نێچیرڤان بارزانی: ئهولهویهت دیاریكردنی سنووری كوردستانه.. روانگا و فیكری داعش لە عێراقدا شكڵی گرتووە

ههولێر-KDP.info- (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەر بڕیارێك بدەین، چ سەربەخۆیی و چ كونفیدڕاڵی، باوەڕمان وایە كە عێراق وەك هاوبەشێكی ستراتیژی لەگەڵمان دەمێنێتەوە، ئەم پرسەش سەرەتا لەگەڵ بەغدا تاوتوو دەكەین، لە دۆخێكی وادا نە ئانكارا و نه تاران ئەوەندە دیاریكار نابن، واتە یەكەم لایەن كە دەبێت پرسەكەی لەگەڵدا تاوتوا بكەین، بەغدایە.
(نێچیرڤان بارزانی) لە وتووێژێكی تایبەتدا لەگەڵ دەنگی ئەمهریكا سەبارەت بە پرسگهلی ناوچەكە دهدوێ و، لهبارهی پڕۆسهی ئازادكردنهوهی مووسڵدا دەڵێت: روانگا و فیكری داعش لە عێراقدا شكڵی گرتووە و، داعش تێكەڵەیەكە لە شۆڤێنیستی عێراقی و ئیسلامییە توندڕۆكان كە رەنگە دوای ئازادكردنی مووسڵ ئیتر خاكێكیان بۆ خەلافەتی ئیسلامی خۆیان نەبێت، بەڵام داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دەمێنێت و تەنیا جۆری كردەوەكانیان دەگۆڕێت.
-كورد لە پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵدا چ رۆڵێكی دەبێت؟
(نێچیرڤان بارزانی): بۆ ئێمە لە هەرێمی كوردستادا رزگاركردنی مووسڵ زۆر گرینگە، چونكە مووسڵ شارێكە لە هەوڵێر و دهۆك نزیكە و تا ئاستێكی زۆریش كاریگەری لەسەر كەركووك هەیە. بۆیە بۆ ئێمە وەك هەرێمی كوردستان، ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ زۆر گرینگە و بێشك هێزی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا رۆڵی بنەڕەتی دەبینێ، هەر لەو پێوەندییەشدا لەگەڵ بەغدا و هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی لەگەڵ ئەمهریكادا هەماهەنگیمان هەیە و، لە ئێستادا لە قۆناغی نەخشەداڕێژین بۆ ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ.
چاوەڕوانی هاوكاریی زیاتری بەغدا و كۆمەڵگای جیهانی دەكەین
-نیگەرانییەكی زۆر هەیە لەوەی كه لەگەڵ دەستپێكی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ شاڵاوی پەناخواز و ئاوارەكانی شارەكە روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، لەو بارەیەوە چ ئامادەكارییەكتان كردووە؟
(نێچیرڤان بارزانی): وەك دەزانن هەرێمی كوردستان لە ئێستادا لە دۆخی تێپەڕاندنی قەیرانێكی گەورەی ئابووریدایە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوەندێكمان لە وەزارتى ناوخۆی حكوومەتی هەرێم كردووەتەوە كە لەگەڵ رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و لایەنە پێوەندیدارەكانی تایبەت بەم قەیرانەدا لە پێوەندیدان بۆ ئەوەی ئامادەكاریی پێویست بۆ كاتی هاتنی ئاوارەكان بكرێت. چەند ناوچەیەكیشمان بۆ دروستكردنی كەمپ بۆ ئاوارەكان دەستنیشان كردووە، لەگەڵ بەغدایش لە پێوەندیداین. بەپێی لێكۆڵینەوەكان جگە لەو ئاوارانەی كە ئێستا لە هەرێمی كوردستانن، پێشبینی دەكرێ زیاتر لە نیو ملیۆن ئاوارەی مووسڵ روو لە هەرێمی كوردستان بكەن. بۆیە چاوەڕوانی هاوكاریی زیاتری بەغدا و كۆمەڵگای جیهانی دەكەین، هەڵبەت هەر لە ئێستاوە هاتنی ئاوارەكانی دانیشتووی مەخموور، شهرگات و ناوچەكانی دیكەی مووسڵ بۆ هەرێمی كوردستان دەستی پێكردووە.
- پێتانوایە ئۆپەراسیۆنی ئازاكردنی مووسڵ تا چەند درێژەی دەبێت؟
(نێچیرڤان بارزانی): لە ئۆپەراسیۆنی ئازاكردنی فەللوجه و گهیاره و ناوچەكانی دیكە، پێشبینیمان دەكرد، داعش بەرگریی زیاتر بكات، بۆیە ئەگەر بەو شێوەیە بێت كە تا ئێستا بینیومانە، زۆری پێناچێت، بەڵام لە ئێستادا كاتی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازاكردنی شارەكە گرینگە، چونكە هێشتا ئامادەكارییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئازاكردنی مووسڵ وەكو پێویست ئەنجام نەدراوەن.
-چ كێشەیەكتان هەیە و بۆچی ئامادە نابن؟
(نێچیرڤان بارزانی): به بۆچوونی من نەبوونی ئامادەیی بۆ ئازادكردنی مووسڵ دوو هۆكاری هەیە. یەكەم: مووسڵ لەگەڵ ناوچەكانی دیكە جیاوازی هەیە. دووەم: هەم لە رووی سەربازی هەم لەو رووەوە كە دوای رزگاركردنی ئەو شارە گەورەیە چۆن بەڕێوە دەبردرێت، دەبێت وردبینیی تەواوی بۆ بكرێت، چونكە بەڕێوەبردنی ئیدارەی مووسڵ لە دوای رزگاركردنی زۆر گرینگترە. جیا لەوەش ئامادەیی سوپای عێراق هەتا ئێستا لە ئاستی پێویستدا نییە و لەوانەیە چەند مانگێكی پێ بچێت، هەتا بە تەواوی ئامادە بن.
ئەو هاوكارییە سەربازیانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێن، نابێت دەستی لایەنی دیكە بكەوێت
-دەگوترێ رێككەوتننامەی سەربازیی ئەم دواییەتان لەگەڵ ئەمهریكا بە یەكێك لە هەنگاوە گرینگەكان بۆ ئازادكردنی مووسڵ هەژمار دەكرێت. ناوەرۆكی ئەو رێككەوتننامەیە چییه؟
(نێچیرڤان بارزانی): ئەم رێككەوتننامەیە دوو بەشی هەیە، بەشێكی هاوكاریی دارایی ئەمهریكایە بۆ هێزی پێشمەرگە، بەشەكەی دیكەشی پڕۆتۆكۆڵی سەربازییە لە نێوان ئێمە و ئەمهریكادا، بەوپێیە ئەو هاوكارییە سەربازیانەی كە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكرێن، نابێت دەستی لایەنی دیكە بكەوێت. واتە ئەو پێوەرانەی كە ئەمهریكا بۆ خۆی بە گرینگی دەزانێت لەو رێككەوتننامەیەدا گونجێندراون و هەردوو لایەن واژۆیان كردووە، جگە لەوانەش باسی هاوكاری و هەماهەنگیی هەر دوو لایەن كراوە لە سەر ئازادكردنی مووسڵ و ئەو ناوچانەی داعش دەستی بەسەردا گرتووە.
-هەواڵی ئەوە بڵاو بووەتەوە كە (قاسم سلێمانی) فەرماندەی سوپاس قودس داوای لە (نووری مالیكی) سەرۆكی حزبی دەعوە كردووە، كە لە رێگری لە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامەیە بكات، بەتایبەتی بۆ ئەوەی مۆڵەت نهدەنە هیچ سەربازگەیەكی ئەمهریكایی لە هەرێمی كوردستان بكرێتەوە، ئێوە بۆ رێككەوتن لەگەڵ ئەمهریكا تا چەند هەماهەنگیتان لەگەڵ بەغدا كردووە؟
(نێچیرڤان بارزانی): بە راستی ئاگام لەو زانیاریانە نییە، پێشموانییە راست بن.
