٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: مەرجمان بۆ عەبادی، پاراستنی دەشتی نەینەوایە لەلایەن پێشمەرگەوە

سەرچاوە: KDP.info

مووسڵ-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەیێنێت، بۆ ئازادكردنەوەی شارەكەیان داواكاری ئاراستەی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكەن و، مەرجیشیان بۆ ئازادكردنەوەی شارەكە هەیە.

(غەزوان داوودی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیارە لە چەند ڕۆژی دابێ، ستافی پارێزگای مووسڵ سەردانی (حەیدەر عەبادی) سەرۆكوەزیرانی عێراق بكەین و، یەكێك لە داواكارییەكانمان ئەوەیە بە شێوەیەكی خێرا كار بۆ ئازادكردنەوەی شارەكە بكەن و هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش پارێزگای لەو ناوچانە بكات كە داوا كراوە، بە تایبەتی دەشتی نەینەوا".

(داوودی) گوتیشی: "ئەو شوێنانەی پێشمەرگە دەیانپارێزێت، پێویست ناكات میلیشیا و حەشدی شەعبی تێدا بێت یان بەشداری پێ بكرێت، چونكە ئەوە داواكاریی خەڵكە و ئەوی دیكە كە دەمێنێتەوە، پەیوەندی بە ناوشاری مووسڵەوە هەیە و ئەوە زۆر پەیوەندی بە ئێمەوە نییە و خۆیان لایەنە عەرەبییەكانی ناو مووسڵ و حكوومەتی عێراق دەتوانن رێك بكەون، بەڵام دەبێت دەشتی نەینەوا گەرەنتی بێت و دەستدرێژی نەكرێتە سەر كە ئەمە تەنیا بە هێزی پێشمەرگە دەكرێت".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای مووسڵ دەشڵێت: "یەكێكی دیكە لە داواكارییەكانمان، هاوكاریكردنی ئاوارەكانی شاری مووسڵ دەبێت، خۆ ناكرێت حكوومەتی عێراق پاڵ بداتەوە و پێی وابێت هەرێمی كوردستان دەبێت پێداویستی بۆ ئاوارەكان دابین بكات، لە كاتێكدا بەشێكی زۆری ئاوارەكان مافەكانیان لای بەغدایە و دەبێت ئەوان لەو بارەوە بێنە سەر خەت، چونكە پێشبینی دەكرێت ژمارەی ئاوارەكان بۆ كوردستان زۆر ببێت لە كاتی نزیكبوونەوەی پرۆسەی ئازادكردنەوەی مووسڵ".

ئەوەیشی خستە روو كە، ناكرێت لە ئازادكردنەوەی شارەكەدا خەڵكی سڤیل ببنە قوربانی، وەك لە ناوچەكانی دیكەی عێراقدا بینراوە.

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار