٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كوردستانیان: كۆتایی بە ماددەی (١٤٠) هاتووه‌‌.. پێشمەرگە جێیان ناهێڵێ

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- هاونیشتیمانیانی كوردستان بە گشتی، سەركۆنەی هەڕەشەكانی بەغدا دەكەن بە تایبەت بۆ سەر پێشمەرگەی كوردستان و دەڵێن، ئەو جێگایانەی بە خوێن سنووریان بۆ دیاری كراوە، كوردستانیین و پێشمەرگە جێیان ناهێڵێ و بۆ دەوڵەتی كوردی ئامادە دەكرێن.

ئەمە چەندین جارە حكوومەتی عێراق هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە دەكات و دەڵێن كە، گوایە پێشمەرگە ئەو ناوچانەی ئازادی كردوون جێیان بهێڵێ، پێوەست بەم پرسە، ڕۆژنامەنووس (ئاواز نهێلی) لە پارێزگای دهۆك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند: "گەر سەیری عێراق بكەین، دەبینین سێ هەرێمە و بە هیچ شێوەیەك عێراقێكی یەكگرتوو نەماوە و كۆمەڵگای نێودەوڵەتییش هەر وای دەبینێت كە عێراق پارچە پارچە بووە. بەغدا با باسی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان نەكات، با چارەیەك بۆ كێشە ناوخۆییەكانی خۆیان بدۆزێتەوە و، گوزەرانی ئاوارەكانیان  باش بكەن و پێداویستییەكانیان بۆ دابین بكەن، كێشەی تایفەگەری و دووبەرەكی چارە بكەن، داڵدەدانی ئاوارەكانیشیان هەرێمی كوردستان لە ئەستۆی گرتووە و یارمەتییان دەدەن، كەواتە بەغدا بە بێ پێشمەرگە و كوردستان هیچی پێ ناكرێت، ئەو ناوچانەی پێشمەرگە ئازادی كردوون و بە خوێن سنووریان دیاری كردووە، ئەمە كوردستانین و قسەی لەسەر نییە، بە ئاسانی دەست لە مافی خۆمان لەو ناوچانە بەرنادەین و، پێشمەرگەیش هێزێكی باوەڕپێكراوی جیهانە."

لە ڕانیەوە (كارزان فیدایی) قوتابیی زانكۆ گوتی: "یەكەم جار نییە بەغدا هەڕەشەی سیاسی و سەربازی لە هەرێم بكات، ئەم هەڕەشانە كۆتاییان نایە، هەڕەشەی بەغدا دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێسوودە، چونكە پێشمەرگە هەموو ئەو شوێنانەی سنووری ماددەی (١٤٠)ـی بە خوێنی سەدان پێشمەرگە ئازاد كردووە، هەرێمی كوردستان سنووری خۆی پاراستووە لەگەڵ عێراقدا، چونكە عێراق لە ساڵی (٢٠٠٣)ـوە یەكگرتوو نەماوە، بەڵكو پارچەپارچە بووە، هەرێمیش ئێستا هاوشێوەی وڵاتێكی سەربەخۆ مامەڵە دەكات، وڵاتانی جیهانیش هاوشێوەی وڵاتێكی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ (سەرۆك بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا دەكەن، بۆیە حكوومەتی هەرێم چیتر متمانەی بە كۆبوونەوە و رێككەوتن نەماوە لەگەڵ بەغدا، چونكە چەندین ڕێككەوتنمان لەگەڵ بەغدا هەیە، بەڵام  هیچیان جێبەجێ ناكەن،  با هەندێك لایەنی كوردی دڵیان بە رێككەوتن خۆش نەبێت لەگەڵ بەغدا، بۆیە گەرانەوە بۆ بەغدا خەنجەردانە لە سكی خۆمان."

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكانی وەزارەتی ڕۆشنبیری لە هەولێر (نامیق هەورامی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "عێراق وەك قەوارەی سیاسی و وەك دەوڵەتیش بونیادێكی شكستخواردووە، دەیەوێت لە ڕێگەی هەڕەشەوە بوونی خۆی نیشان بدات، بەڵام هەموومان دەزانین عێراق و حكوومەتی عێراقیش تەنیا بەناو هەن، لە كۆی پانزە پارێزگا تەنیا ناوچەی سەوز پارێزراو بوو، سەدرییەكان شكۆی ئەوێیشیان شكاند، ئیدی لە كام سۆنگەی هێزەوە هەڕەشە دەكەن؟ لە (مووسڵ) بینیمان لە چاوتروكانێكدا چۆن سوپا هەرەسی هێنا و لەبەر یەك هەڵوەشا، حكوومەتێك زۆرینەی خاكەكەی بۆ نەپارێزرێت، بە چی هەڕەشە دەكات؟ لە هەڕەشەكانی ئەوان ناخۆشتر ئەو دۆست و دڵدارییەیە كە هەندێ حزبی باشووری كوردستان دەیكەین، ئاخر پرسیار ئەوەیە ئایا دەكرێ لە سەروبەندی ریفراندۆم و باسی دەوڵەتی سەربەخۆدا پشتی نەیارانی كورد بگرن؟ عێراقێك هەر گەڕەك و شارێكی بەدەست دەستە و تاقمێكەوەیە، نازانم ئەو لایەنانەی لای خۆمان دڵیان بە كوێی عێراق خۆشە، بۆ دەبێت لە بەرانبەر هەندێ ئیمتیازاتی حزبی و پەردەپۆشیی شكستەكانیان ئەم كارە بكەن، ئەوەی بەرچاوە ئەو لایەنانە لەودیو سنوورەوە دەجوڵێنرێن بە دوو ئامانج، یەكەم دژایەتیی هەوڵەكانی سەربەخۆیی و دووەمیش هەوڵدان بۆ بەهێزكردنی عێراقێكی شیعی. هاتنی (مالیكی)ـیش بۆ سلێمانی ئەم راستییەی سەلماند، ئێستا دەرەنجامەكانی ماون كە دەركەون، ئەویش كودەتایە لە دژی (عەبادی) و گەڕانەوەی (مالیكی)ـیە بۆ دەسەڵات، كە هەنگاوی یەكەمی پاكتاوی نەیارەكانی دەبێت، بە هەرحاڵ عێراق ناتوانێ هەڕەشە لە كورد بكات، كاتێك دەتوانێ ئەوە بكات پشتیوانی ناوخۆیی لە هەرێمدا هەبێت."

