هاوكارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی درێژەیان هەیە

هەولێر-KDP.info- بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی LDSـی ئەمەریكایی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، ویلچەریان بەسەر 98 خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دابەش كرد، هەروەها لە كەمپی ماملیان لە سنووری پارێزگای دهۆك، پێداویستیی ناوماڵیان بەسەر 50 خێزانی ئاوارەدا دابەش كرد.
بە مەبەستی هاوكاریكردنی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان لە هەرێمی كوردستان، رۆژی 27/7/2016 لە ئیدارەی گەرمیان بە هاوكاری لەگەڵ رێكخراوی LDSـی ئەمەریكایی، دەزگای خێرخوازیی بارزانی خولێكی سێ سەعاتی لەبارەی چۆنیەتیی بەكارهێنانی عارەبانەی ویلچەریان بۆ سودمەندبووان كردەوە و دواتر عارەبانەیان پێشكەشی 98 خاوەن پێداویستیی تایبەت كرد.
(مووسا ئەحمەد)، جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لەو بارەوە گوتی، ویلچەر و كۆشینی GLY و عەكازە و رەوڕەوەی دەستی و چەندین پێداویستیی دیكەیان بۆ 98 ئافرەت و پیاو دابین كردووە، كە هێشتا لە لایەن هیچ ڕێكخراوێكەوە كۆمەك نەكراون. دەزگای خێرخوازیی بارزانی تاكە دەزگای خێرخوازیی بووە توانیویەتی هاوكاری بگەیەنێتە خاوەن پێداویستانی تایبەتی گەرمیان و شارۆچكەی كەلار و شارەدێی رزگاری.
گوتیشی: پرۆسەی دابەشكردنی ویلچەر بەسەر خاوەن پێداویستیی تایبەت بەردەوامی هەیە و خاوەن پێداویستیی تایبەت لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
لەلایەكی دیكەوە، بۆ هاوكاریكردنی زیاتری ئاوارەكانی دەوروبەری مووسڵ لە كەمپەكاندا، دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی ماملیان لە سنووری پارێزگای دهۆك پێداویستیی ناوماڵی بەسەر 50 خێزانی ئاوارەدا دابەش كرد.
ئەمڕۆ 27/7/2016 پێداویستیی ناوماڵ بەسەر 50 خێزانی تازە ئاواربوودا، كە لە كەمپی ماملیان لە سنووری پارێزگای دهۆكن، دابەش كراوە، هاوكارییەكانیش بۆ هەر خێزانێك بریتی بوو لە دابەشكردنی 2 بەتانی، 2 دۆشەك، 1 تەباخ، ترمزی ئاو، پریاسكەیەك خۆراك، پاككەرەوە و پانكە.
لە لایەكی دیكەوە و لە درێژەی دبەشكردنی هاوكاری لە كەمپەكاندا، لە هەڵمەتێكدا ئۆفیسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە كەمپی بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دهۆك، هاوكاریی مامۆستایانی وانەبێژی كەمپەكەیان كرد و تێیدا، پریاسكە (پارسێل)ـی وشكەخۆراكیان بەسەر 36 مامۆستای كەمپەكەدا دابەش كرد كە خۆبەخشانە لە قوتابخانەی كەمپ وانە دەڵێنەوە.





