زیاد ڕەئووف: پاڵپشتیی زۆرتری هێزی پێشمەرگە، دەبێتە هۆی ئاسانتر لەناوبردنی داعش

پۆڵۆنیا-KDP.info- نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا، لە دیداریدا لەگەڵ پەرلەمانتار (بۆگوسلاڤ سۆنیك) ڕایگەیاند، پاڵپشتیی زۆرتری هێزی پێشمەرگە، دەبێتە هۆی ئاسانتر لەناوبردنی داعش، كە ئەوەیش دەبێتە هۆكاری بەرزكردنەوەی ئاستی ئاساییشی تەواوی ئەورووپایش.
دیدارەكە بەشێك بوو لەو هەڵمەتە درێژخایەنەی كە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا دەستی پێ كردووە لە پێناوی ناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان بە دەستی داعش و كۆمەڵكوژیی ئەنفال وەكو جینۆساید لە دژی مرۆڤایەتی. هەروەك دیدارەكانی پێشوو لەگەڵ پەرلەمانتاران و كەسایەتیی گۆڕەپانی سیاسی، (زیاد ڕەئووف) هەردوو ڕاڤەی یاسایی بە پەرلەمانتاری ناوبراو بەخشی و دەستپێشخەرییەكانی لەو بارەیەوە پێ ڕاگەیاند.
(بۆگوسلاڤ سۆنیك) بە شێوەیەكی ئەرێنی بە دەم بیرۆكەكەوە هات و بەڵێنی دا ئەو پرسە لە نێو پەرلەمانتارانی فڕاكسیۆنەكەی بڵاو بكاتەوە بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی بۆ ئەو پرسە.
لە میانەی دیدارەكەدا، (زیاد ڕەئووف) پرس و كێشەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەرێمی كوردستان و بەرەكانی جەنگی دژ بە داعش و دژی تیرۆریزمی جیهانی هێنایە بەر باس.
(بۆگوسلاڤ سۆنیك) بەو پێیەی پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ وڵاتی فەڕەنسادا هەیە، بۆیە بەشێكی گفتوگۆكانیان تایبەت بوو بە دۆخی فەڕەنسا. (زیاد ڕەئووف) ئاماژەی بە قوربانیدانی پێشمەرگە كرد و سەرنجی دا كە پاڵپشتیی زۆرتری هێزی پێشمەرگە دەبێتە هۆی ئاسانتر لەناوبردنی داعش، كە ئەوەش دەبێتە هۆی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاساییشی تەواوی ئەورووپایش.