(هیوا قادر)ـی بازرگان لە هەولێر، دەڵێ: "لە زووەوە عێراق نەوەستاوە لە هەڕەشە بۆ سەر كورد و هەرێمی كوردستان، ئەوكات قۆناغێك بوو، ئێستا قۆناغەكە جیاوازە ئێستا كوردستان خاوەنێكی بەهێز و مەزنی هەیە، هیچ شتێكیش نەماوە بە ناوی عێراقی یەكگرتوو، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ دوو تا سێ ساڵ لەمەوبەر، دەبینین داعش چی لە عێراق كرد، شاری مووسڵ و تكریت و ڕەمادیی داگیر كرد، بەڵام بچووكترین شارۆچكەی هەرێمی كوردستانی داگیر كرد كە ناحیەی گوێڕ بوو زیاتر لە (٢٠) گەورەترین دەوڵەتانی جیهان هاتنە سەر هێڵ و گوتیان هەولێر هێڵی سوورە، ئەمەیش مانای ئەوەیە كە خاوەنی كوردستان، خاوەنێكی دڵسۆز و گەورەیە و، ئەم هەڕەشەیەی ئێستای عێراق هیچ سەنگێكی نییە، هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كوردستانییەكان پاشەكشە ناكات هەرگیز، پێشمەرگە ئەم ناوچانەی ئامادە كردوووە بۆ سەربەخۆیی كوردستان."

(محەممەد عەبدوڵڵا)چاودێری سیاسی لە شاری كەركووك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمە یەكەم جار نییە حكوومەتی بەغدا هەڕەشە لە هەرێمی كوردستان دەكات و بە تایبەتیش هێرش دەكاتە سەر پێشمەرگە، حكوومەتی بەغدا لە بڵاوكراوەیەكیدا باس لەوە دەكات كـە دەبێت هێزی پێشمەرگە لە ناوچە كێشەلەسەرەكان بكشێتەوە، تەنیا دەمەوێت قسەكانی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێنمەوە بیریان كــە لە میانی سەردانیكردنی بۆ پارێزگای كەركووك ڕایگەیاند، كەركووك و ناوچەكانی تری دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بەشێكی دانەبڕاوی هەرێمی كوردستانن و هێزی پێشمەرگەیش بەهیچ شێوەیەك جارێكی دیكە ناكشێتەوە لەو ناوچە كێشەلەسەرانە. بۆیە ڕۆییشتنی هێزی پێشمەرگە و جێگركردنیان لەو ناوچانە بە تەواوەتی كۆتایی هێنا بە جێبەجێكردنی ماددەی (١٤٠) لە دەستووری عێراقدا و، بە پڕاكتیكی ئەو ناوچە كێشەلەسەرانە گەڕێندرانەوە سەر هەرێمی كوردستان. مەحاڵە جارێكی تریش هێزی پێشمەرگە بكشێتەوە، لە دوای ئەوەی هێزی عێراقی نەیتوانی بەرگری لەو ناوچانە بكات و، هەرچی چەك و تەقەمەنی و جبەخانە هەیە ڕادەستی داعشیان كرد، بۆیە ئەم بڵاوكراوانە هیچ كاریگەرییەكیان نابێ لەسەر بڕیاری جەنابی (سەرۆك بارزانی) دەربارەی ئەو ناوچانە".

ئەو چاودێرە سیاسییە گوتیشی: "ئێستا شتێك نییە بە ناوی عێراقێكی یەكپارچە وە و، بە ڕاستی ئەوەی جێی داخە تازە بە تازە هەندێك لایەنی سیاسی كوردی دەیانەوێت ڕێككەوتن لەگەڵ بەغدا و (مالیكی) بكەن، ئەمە لە كاتێكدا كـە (مالیكی)) دوژمنی سەرسەختی كوردە، هەر جەنابی بوو بووە هۆی بڕینی بودجەی كوردستان و قوتی خەڵك، من پێم سەیرە ئەو لایەنانە بانگهێشتی (مالیكی) دەكەن بۆ سلێمانی و پێشوازی لێ دەكەن، هەر (مالیكی) بوو دەیگوت (خوێن بە خوێن)، لە ڕاستیدا هاتنەكەی (مالیكی) تەنیا بۆ زیاتر تۆخكردنەوە و جیاكردنەوەی سلێمانی بووە لە هەرێمی كوردستان و پابەندبوونەوە بە یەكپارچەیی عێراق و دژایەتیی (بارزانی) و پڕۆژەكەی، كـە خەونی هەموو كوردە، ئەویش دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانه‌."

 

فایزە كۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار