٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەمریکا وەڵامی پەیامەکەی مەسرور بارزانی دەداتەوە.. پێشمەرگە بۆ ئەمەریکا جێگای بایەخە

سەرچاوە: KDP.info

ئەمریکا-KDP.info- وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەبارەت بە بەشداریکردن لە کۆ بوونەوەی وڵاتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی رێکخراوی توندڕەوی داعش، وەڵامی پەیامەکەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەداتەوە.

(جۆن کێربی) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە واشنتۆن رایگەیاند، قوربانیدانی پێشمەرگە وایلێکردن فشار بخەنە سەر بەغدا، بۆ بەشداریکردنی نوێنەری کوردستانی باشوور لە کۆنفڕانسەکە.

(کێربی) گوتیشی: "وڵاتەکەی چەندین جار ستایشی قوربانیدانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە و ھێزی پێشمەرگە بۆ ئەمەریکا جێگەی بایەخە و قوربانیدانەکە شایانی رێز و پێزانینە.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەردانی دیپلۆماسیی بەرپرسانی باڵای ئەمریکا وەک گرنگیدانی ئەمریکا بە هەرێمی کوردستان باس کردووە و رایگەیاندووە، کە (برێت مەکگۆرک) نێردەی تایبەتیی (باراک ئۆباما)ی سەرۆکی ئەمریکا لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش سەردانی بەغدای کردبێ، سەردانی هەولێریشی کردووە.

رۆژی 20ـی تەمموزی 2016، 46 وەزیری دەرەوە و بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانیی دژی داعش لە واشنتن کۆبوونەوە و (مەسرور بارزانی) راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیش لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر رایگەیاند، ”جێگەی گاڵتەجاڕییە نوێنەری کورد بانگھێشتی کۆنفرانسەکە نەکراوە، لەکاتێکدا پێشمەرگە ھێزی سەرەکی شەڕی دژی داعشە.

دوای دەنگدانەوەی هەڵوێستەکەی (مەسرور بارزانی) و گەیشتنی پەیامەکەی بە ناوەندەکانی بڕیار لە ئەمریکا، رێکخەرانی کۆنفرانسەکە بڕیاری بەشداری پێکردنی باشووری کوردستانیان دا و (بەیان سامی عەبدولڕەحمان)، نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئەمەریکا، وەک نوێنەری کورد بانگھێشتی کۆنفرانسەکە کرا.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە 25ی تەممووزی 2016ش، (مەسعوود بارزانی) سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی عێراق رێگریی لە بەشداریکردنی نوێنەری کورد لە کۆنفرانسەکە کردووە و ئەو نموونە و زۆر نموونەی تر دەریدەخات، کە ماف و قوربانیدانی گەلی کوردستان دەکرێ زۆر بە ئاسانی پشتگوێ بخرێ و مامەڵەی نابەجێی لەگەڵدا بکرێت و بە بڕیار و میزاجی خەڵکی تر ببەسترێتەوە".

(مەسعوود بارزانی) لە پەیامەکەیدا وەک ئاماژەیەک بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان، رایگەیاند، "ئێستا لەبەردەم دوو ڕێگەداین، یان ئەو واقعە قبوڵ بکەین کە خەڵکی تر ھەرکات ویستیان کێشەمان بۆ دروست بکات و بڕیار لە چارەنووسمان بدات و بە پاشکۆیی بمێنینەوە، یان بەیەکەوە بڕیارێکی ھاوبەش بدەین و بەرەو سەروەری و سەربەخۆیی ھەنگاو بنێن".

 

كوردستان 24

هەواڵی پەیوەندیدار