پارێزگاری ھەڵەبجە، چالاکوانان بە منداڵ ناو دەبات

ھەڵەبجە-KDP.info- پارێزگاری ھەڵەبجە بەرگرتن بە سەردانەکەی (مالیکی) پاساو دەدات و، چالاکوانە ناڕازاییەکانیش بە منداڵ ناو دەبات. بەرپرسێکی ئەو پارێزگایەش دەڵێت، چالاکوانە دەستگیرکراوەکان خاوەن هەڵوێستن و پارێزگاریش باش دەیانناسێت.
پارێزگاری ھەڵەبجە (عەبدوڵڵا نەورۆڵی)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو (نووری مالیکی) سەرۆکوەزیری پێشووی عێراق سەردانی پارێزگای ھەڵەبجە بکات، بەڵام سەردانەکەی نەکرد، هۆکارەکەیشی بەگوێرەی زانیارییەکانمان ئەوەیە کە باری تەندروستیی ناجێگیر بووە (نەخۆشی گەدەی ھەیە)، بۆیە نەیتوانی سەردانەکە بکات."
(نەورۆڵی) جەخت دەکاتەوە کە، "یەک کەس ناڕازی نەبووە لەو سەردانە، دووسێ منداڵ ویستوویانە ناڕازیی دەرببڕن، هەڵبەتە ھیچ کەسێکی دیکە نەھاتووە باس لەوە بکات کە بە سەردانی (مالیکی) ناڕازییە."
لە بەرانبەردا کارگێڕی لقی١٢ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە(بەختیار سدیق)، دەڵێ، "ئەوانەی پارێزگار پێیان دەڵێت منداڵ، دوێنێ کۆمەکیان بۆ ئاوارەکان کۆ کردووەتەوە و، لە پرسی سەربەخۆییدا ھەڵوێستیان ھەبووە، هەر ئەوان بوون دەنگیان بۆ کۆبانێ بەرز کردەوە، ھەر ئەوانەنن خوێن دەخشن و ژینگەپارێزن و پارێزگاریش باش دەیانناسێت."
دەربارەی بەمنداڵ ناوبردنی چالاکوانانی ئەو سنوورە، (بەختیار سدیق)، پارێزگار دەخاتە بەردەم بەرپرسارەتیی یاسایی و دەڵێ، "گەر ئەمانە منداڵ بن، ناکرێت دەستگیر بکرێن و پێویستە پارێزگار ھەست بە بەرپرسیارەتی بکات."
(سدیق) لە لێدوانیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وەڵامی پاساو هێنانەوەکەی پارێزگاردا لەهەمبەر هەڵوەشانەوەی سەردانەکەی (نووری مالیکی) بۆ هەڵەبجە، دەڵی، "بڕوا ناکەم لەبەر تێکچوونی (مەعیددە) سەردانەکە ھەڵوەشابێتەوە، چونکە لە سلێمانی تا ھەڵەبجە رێکاری ئەمنی توند گیرابووە بەر."
بڕیار بوو، پاش دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و گۆڕاندا، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق(نووری مالیکی)، سەردانی هەڵەبجە بکات، بەڵام بە هۆی ناڕەزایەتیی چەندان چالاکوانی سنوورەکەوە، سەردانەکەی هەڵوەشێندرایەوە.
چالاکوانان بۆیە ڕێگرییان لەو سەردانە کرد، چونکە (مالیکی)ـیان بە سەرچاوە و بڕیاردەری بڕینی مووچەی فەرمانبەران و قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەزانی؛ ئەوان بیر خەڵکی کوردستانیان هێنایەوە کە، لە سەردەمی حوکمڕانیی (مالیکی)دا بوو هێز هێنرایە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە و هەڕەشەی داگیرکاری دەکرد.
بڵند ئیبراھیم




