زیا پەترۆس: كوشتنی (بارزان محەمەد) ستەمێکی هەرە گەورە و زەقە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێ كوشتنی (بارزان محەمەد) زڵموستەمێکی هەرە گەورە و زەقە؛ دەزگا ئەمنییەكانی كەركووك بەرپرسن و دەبێ گورجێ تاوانبارەكان دەستنیشان بكەن با هەر کەس لایەنێکیش بێ و، بیاندەنە دەست دادگا؛ دادگاش دەبێ بێلایەنانە ڕۆڵی خۆی لە سزادانی تاوانباران بگێڕێت.
(زیا پەترۆس سیلیوا) سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "هەر کە زانیمان (بارزان محەمەد) ـ خەڵکی شاری كەركووك ـ کوژراوە، فەرمانبەرێكی دەستەکەمان ڕاسپاردووە و، ناردوومانە بۆ شاری كەركووك و، لە ڕووداوەكەی كۆڵیوەتەوە و زانیاری وردمان بەدەست گەیشتووە؛ بەیاننامەیەكیشمان بڵاو كردووەتەوە و سەركۆنەی ئەو تاوانە نامرۆڤانەیە دەكەین."
گوتیشی: "ئێمە وەكو دەستەی مافی مرۆڤ ئەم تاوانە بە زڵمێکی هەرە گەورە و زەق دەزانین؛ ئەو کوژراوەیان وەها داخ و ئەشکەنجە کردووە، گیانی دەرچووە. ئێمە دەست لە كاروباری سیاسی وەرنادەین بەڵام کەس نابێ لەسەر بیرباوەڕی سیاسی و هیچ شتێك بەو شێوەیە ئەشكەنجە بدرێت."
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ئاماژەیشی دا: "دەزگا ئەمنییەكانی كەركووك بەرپرسن و دەبێ زوو تاوانبارەكان بدۆزنەوە؛ ئەو لیژنانەی داندراون بۆ ئەو کارە، دەشێ گورج تاوانباران بدۆزنەوە و، بیاندەنە دەست دادگا؛ گرنگ نییە کێیان لە پشتەوەیە؛ پاشان بابەتەكە بۆ ڕای گشتی بخرێتە ڕوو. دادگاش دەبێ بێلایەنانە ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و، تاوانباران سزا بدات."
سەرباز واحد




