تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق دەستی پێ كرد

بەغدا-KDP.info- تۆماركردنی قەوارە سیاسییەكان بە مەستی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق دەستی پێ كردووە و، دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستانیش داوای خۆتۆماركردن لە قەوارەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.
(زانا عوسمان)، بەرپرسی راگەیاندنی دەستەی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "یاسایەكی نوێ بۆ حزبەكان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دەرچووە، بە مەبەستی بەشداریكردنی قەوارە سیاسییەكان لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و لە ئێستادا تۆماركردن دەستی پێ كردووە و، هەر قەوارەیەكی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دەتوانێ خۆی تۆماربكات، لە ناوچەكانی دیكەی عێراقیش چەندین قەوارە خۆیان تۆمار كردووە".
(عوسمان)گوتیشی: "پڕۆسەی بایۆمەتری بەردەوامی هەیە و پێویستە هەموو هاووڵاتییەكی سەرووی هەژدە ساڵ خۆیان تۆمار بكەن، پڕۆسەكە بۆ هێزە تایبەتەكانیش دەستی پێ كردووە، لەبەر ئەوەی پڕۆسەیەكی بەردەوامە و ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتییش سەردانی بنكەكانی تۆماركردنیان كردووە".
قائید میرۆ