-ئەی بەغدا، ئایا لە ناوەرۆكی رێككەوتننامەكە ئاگادارە؟
(نێچیرڤان بارزانی): پێشتر ئێمە بەغدامان ئاگادار كردووەتەوە و پێموایە ئەمهریكاییەكانیش بەغدایان لەو رێككەوتننامەیە ئاگادار كردووەتەوە. چونكە ئەو رێككەوتنە شتێكی لەپڕ و نوێ نییە و لە ئەنجامی چەندین جار دانیشتن و كۆبوونەوەكان لە چەندین مانگدا دروست بووە، چەند خاڵێكیشی تێدا بووە كە ئێمە گۆڕیومانە و بڕێكیشی ئەوان گۆڕیویانە.
- پێشتر باسی ئەوەتان كرد كە داعش وەكوو جاران بەرگری ناكات و پێتانوایە مووسڵیش ئازاد دەكرێت. ئەی بەرنامەتان بۆ دوای داعش چییە؟
(نێچیرڤان بارزانی): به رای من ئەوەی كە دوای داعش چیی دەكەین، ئەمە گرینگترین پرسیارە. هاتنی داعش نەهامەتیی زۆری بۆ كورد و بەتایبەتی بۆ هەرێمی كوردستان دروست كرد. هیوادارم دوای رۆیشتنی داعش ئەو ڕووداوە دووبارە نەبێتەوە. سەبارەت بە قۆناخی دوای داعشیش، ئەوا ئێمە زۆر نیگەرانین، ئەوەش دوو هۆكاری هەیە. یەكەم: ئەوەی كە برایانی ئێمە لە بەغدا بزانن كە داعش لە ناوجەرگەی كۆمەڵگای عێراقەوە سەریهەڵداوە و لە شوێنێكی دیكەوە نەهاتووە، واتە روانگا و فیكری داعش لە عێراقدا شكڵی گرتووە و، داعش تێكەڵەیەكە لە شۆڤێنیستی عێراقی و ئیسلامییە توندڕۆكان كە رەنگە دوای ئازادكردنی مووسڵ ئیتر خاكێكیان بۆ خەلافەتی ئیسلامی خۆیان نەبێت، بەڵام داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی دەمێنێت و تەنیا جۆری كردەوەكانیان دەگۆڕێت. لە ئێستادا لە دژی داعش شەڕێكی جەبهەیی و بەرەییمان هەیە، بەڵام ئەو كات داعش پەنا بۆ رێكخستنی شانە شاراوەكان و شەڕی پارتیزانی دەبات لە عێراق و بەوجۆرەش رێكاری سەربازی كێشەی داعش لە عێراقدا چارەسەر ناكات. بۆیە پێویستە بە وردبینی و لە رووی سیاسییەوە لێكۆڵینەوەی لەسەر بكرێت و دواتر رێكاری لەناوبردنی بدۆزرێتەوە.
(ئەولەوییەت)مان دیاریكردنی ئەو سنوورانەیە كە بە فیداكاریی میللەت و پێشمەرگە ئازاد كراون
-گریمان لە رووی سیاسییشەوە داعش لەناو بچێت، ئایا پرسی سەربەخۆییی كوردستان گرفتێكی نوێ دروست ناكات، كە تا ئێستا چەندین جار سەرۆكایەتیی هەرێم باسی كردووە؟
(نێچیرڤان بارزانی): لە روانگای منەوە سەربەخۆییی هەرێمی كوردستان مافی رەوای گەلەكەمانە و مافی دیاریكردنی چارەنووسیش شتێكی رێپێدراوە؛ باوەڕم وایە ئەوەش وەك ئامانجێك بۆ ئێمە و هەموو خەڵكی كوردستان دەمێنێتەوە. ئەوەی بۆ ئێمە لە دوای داعش گرینگە، سنوورەكانی كوردستانە و ئێمە دەبێت ئەم سنوورانە كە بە خوێنی پێشمەرگە ئازاد كراون، دیاری بكەین.
