هەزار و 500 خێزانی ئاوارەی ئەنبار لە سۆرانەوە گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان

سۆران-KDP.info- دوای داگیركردنی ناوچەكانیان لەلایەن تیرۆریستیانی داعشەوە، ژمارەیەكی زۆر خێزانی عەرەب ئاوارەی شارۆچكەی سۆرانی سەر بە پارێزگای هەولێر بوونە و، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەرانی سۆرانیش دەڵێ، ژمارەیەك ئاوارە گەڕاونەتەوە پارێزگای ئەنبار.
(عەباس ئەمیر)، بەڕێوەبەری كۆچ و كۆچبەران لە شارۆچكەی سۆران، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە سەرەتای شەڕی تیرۆریستانی داعشەوە، 4500 خێزانی ئاوارە روویان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ و كۆچبەرانی سۆران كردووە و، زۆربەیان عەرەبن و خەڵكی پارێزگای ئەنبار و نەینەوان، لەناو ئاوارەكاندا مەسیحی و كوردی ئێزدییش هەن و لە ژمارەیەك كەمپ نیشتەجێ كراون".
(عەباس) گوتیشی: "دوای ئازادكردنەوەی ناوچەكانیان، 1500 خێزانی ئاوارەی عەرەبی پارێزگای ئەنبار گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان، بەڵام ئاوارەكانی مووسڵ و شوێنەكانی تر هەر لەم سنوورە ماون، جگە لەو ژمارەیە، نزیكەی 400 خێزانی ئاوارە لە سنووری شارۆچكەی سۆران هەن و لەبەر ئەوەی خێزانە بەناووبانگ و دەوڵەمەندەكانی عێراقن، ناویان لە بەڕێوەبەرایەتیی كۆچ تۆمار نەكردووە".
قائید میرۆ




