شیوعی: هەوڵەكانی بارزانی بە گرینگ دەزانین.. هەندێك لایەنی عێراقی نییەتیان باش نییه

هەولێر-KDP.info- سەركردەیەكی حزبی شیوعی كوردستان دەڵێ، كورد لە بەردەم دەسكەوتی گرینگدایە، دەبێت لە ناوماڵی خۆیدا خۆی رێك بخاتەوە تا ئەو دەسكەوتانە لە دەست نەچن.
(ئەبو كاروان) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "تاكە رێگا بۆ چارەكردنی قەیرانەكان كۆبوونەوەیە، لەو كۆبوونەوانەدا هەركەسە و را و بۆچونی خۆی بە راشكاوانە بڵێت، دواتر پێمان باشە رێككەوتنێكی سەرتاسەری هەبێت یان سازانێكی نیشتیمانی كە سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان تێیدا بەشدار بن، پێویست دەكات ئەو لایەنانەی ناكۆكن لەگەڵ یەكتری، سازش بۆ یەكدی بكەن لە پێناوی بەرژەوەندیی باڵای گەلەكەمان".
(كاروان) گوتیشی: "هەر لایەنێكیش سازش بكات، ئەوە مێژوو بۆ خۆی تۆماری دەكات، ئێستایش هەوڵێك لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە هەیە كە لە رێگای نوێنەرێكی خۆیەوە سەردانی لایەنەكان دەكات، ئەمە هەنگاوێكی باشە بۆ ئەو مەبەستەی كە سەرجەم لایەنەكان لە یەكتری نزیك ببنەوە".
سەركردەیەكی حزبی شیوعی زیاتر گوتی: "پێویستمان بە ئیرادەیەكی تەواو هەیە بۆ چارەكردنی گرفتەكان و دەبێت ئەو ئیرادەیە لە حزبەكاندا هەبێت، ئەوەی مایەی خۆشحاڵییشە لایەنەكان دەرگایان دانەخستووە بۆ گفتوگۆ، بەڵام لە راستیدا پێویست بە سازش دەكات".
(ئەبو كاروان) دهشڵێت، واقعی كوردستان وایە كە ئامانجەكانمان بەرەو باشتر ببەین و دەسكەوتی گەورەمان لە بەردەمدا ماوە دەبێت لە دەستیان نەدەین، بەڵام لە هەمان كاتدا مەترسی لە سەرمان ماوە بە تایبەتی دوای شەڕی داعش كه هەندێك لایەنی عێراقی واپێشبینی دەكرێت نییەتیان باش نەبێت، دواتر پرسیاری جیددی ئەوەیە كە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دوای شەری داعش وەك ئێستا لەسەر خەت دەبن لەگەڵ هەرێمی كوردستان؟ ئەگەر ئەمە بكەینە پرسیارێك و ڕووبەڕووی خۆمانی بكەینەوە، دەبێت هەرچی زووە لەناو خۆمان رێك بكەوین بۆ ڕوووبوونەوەی هەرچی تەحەددایە كە دێتە بەردەممان".
كارزان سەباح هەورامی




