٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"نیوەی دانیشووانی كەركووك ئاوارەكانن.. کەسی دی وەرناگرین"

سەرچاوە: KDP.info

كەركووك-KDP.info- بەپێی ئامارێكی حكوومەتی عێراق، زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە لە سنووری كەركووكن، بەرپرسێكی شارەكەیش روونی كردەوە، جگە لە نەبوونی خزمەتگوزاریی سەرەتایی و پشتگوێخستنی كەركووك لەلایەن بەغداوە، لەنێو ئاوارەكاندا بازرگانی بە مرۆڤەوە دەكرێت.

(جوان حەسەن)، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هاتنی ئاوارە بۆ شاری كەركووك لە ساڵی 2006ـدا دەستی پێ كردووە، ئەوەیش دوای قووڵتربوونەوەی ململانێی مەزهەبی لە بەغدا و دیالە، بەڵام لە دوای هاتنی تیرۆریستانی داعش هاتنی ئاوارە بە لێشاو بووە و سیمایەکی نێودەوڵەتی وەرگرتووە، ژمارەی ئەو ئاوارانەی روویان لە شاری كەركووك كردووە، گەییشتووەتە 114 هەزار خێزان و زیاتر لە 600 هەزار كەس پێك دێت، ئەمەیش دەكاتە نیوەی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگای كەركووك، كێشەمان لەگەل بەغدایش ئەوەیە، لەگەڵ هاتنی ئەو هەموو ئاوارەیەدا، نە هاوكاریمان دەكات، نە مافی دارایی و مرۆیی ئەو پارێزگایانە دەدات".

(حەسەن) دەڵێ: "ئێمە لە ئەنجوومەنی پارێزگا چەندین كۆبوونەوەمان كردووە و دواجار بڕیارمان دا، ماوەی مانگێك مۆڵەت بدەینە ئەو ئاوارانەی ناوچەكانیان ئازاد كراون تا بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، كەچی مانگێك تێپەڕیوە تەنیا ژمارەیەكی كەم گەڕاونەتەوە تكریت، بۆ نموونە بێجی ئازاد كراوە خەڵكی ناوچەكە لە ترسی حەشدی شەعبی ناتوانن بگەڕێنەوە، لەبەر ئەوە بڕیارمان داوە هیچ ئاوارەیەكی تر وەرنەگرین بۆ سنووری كەركووك".

لەبارەی هەبوونی رێكخستنی داعش لەناو ئاوارەكانی شاری كەركووكیش، گوتی: "ئێمە هەر تەنیا كێشەی خزمەتگوزاریمان نییە بۆ ئاوارەكان، كێشەی ئەمنییش مەترسییە بۆ سەر دانیشتووانی كەركووك، چەندین جار هێزەكانی پۆلیس شانەی نوستووی داعشیان لەناو ئاوارەكاندا دەستگیر كردووە، جاری وایە خەڵكی ئاوارە خۆی سکاڵا دەكات داعش لەناویاندا هەیە، خەمی گەورەمان حەویجەیە، خەڵكی حەویجە داعش چووەتە ناو مێشكیانەوە و وەك سەرۆكی لیژنەی مافی مرۆڤی كار بۆ ئەوە دەكەین، بەهەر رێگایەك بێت فیكری داعش لەناو مێشكی خەڵكی حەویجەدا دەربێنین و بیگەڕێنینەوە سەر دۆخی ئاساییی پێش هاتنی داعش".

بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە لەنێو ئاوارەكاند كێشەیەكی دیكەی ئیدارەی كەركووكە و (جوان حەسەن)ـیش لەبارەیەوە گوتی: "ئاوارە هەیە ماوەی دوو ساڵە لە كەركووكە، تەنیا یەك ملیۆن دیناری وەرگرتووە لە حكوومەت، ئەوەش وا دەكات ئاوارەكان پەنا بۆ لەشفرۆشی و سواڵكردن و كاری نایاسایی ببەن، كە بێگومان ئەمەیش سیمای كەركووكی زیاتر ناشیرین كردووە، بەڵام وەك داتا هیچ ئامار و داتایەكمان لەبارەی لەشفرۆشی و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە نییە".

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار