كەركووكی: دوو لە تەقەكەرەكانی بارەگای پارتی لە كەركووك دەستگیر كران

كەركووك-KDP.info- گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك -گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، شەوی رابرد، جارێكی دیكە تەقە لە بارەگایەكی دیكەی پارتی لە كەركووك كرا و، دوو لە تەقەكەرەكان دەستگیر كراون و ئەوەی دیكەیش ڕوونە.
(عەدنان كەركووكی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "شەوی رابرد، سێ كەس لە ماوەی چارەكێكدا تەقەیان لە لیژنەی ناوچەی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لە گەڕەكی ئازادی لە كەركووك كردووە، دواتر هێزێكی هاوبەش لە ئاساییش و پۆلیس دوو لە تەقەكەرەكانیان دەستگیر كردووە و، باس لەوە دەكەن كە ئەوەی سێیەمیشیان ئاشكرایە".
(كەركووكی) گوتیشی: "لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە دەستی پێ كردووە ، چونكە ئەمە جاری یەكەم نییە و دووەم جارە تەقە لەو بارەگایە دەكرێت.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی كەركووك -گەرمیان دەشڵێت، تا لێكۆڵینەوە تەواو نەبێت، جارێ ناتوانین كەس تۆمەتبار بكەین، بۆیە پێویستە جارێ چاوەڕێ بكەین".
بڵند ئیبراهیم




