وەزارەتی شارەوانی ئاوی بۆ شارە 170هەزار كەسییەکەی هەڵەبجە دابین کرد

هەولێر -KDP.info- لەماوەی رابردوو (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە دانا؛ وا ئێستا کارەکە گەیشتنە ئەنجام.
بە ئامادەبوونی (نەورۆز مەولوود) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و نوێنەری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان و، باڵیۆزی ژاپۆن و نوێنەری باڵیۆزی كۆریای باشوور و وەزیری شەهیدان و پارێزگار و قایمقامی هەڵەبجە، قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجەی شەهید و سەیدسادق و سیروان كەوتە كار.
ئەو پڕۆژەیە 50هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ شارە 170هەزار كەسییەکەی هەڵەبجە دابین دەکا و، تا ساڵی 2020 هیچ کێشەی ئاویان نابێ؛ وایش دروست کراوە، گەر پێویست بکا وای لێ دەکرێ ڕۆژێ 100هەزار مەتر سێجا ئاوی لێ دابین بکرێ و، بەو چەشنە هەتا ساڵی ٢٠٣٢ هیچ کێشەیەکیان نابێت؛ پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە ٢٠٠ کیلۆمەتر تۆڕاو و، ٤٢ کیلۆمەتر لوولە و، تانكی و هەماراوی كۆنكرێتیش دەگرێتە خۆ.
(نەورۆز مەولود) وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دەرگاژەنانەی كردنەوەی پڕۆژەكەدا، ڕایگەیاند: "هەر لە چوارچێوەی ئەو پڕۆژەیەدا ٢٢٠ کیلۆمەتر کۆنەتۆڕاوی چەند گەڕەكێكی شاری سلێمانییشمان گۆڕیوە."
وەزیری شارەوانی گوتیشی: "چەند شوێنێکی دیکەیش کێشەی کەمئاوییان هەبوو وەکو هەڵەبجە، بەڵام (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئەوكاتە شاری هەڵەبجە و دەڤەری شارەزووری بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە هەڵبژارد؛ دیارییەکی بچووکە بۆ خەڵكەكەی وەفادار و خەباتگێڕ و، خاوەن قوربانییەكەیان."
وەزیری شارەوانی گوتیشی: "سەرەڕای قەیرانی دارایی، وەزارەتی شارەوانی لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نەوەستاوە و ڕێگای نوێی بۆ داهاتپەیداکردن گرتووەتە بەر و، بەشێكیشی بۆ شارەوانییەكان تەرخان کردووە و، بەو شێوەیە فریای هەندێ پرۆژە کەوتووە."
جێی باسە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجکردنی پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە، بڕی ١٧٥ملیۆنو٣٢١هەزار دۆلاری لە حكوومەتی ژاپۆن و ڕێكخراوە ژاپۆنییەکەی جایكا قەرز کردووە و، بەسەر خۆی دەیداتەوە."
كارزان حەیدەر




