساییشی یەكێتی و پارتی لەو لیژنەیەدا هەیە و خۆیان بەرپرسن لە راگەیاندنی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان.
لەبارەی ئەوەی هەندێكی بەرپرسانی یەكێتی لە كەركووك باسیان لەوە كردبوو كە هەرێم مافی نییە دەست لە كاروباری ناوخۆی كەركووك وەربدات، گوتی، كەركووك سەر بە هەرێمی كوردستانە و مافی هەیە لە هەموو پرسێك بكۆڵێتەوە، بۆیە خەڵك ئازادە بۆ خۆی چی دەڵێت.
بڵند یبراهیم




