"لێدوانی شۆڤێنیانە دژی كەركووك دەدرێت.. ئەو ئارامییەی هەیە پێشمەرگە فەراهەمی كردووە"

كهركووك-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، نیگەرانە لە هەڵوێستی حكوومەتی عێراق و هەندێك لایەنی سیاسی كە لە دژی شاری كەركووك خەریكی پیلانن و دەڵێت، ئابڵووقەی شارەكە دراوە.
(ئەمیرە كەریم)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "دەبینین لێدوانی شۆڤێنیانە لەملا و لەولاوە لە دژی شاری كەركووك و خەڵكی كەركووك دەدرێت لەلایەن هەندێك لایەنی عێراقی و كەسایەتییەوە، لە كاتێكدا ئاگادارین هەوڵێكی نەزۆرك هەیە بۆ ئەوەی كورد دەسەڵاتی نەبێت لەو پارێزگایە، یان ئیدارەی كوردی لە كەركووك گرفتی بۆ دروست بكرێت، لە كاتێكدا دەبێت سەرجەم لایەنە عێراقییەكان ئەوە باش بزانن كە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە، ئێستا كەركووك هاوشێوەی مووسڵ و دیالە و ئەنبار لە ژێر دەستی داعشدا دەبوو".
(كەریم) گوتیشی: "ئەو ئارامییەی لە كەركووك هەیە، پێشمەرگە فەراهەمی كردووە، بەڵام ئێستا دەوڵەتی یاسا و هەندێك لایەن دژی ئیدارەی كوردین، ئەمەیش نیشانەی ئەوەیە كە نایەوێت ئارامی لە شارەكەدا هەبێت و، دەیانەوێت گرفت لە شارەكە دروست بكەن بە تایبەتی لێدوانی ئەم دواییەی سەركردەكانیان لەبارەی ئەو شارەوە كە بەشێكیان هەڕەشەی كشانەوەی پێشمەرگە دەكەن، بۆیە هەندێك لایەن هەوڵ دەدەن پێكەوە ژیان لەو شارە لەناو ببەن".
ئهو ئەندامهی ئەنجوومەنی نوێنەران دەشڵێت: "ئەوە چەند ساڵە عەقڵییەتی بەغدا هاوشێوەی مامەڵەكردن لەگەڵ شارەكانی دیكەی كوردستان ئابڵووقەی كەركووكی داوە و، پارەیەكی زۆری ئەو شارەی كە مافی خۆیەتی وەری بگرێت، لەلایەن بەغداوە گل دراوەتەوە، هەروەها پارەی سەدان پرۆژەی لەلایە و نایەوێت بیداتەوە، پرسیاریش ئەوەیە، تاكەی عەقڵییەتی دەوڵەتی یاسا و (مالیكی) بەرانبەر بە خاكی كوردستان بەردەوام دەبێت و پێمان ناڵێن پارەی خەڵكی ئەو شارەیان چی لێ كردووە؟".
كارزان سەباح هەورامی




