"رێككەوتنی مالیكی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان سەركەوتوو نابێت.. شەقام دژیەتی"

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، رێككەوتنی (نووری مالكی) لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان سەركەوتوو نابێت، لەبەر ئەوەی (مالیكی) هۆكاری بڕینی قوتی خەڵكە و شەقامیش دژیەتی.
(بەنگین مزووری)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێككەوتنی نێوان حیزبی دەعوە و یەكێتی و گۆڕان، بۆ ئەوەیە ناوماڵی كوردی وێران بكرێت و ئەو ستراتیژییەی (سەرۆك بارزانی) بۆی دەچێت بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، رێگری لێ بكەن و ریفراندۆم بۆ ئەو مەبەستە نەكرێت، ئەمەیە هۆكاری ئەو رێككەوتنەیە، ئەگەرنا (نووری مالیكی) ئێستا هیچ پۆستێكی نییە و نەهاتووە وەكو سەرۆكوەزیران، بەڵكە وەكو سەرۆكی حیزبی دەعوە هاتووە و هیچی لە دەست نییە، پێشتریش كە دەهات بە ناوی ئەوەی سەردانی سەرۆككۆمار دەكات، بەڵام ئێستا (فوئاد مەعسووم) سەرۆككۆمارە و لە بەغدایە، بۆیە ئەمە تەنها بۆ ئەوەیە درز بخەنە نێوماڵی كوردییەوە".
(مزووری) گوتیشی: "مەبەستیكی دیكەی ئەوریككەوتنە ئەوەیە كە، دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانی پێ بكەن".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەشڵێت، ئەوان لەو هەوڵەیان سەركەوتوو نابن، لەبەر ئەوەی (مالیكی) هۆكاری بڕینی قوتی خەڵكە و رێگەی نەداوە ماددەی ١٤٠جێبەجێ بكرێت، بۆیە شەقام دژیەتی و شكست دەهێنن.
بڵند ئیبراهیم




