مستەفا چاوڕەش: سهردانهكهی فواد حوسێن ھەنگاوێكی زۆر باشە و، دەبێ ھەموو خەڵك پشتیوانی لێ بكات

هەولێر-KDP.info- (مستەفا چاوەڕەش) ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەڵێ، سهردانهكهی (فواد حوسێن) بۆ سلێمانی ھەنگاوێكی زۆر باشە و، دەبێ ھەموو خەڵك پشتیوانی لێ بكات، لهبارهی سهردانهكهی (مالیكی)یشهوه گوتی، "(مالیكی) مووچەی خەڵكی بڕی و ھێزی دیجلە و 'حەشدیشەعبی'ـی بۆ دروست كردین؛ پێشیان گوتبام بۆ پێشوازی نەدەچووم؛ ڕەنگە بۆ بەھێزكردنی خۆیان ھاتبێ ئەگینا لەبەر چاوی كورد نەھاتووە".
(مستەفا چاوەڕەش) ئەندامی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، دەربارەی چوونی (فوئاد حوسێن) سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان بۆ لای یەكێتی و گۆڕان ڕایگەیاند: "ئەم ھاتنە ھەنگاوێكی زۆر باشە و، دەبێ ھەموو خەڵك پشتیوانی لێ بكات."
گوتیشی: "با واز بێنین و ئیتر لە تەلەفزیۆنەوە قسە بەیەكتر نەڵێین؛ (كاك مەسعوود) پێشنیازی كردووە ھەموو لایەنە سیاسییەكان كۆ ببنەوە، با ھەموو لایەكان لەوێ قسەی خۆیان بكەن."
سەبارەت بە چوونەکەی (نووری مالیكی) بۆ سلێمانی، (مستەفا چاوەڕەش) گوتی: "(مالیكی) مووچەی خەڵكی بڕی و ھێزی دیجلە و حەشدیشەعبیی بۆ دروست كردین، بۆیە پێشیان گوتبام بۆ پێشوازی نەدەچووم ڕەنگە بۆ بەھێزكردنی خۆیان ھاتبێ ئەگینا لەبەر چاوی كورد نەھاتووە؛ سەردانەكەی (مالیكی) بۆ سلێمانی دەماری گرتم، ساڵی 2008 لەگەڵ ژمارەیەك سەركردە و فەرماندەی پێشمەرگە سێ مانگ لە ناوچەی خانەقین پێشمان لە ھێزەكەی (نووری مالیكی) گرت كە دەیویست خانەقین بگرێت بە شەڕ لەوێ ماینەوە (مالیكی) ئەو پیاوەیە."
لەبارەی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی یەكێتی دەڵێ: "عێراق توانای نەماوە و ھیچی بۆ ئێمە نەكرد و ھیچی نەماوە تا ئێمە لەگەڵ عێراقدا بمێنینەوە، ھیچ شتیك نەماوە بە عێراقەوە بمانبەسێتەوە؛ ھیوادارم سەركردایەتیی كورد كۆ ببێتەوە؛ کاتی ئەوەیە كورد ڕیفراندۆم بۆ چارەنووسی خۆی بدات و ئێمە وەك یەكێتی لەگەڵ ڕیفراندۆمداین."
دەربارەی داواكارییەکەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان، (مستەفا چاوڕەش) گوتی: "ئێمە ئامادەین بۆ كۆبوونەوە، بەڵام نازانم ئەو سەركردایەتییە ھاوبەشەی یەكێتی و گۆڕان چ بڵێن؛ ھیواخوازین سەردانەكەی (كاك فوئاد حوسێن) ھەنگاوی دیكەی بە دواوە بێت."
باسی لەوەش كرد: "پێویستە بارودۆخی كوردستان ئاسایی بكرێتەوە و بە جیدی بیری لێ بكرێتەوە وڵاتان پشتیوانیمان لێ دەكەن، ھەر لەم دوێنێ لە كۆنگرەی دیموكراتەكانی ئەمریكا نوێنەرەكەیان ڕایگەیاند، پێویستە عێراق بكرێت بە سێ بەشەوە و، ئەگەر كورد ھەقی خۆی پێ نەدرێت ئیدارەی خۆی ھەیە و توانای خۆبەڕێوەبردنی ھەیە".
لە کوردستان 24ەوە




