چەندان زانكۆی ئەهلی ئەنجامی تاقیكردنەوەی قوتابیان نادەنەوە.. پارەی خوێندنیان نەداوە

هەولێر-KDP.info- چەند زانكۆیەكی ئەهلی، بە هۆی نەدانی قیستی كۆتایی كرێی خوێندن، ئامادە نین ئەنجامی كۆتایی ساڵ بە قوتابییەكانیان بدەنەوە، ئەندامێكی لیژنەی پەروەدەیش دەڵێ، ئەوە زۆڵمە لە قوتابی دەكرێت و پێویستە زانكۆكان میكانیزمی دیكە پەیڕەو بكەن نەك راگرتنی ئەنجامەكان.
دكتۆر (شوان قەڵادزەیی)، ئەندامی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی پاڵای پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "زانكۆی گەشەپێدانی مرۆیی قەرەداغ ئامادە نییە ئەنجامی كۆتایی ساڵی قوتابییەكانی بداتەوە، ئەویش بە هۆی نەدانی قیستی خوێندن لەلایەن قوتابیانەوە، بە گوتەی خۆیان چەندان قوتابی كرێی خوێندنیان بە تەواوی نەداوەتە زانكۆكە، پێشم وایە ئەمە زۆڵمێكە لە قوتابی دەكرێت، ناكرێت قوتابی قیستێكی نەداوە پێی نەگوترێ چەند وانە كەوتووە".
(قەڵادزەیی) راشیگەیاند: "ژمارەیەك قوتابی لەو بارەیەوە پەیوەندییان پێوە كردووین و كێشەكەیان پێ ڕاگەیاندووین، ئەوەی من زانیاریم هەبێت هەر زانكۆی گەشەپێدان نییە، چەند زانكۆی دیكەیش ئەنجامی نمرەی قوتابیانیان نەداوەتەوە تا پارەكەیان بە زانكۆ بدەن، لەسەر كێشەكە پەیوەندیمان بە زانكۆ ئەهلییەكانەوە كردووە و داوامان كردووە رێوشوێنی تر بگرنە بەر".
قائید میرۆ




