لە باشیك خەڵكێكی زۆر خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە دەكەن

باشیك-KDP.info- بەرپرسی میحوەری باشیك رایگەیاند، رۆژانە خەڵكێكی زۆر لە ژێر دەستی داعش هەڵدێن و بۆ سنوورەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دێن، لە ماوەیەكی نزیكیشدا داعش تووشی شكستێكی دیكە دەبێت و ئەو ئومێدەی هەیانبوو بە تەواوەتی لەناو دەچێت.
(حەمید ئەفەندی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هێزی پێشمەرگە زۆر لە هاتن و پێشوازییەكەی ناڕازین، چونكە هەر (نووری مالیكی) بوو قوتی خەڵك و بوودجەی پێشمەرگەی بڕی، بۆیە نەك نەدەبوو بەو شێوەیە پێشوازی لێ بكرێت، بەڵكو دەبووایە هەر دەرفەتیان نەدابایە بێتە ناو خاكی هەرێمی كوردستانەوە".
بەرپرسی میحوەری باشیك ئەوەیشی گوت: "ڕەوشی پێشمەرگە زۆر باشە و لەوپەڕی ئامادەباشیداین بۆ هەر شتێك كە فەرمان بە ئێمە بكرێت، جموجۆڵی داعیشیش وەك پێویست نییە و ناتوانن یەك بست بێنە پێشەوە، لە ماوەیەكی نزیكیشدا تووشی شكستێكی دیكە دەبن و ئەو ئۆمێدەی هەیانبوو لەناو دەچێت"، بەڵام ئەو نەیشاردەوە کە، پێشمەرگە (نووری مالیكی) بە دۆستی كورد نازانن و پێیان وایە دوژمنی كوردە، لەسەر ئەو باوەڕەشن کە چوونەکەیشی بۆ سلێمانی بۆ ئەوە بووە كە دووبەرەكی بخاتە ناو لایەنە سیاسییەكانەوە و هەموو لایەنەكانیش دەزانن مەبەستی ئەو چی بووە لە سەردانیدا بۆ سلێمانی.
لەبارەی ئەو میحوەرەیش کە سەرپەرشتیی دەکات، (ئەفەندی) گوتی: "رۆژانە خەڵكێكی زۆر لەژێر دەستی داعش هەڵدێن و بەرەو ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە دێن، ئەمەیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئۆمێدیان بە داعش نەماوە".
ڕابین شێروانی