-واتە ئەگەر ئەو پرسە چارەسەر كرا، كە مەبەستم دیاریكردنی سنوورەكانە، دوای ئەوە نیازاتان وایە سەربەخۆیی رابگەیەنێن؟
(نێچیرڤان بارزانی): بەرەو هەر لایەك بڕۆین، دەبێت سەرەتا بزانین حەوشەی خانووەكەمان تا كوێیە. واتە چ لەگەڵ عێراقدا بمێنینەوە و چ سەربەخۆییی خۆمان رابگەیەنین، ئەگەر فیدڕاڵی، یان كونفیدڕاڵی بین، بەرایی(ئەولەوییەت)مان دیاریكردنی ئەو سنوورانەیە كە بە فیداكاریی میللەت و پێشمەرگە ئازاد كراون.
-بەڵام ئەگەر سنوورەكانیش دیاری بكرێن، ئایا وا بیر ناكەنەوە كە جگە لەوەی ئێران و توركیا وەك دوو دراوسێی سەرەكیتان دژی سەربەخۆییی كوردستانن، كێشەی ناوخۆییشتان هەیە، بەتایبەتی كە یەكێتیی نیشتمانی و بزووتنەوەی گۆڕان هاریكاری نەكەن، لەو هەلومەرجەدا چۆن سەربەخۆییتان رادەگەیەنن؟
(نێچیرڤان بارزانی): ئێمە بە باشی دركمان بە هەلومەرجەكە كردووە. ئێوە ئەگەر سەیری هەر وڵاتێك بكەن كە بە سەربەخۆیی گەیشتوون، دەبینن لە رووی ئابووری و سیاسی و ... كێشەكانیان زۆر لە كێشەكانی ئێمە زیاتر بووە و پێیان گوتوون هێشتا كاتی نییە، كێشەی ناوخۆییتان هەیە و... هتد، ئەمانەش نابنە رێگر لە بەردەم سەربەخۆیی، یان كونفیدڕاڵیی ئێمەدا. وڵاتگەڵێك هەن كە لە پاش سەربەخۆیی لەگەڵ كۆمەڵێك كێشە رووبەڕوو بوونەتەوە، بەڵام چارەسەریان كردووە.
ئێمە بە هێنانەئارای پرسی سەربەخۆیی یان هەر سیستمێكی دیكە بۆ كورد، لە حوكمڕانیی عێراقیشدا ئەوا چەندان ساڵە كە بۆ هەمووان سەلماندوومانە كه هۆكاری سەقامگیری و ئاسایش بووین و هەین. واتە ئێمە نەك هۆكاری درووستبوونی كێشە نەبووین، بەڵكو هۆی سەقامیگری بووین لە ناوچەكەدا، پرسی سەربەخۆییشمان وەك رێكارێك بۆ چارەسەر باس كردووە، نەك بۆ ئەوەی كێشەكانی عێراق پتر بكەین. كاتێك لە ساڵی 2003 بۆ عێراق گەڕاینەوە، هیوادار بووین كە بەغدا پایتەختی عێراقی نوێیە و بهپێی دەستوور سیستمێكی حوكمڕانی و رەوانگایەی نوێتری دەبێت، بەڵام ئێستا لە دوای 13 ساڵ ناكرێ بۆ خاڵی سەرەتا بگەڕێینەوە. لە واقیعدا ئێستا دوو جۆر عێراقمان هەیە، عێراقی پێش داگیركردنی مووسڵ و عێراقی دوای داگیركردنی داگیركردنی مووسڵ. بۆیە گەڕانەوە بۆ ئوسووڵی شكستخواردووی عێراق قهبووڵ ناكرێ. بەڵام هەر بڕیارێك بدەین، چ سەربەخۆیی و چ كونفیدڕاڵی، باوەڕمان وایە كە عێراق وەك هاوبەشێكی ستراتیژی لەگەڵمان دەمێنێتەوە، ئەم پرسەش سەرەتا لەگەڵ بەغدا تاوتوو دەكەین، لە دۆخێكی وادا نە ئانكارا و نه تاران ئەوەندە دیاریكار نابن، واتە یەكەم لایەن كە دەبێت پرسەكەی لەگەڵدا تاوتوا بكەین، بەغدایە.
هەموو لایەنەكان ئەگەر زیاتر لە ئێمە خوازیاری سەربەخۆیی نەبن، ئەوا كەمتر نین
-بەڵام تەنانەت بۆ كێشەكانی ئێستاتان لەگەڵ بەغدا بە چارەسەر نەگەیشتوون و نەتانتوانیوە كێشە بچووكەكان چارەسەر بكەن، ئیدى چۆن كێشەی وا گەورە چارەسەر دەكەن؟
(نێچیرڤان بارزانی): ئەو روانگایەی كە دەیەوێت هەموو پرسەكان لە بەغدا چارەسەر بكرێن گۆڕانی بەسەردا نەهاتووە، بەداخەوە ناوەندگەرایی وەك روانگایەكی زاڵی زۆرینە وەك خۆی ماوە و لە بیرۆكەشیاندا پاك نابێتەوە. ئێمە لە ساڵی 1991 سەربەخۆ بووین. راستە ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان نەبووین، بەڵام هەموو شتێكمان هەبوو. لە ساڵی 2003 بەو رەوانگایەوە كە عێراق وڵاتێكی نوێیە، بۆ بەغدا گەڕاینەوە، بەڵام خۆتان بڵێن دەستكەوتەكانی كورد لەو هاوبەشییە لە 12 ساڵی رابردوودا چی بووە؟ تا ئێستا نەك تەنیا دەستوور جێبەجێ نەكراوە، بگرە پێشێلیش كراوە. هەر ئەوەندەی كە هەندێك بەهێز بوون هەوڵیان دا دەبابەكانی خۆیان بۆ چارەسەری كێشەكان رەوانەی كوردستان بكەن. سەرۆكوەزیری پێشوو (نووری ئەلمالیكی) ئەو كارەی كرد. بودجەی هەرێمی بڕی، بێئەوەی ئێمە هیچ كاردانەوەیەكمان هەبێت. بۆیە پرسیار ئەوەیە ئایا كورد دەتوانێت تا دە ساڵی دیكەش هەر لەو دۆخەدا بمێنێتەوە؟ بێشك من پێتان دەڵێم نەخێر. راستە ئێمە كێشەی ناوخۆییمان هەیە، بەڵام لەو بوارە تایبەتەدا هەموو لایەنەكان ئەگەر زیاتر لە ئێمە خوازیاری سەربەخۆیی نەبن، ئەوا كەمتر نین.
-لە رۆژانی رابردوو كودهتایەك لە توركیا روویدا كە شكستی هێنا و، دواتر دەستبەسەركردن و گیرانی بەرفراوانی خەڵكی لێكەوتەوە. هەڵوێستی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
(نێچیرڤان بارزانی): لە ئەنجامی كودەتاكە و سەركەوتنی ئیرادەی خەڵكی توركیا زۆر خۆشحاڵ بووین. ئەگەر سەرنجی مێژووی كودەتا سەربازییەكانی توركیا بدەن، تێدەگەن كە هیچ كودهتایەكیان لە بەرژەوەندیی كوردان نەبووە و هەموویان لە دەرەنجامدا زیانی زۆریان لە كورد داوە. هەرێمی كوردستان خۆشحاڵە كە ئەو دەوڵەتەی بە دەنگی خەڵكی توركیا مەشروعیەتی وەرگرتووە، سەركەوت و میللەتیش توانی ئەو دەوڵەتە بپارێزێت.
لە ئێراندا زەمینەی چارەسەر كێشەی كورد بە رێگەی گفتوگۆ بوونى نییە
- یەكێ لە پرسەكانی دیكە، چالاكیی پێشمەرگەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پێكدادانیان لەگەڵ سوپای پاسدارانە لە كوردستانى ئێراندا. زۆرێك لە فەرماندەكانی سوپای پاسداران و بەرپرسانی پلەداری كۆماری ئیسلامی و لەم ئاخرانەشدا (موحسین رەزایی) گوتوویانە كە ئەو چالاكییانە بە دنەدانی سعودیەیە و لێرە لە هەرێمی كوردستان سعودیە فێرگەی بۆ هێزەكانی حزبی دیموكرات كردووەتەوە و ئێوە چاوپۆشییان لێ دەكەن، ئەوە تا چەند راستە؟
(نێچیرڤان بارزانی): پێش هەموو شتێك دەبێت بڵێم ئەو دەنگۆیە هیچ بنەمایەكی نییە و دوورە لە راستی، سعودیەش وەك وڵاتانی دیكە لێرە كۆنسووڵخانەی هەیە و ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆتۆكۆڵێكە كە لەگەڵ عێراق هەیانە وەك و چالاكیی دیپلۆماسییان هەیە. ئەوەی كە گوتراوە لێرە بنكەی مەشق و راهێنانیان بۆ كوردانی ئێران كردووەتەوە، بە هیچ شێوەیەك راست نییە. لە رەوانگای ئێمەوە پێوەندیی دۆستانەمان لەگەڵ ئێراندا زۆر گرینگە. وەك باسم كرد لە ساڵانی رابردوویش ئێمە سەلماندوومانە كە هۆكارێكی سەقامگیری بووین، چ بۆ ئێران و چ بۆ توركیا، لە رابردوویشدا بۆ سووریایش. ئەمە چوارچێوەی سیاسەتی ئێمەیە و هەوڵ دەدەین لە هەرێمی كوردستان هیچ كێشەیەك بۆ وڵاتانی دراوسێ دروست نەكرێ. سەبارەت بە چالاكییەكانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران لە هەرێمی كوردستانی عێراق زێدەگۆیی كراوە. من دەپرسم لە ساڵی رابردوو پەژاك چەند چالاكیی سەربازی ئەنجام داوە و چەند كەسیان لە ئێران كوشتووە، بۆچی بۆ جارێكیش دەنگی بەرپرسێكی ئێرانی نەبیسترا كە قسەی لەسەر بكات.
-ئەم دوو رووە جیاوازە بە گوتەی خۆتان چ هۆكارێكی هەیە؟
(نێچیرڤان بارزانی): لە راستیدا هەر ئەوە بۆ ئێمەش جێی پرسیارە. حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران چالاكییەكی ئەنجام داوە. هەڵبەت ئێمە سوپاسی حزبی دیموكرات و كۆمەڵە و لایەنەكانی دیكە دەكەین، كە زۆر جار بەرژەوەندییەكانی هەرێمیان رەچاو كردووە و ههمیشه هەوڵیان داوە، هەرێمی كوردستان نائەمن نەكرێت. ئێستایش بەرانبەر بەو تۆمەتانەی ئێران نیگەرانین. ئێمە لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا لێژنەیەكی هاوبەشمان هەیە و دەكرێ ئەم پرسانە لەوێ تاوتوو بكرێن و چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. ئەو هەموو هەڕەشە و تۆمەتانەی ئێران رەت دەكەینەوە و هاوكات ئامادەین لەو بوارەدا لەگەڵ ئێران گفتوگۆ بكەین. بێشك سیاسەتی ئێمە ئەوە نییە كە لە خاكی هەرێمەوە هێرش بكرێتە سەر ئێران، یان كێشە بۆ ئێران دروست بكرێت. ئێران دراوسێیەكی گرینگی ئێمەیە و دەخوازین پێوەندییەكی زۆر دۆستانەمان پێكەوە هەبێت.
-ئەگەر دەتانەوێ ئەو پێوەندییە دۆستانەیە بەردەوام بێت، ئەی بۆچی ئەو سیاسەتەی بەرانبەر بە پ ک ک هەتانە، بەرانبەر بە حزبەكانی كوردستانی ئێران نیتانە؟ واتە ئێوە چەندین جار لە نێوان ئانكارا و پ ک ک میانگیریتان كردووە، بۆچی هەنگاوی هاوشێوە بۆ میانگیری لە نێوان كوردانی ئێران و كۆماری ئیسلامیدا هەڵناگرن؟
(نێچیرڤان بارزانی): ئێمە لە رابردوودا هەنگاوی لەو جۆرەمان ناوە، بەڵام ئەساسی نەبوون، كاتێكیش هەوڵمان دا لە نێوان پ ک ک و ئانكارا ناوبژیوانی بكەین. لە دیدارمان لەگەڵ پلەبەرزەكانی توركیا وەك سەرۆككۆمار و خوارتر، دەمانبینی بە راستی مەیلی ئەوەیان هەیە كە بە رێگەی دیالۆگ كێشەكە چارەسەر بكەن، بەڵام خواست و مەیلی لەو جۆرە تا ئێستا لە لایەن ئێرانەوە نابیندرێت. واتە لە ئێراندا زەمینەی چارەسەر كێشەی كورد بە رێگەی گفتوگۆ بوونى نییە. ئەگەر ئەو زەمینەیە بڕەخسێت، زۆر پێی خۆشحاڵ دەبین كه ناوبژیوانی چارەسەری كێشەی كورد لە رێگەی گفتوگۆوە بكەین.
-لە كۆتاییدا مۆڵەتم بدەن، باسی قەیرانی ئابووری بكەم، كە خۆیشتان پێشتر ئاماژەتان پێدا. لە شەقامەكانی هەولێر لە خەڵكم بیستووە، كە باری ئابوورییان باش نییە. بۆ تێپەڕاندنی ئەو قەیرانە چیتان كردووە؟
(نێچیرڤان بارزانی): كێشەگەلێك هۆكاری دروستبوونی ئەو قەیرانە ئابوورییەی هەرێمی كوردستانن. یەكەم: لە سەرەتای ساڵی 2014 بودجەی هەرێم بەبێ هیچ راوێژێك بە ئێمە لە لایەن بەغداوە بڕا. دووەم: بە درێژایی 1100 كیلۆمەتر لە شەڕی دژی داعشداین. تا ئێستا 1500 شەهید و نزیكی 8000 بریندارمان هەیە. سێهەم: یەك ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەی شەڕی سووریا و ناوخۆی عێراق لە هەرێمی كوردستان داڵدە دراون. ئەمانە دوابەدوای یەك روویان داوە. سەرباری هەموو ئەوانەش دابەزینی نرخی نەوت بووەتە هۆكاری ئەوەی هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانێكی گەورەی ئابووری ببێت. هەوڵەكانمان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەو قەیران چڕ كردووەتەوە. سوپاس كارمەند و مووچەخۆرانی دەوڵەتی دەكەم كە ئەو دۆخەیان دەرك كردووە. تا هەنووكەش رێكاری چارەسەرمان نەدۆزیوەتەوە، بەڵام بە شێوەیەكی جیددی بە كەمكردنەوەی مووچە و پاشكەوتی بۆ كارمەندان و دابەزاندن و كەمكردنەوە خەرجییەكانی حكوومەت هەوڵمان داوە قەیانەكە كۆنتڕۆڵ بكەین. بۆ تێپەڕاندن و زاڵبوون بە سەر ئەو قەیرانەشدا نیازمان بە هاوكاریی دەرەكی هەیە. دەبێت ددان بەوەدا بنێم كە لە رادەبەدەر مووچەخۆرمان هەبووە، ئەوەش میراتیی سیاسەتی رابردووی (سەدام) بووە، كە 5000 گوندی رووخاندووە و دانیشتووانەكەی بە زۆرەملێ هێنراونەتە نێو شارەكان و كراون بە مووچەخۆر. بۆ چاكسازیی بنەڕەتی لە هەیكەلی حكوومەتدا لەگەڵ بانكی جیهانی لە وتووێژداین. لە پرسی نەوتدا، زۆر وردبینانە ناوەندە نێودەوڵەتییەكانمان دەستنیشان كردووە و لەگەڵ بەغدا و سندووقی نێونەتەویی دراودا بەردەوام لە پێوەندیداین. هەموویان لە رێگەی بەغداوە كار دەكەن و بەداخەوە بەغدایش وەكو پێویست بایهخ به كوردستان نادات.
Your browser does not support the video tag.
دەقی وتووێژەكە:




