٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمەرگە، هەڵەیان بەرانبەر كوردستان، پێشمەرگە و شەهیدان كرد.. لەگەڵ مالیكی كۆ بوونەوە

سەرچاوە: KDP.info

سه‌نگه‌ره‌كانى به‌رگرى-KDP.info- سەردانەكەی (نووری مالیكی) بۆ سلێمانی، هێزی پێشمەرگەی كوردستانی نیگەران كردووە و، پێیان وایە (مالیكی) سەرچاوەی بڕینی بوودجە و مووچەی هەرێم و دروستبوونی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و، نەهاتنی بوودجەی پێشمەرگەیە، بۆیە نەدەبوو پێ بنێتە ناو خاكی كوردستان.

موقەدەم (رەشید موئەیەد)، فەرماندەی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پاش ئەوەی لە ساڵی 2014 حكوومەتی عێراق بە سەرۆكایەتیی (نووری مالیكی) بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕی، هەرێمی كوردستان كەوتووەتە قەیرانی داراییەوە، ئەو قەیرانەیش كاریگەری لەسەر دانیشتووانی كوردستان دروست كردووە، لەگەڵ ئەوەی ئێمەیان وەك هێزی پێشمەرگە بێبەش كردووە لە چەك و بوودجە، كەچی ئەو كەسە دێتە سلێمانی بە جوانترین شێوە پێشوازی لێ دەكرێت، ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە دڵگرانین بە هاتنی، چونكە هۆكاری سەرەكیی بڕینی قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە بووە".

هاوكات موقەدەم (جادر شاكر) فەرماندەی پێشمەرگە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "هەر (مالیكی) بوو هێزی دیجلەی ناردە سەر كەركووك و زوممار و دەیویست شەڕی هێزی پێشمەرگە بكات، لەگەڵ ئەوەی قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕی، بۆیە لە سەردەمی ئەو پیاوەدا زۆربەی زۆری كێشە گەورەكانی عێراق روویان داوە، هەتا هاتنی داعش لە ئەستۆی ئەو پیاوە بوو، ئێستایش هاتووەتە سلێمانی و ئەوانەی خۆیان بە كورد دەزانن پێشوازی لێ دەكەن، نەدەبوو نەك پێشوازی لێ بكەن، بەڵكو دەبووایە بەردباران كرابایە و چۆن هاتووە، بەو شێوەیە گەڕابایەوە".

(شاكر) گوتیشی: "باشتر وایە لایەنەكان وەك هێزی پێشمەرگە یەكگرتوو بن و كار بۆ بەهێزكردنی كوردستان بكەن و كار بۆ ئەو ئامانجە بكەن كە ڕۆژانە هێزەكانی پێشمەرگە خوێنی لە پێناو دەڕێژن، بۆیە داوایان لێ دەكەین هەرچی زووە لە دەوری (سەرۆك بارزانی) كۆ ببنەوە و  كار بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بكەن".

رائید (نەوجەت قوباد) بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "(نووری مالیكی) بۆ چارەكردنی كێشەكان نەهاتبوو، بەڵكو بۆ ئەوە هاتبوو كە لایەنە سیاسییەكان دوور بخاتەوە و كێشەكان قوڵتر بكات، ئەو لایەنانەی لەگەڵ (مالیكی) كۆ بوونەوە، هەڵەیەكی زۆر گەورەیان بەرانبەر بە كوردستان و پێشمەرگە و خوێنی شەهیدان كرد".

لە لایەكی دیكەوە، نەقیب (جەمال خورشید) لە میحوەری ناوەران، بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "(مالیكی) كەسی یەكەم بوو كە بوودجە و مووچەی هەرێمی كوردستانی بڕی، بۆیە پێویست بوو دانیشتووانی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی و دانیشتووانی پارێزگای سلێمانی بە تایبەتی لە دژی هاتنەكەی خۆپیشاندانیان كردبایە، ئێستا باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكرێت و خەریكە كورد لەسەر دەستی (سەرۆك بارزانی) دەبێتە دەوڵەت، بۆیە پێویستمان بەوە هەیە یەكڕیزی خۆمان بپارێزین، نەك كەسێك میوانداری بكەین كە ئامادە نییە ناوی پێشمەرگە بهێنێت و ددان بە سەربەخۆیی كوردستاندا بنێت".

ئەوەیشی گوت: "خەبات و قوربانیدانی ئێمە بۆ ئەوەیە كە لە ژێر زوڵم و ستەمی بەغدا دەرباز بین، هەنگاوەكانی (سەرۆك بارزانی)ش بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردستانه‌ ".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار