٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پرۆسەی تۆماركردنی بایۆمەتری لە شارۆچكەكانیش دەستی پێ كرد

سەرچاوە: KDP.info

دهۆك-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای دهۆك رایدەگەیێنێت، پرۆسەی بایۆمەتری لە شارۆچكەكانیش دەستی پێ كردووە و تیمی گەڕۆكیش دانراوە بۆ ئەو شوێنانەی پێویستن، تا ئێستایش 10 لە سەدی هاووڵاتیانی شاری دهۆك ناوی خۆیان تۆمار كردووە.

(یووسف سەلمان بەرواری)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕایگەیاند‌: "لە سنووری شاری دهۆك 14 بنكەمان هەیە كە جێگیرن بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی بایۆمەتری بە شارۆچكەكانیشەوە كە ئێستا پرۆسەكەیان لێ بەڕێوە دەچێت، هەروەها تیمی گەڕۆكیشمان هەیە بۆ ئەو شوێنانەی كە پێویست بن بۆی بچین".

(بەرواری) ئاماژەیشی دا: "تۆماری دەنگدان مافی هاووڵاتیانە و داوا دەكەین هاووڵاتی ئەو مافەی بە دەست بێنێ، چونكە ئەم تۆمارە رێگای یەكەمە بۆ گەرەنتیكردنی دەنگی هاووڵاتی، بۆیە داوا دەكەین سەردانی بنكەكانمان بكەن كە چوار بەڵگەنامە پێویستە هاووڵاتیان بۆ تۆماری بایۆمەتری لەگەڵ خۆیانی بێنن، لەوانە: (ناسنامەی باری شارستانی، پسوولەی خۆراك، كارتی دەنگدەر كە لە هەڵبژاردنی پێشوو دەنگدەر دەنگی پێ داوە لەگەڵ ڕەگەزنامەی عێراقی)".

بەڕێوەبەری گشتیی ئۆفیسی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای دهۆك زیاتر گوتیشی: "تا ئێستا زیاتر لە 10 لە سەدی خەڵك لە سنووری پارێزگای دهۆك خۆیان تۆمار كردووە و، پێویستمان بە هاوكاریی هەموو لایەكە بۆ سەرخستنی پرۆسەكە، بۆ ئەم مەبەستەیش هەنگاوێكمان ناوە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی دهۆك كە بۆ خزمەتی هاووڵاتیانە، شوفێرانیش‌ بەر لە دەستپێكردن بە بەڕێوەبردنی كارەكانی، لەو بەڕێوەبەرایەتییە ناوی خۆی تۆمار دەكات ئینجا دەست دەكات بە كاروبارەكانی، بۆیە لەوانەیە لە داهاتوودا هەنگاوی لەم شێوەیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی تریش بنێین".

نەشوان بەرزنجی
 

هەواڵی پەیوەندیدار