هەڵەبجە دەستی نا بە ڕووی مالیکییەوە و دەروازەی شاریان لێ داخست

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە دەڵێت، خەڵکی ھەڵەبجە ڕێگەیان نەدا نووری مالیکی سەردانی شارەکەیان بکات؛ ئەوە بوو دەروازەی شاریان لێی گرت و، ناچاریان کرد بە کوێدا هاتبوو، بچێتەوە.
(فازڵ بەشارەتی) بەرپرسی لقی هەڵەبجە (١٢)ـی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دوای بەڵاوبوونەوەی دەنگۆی ھاتنی نووری مالیکی بۆ ھەڵەبجە، خەڵک هاتنە دەنگ و، ئەم بەیانیە خەڵکێکی زۆر چوونە دەروازەی شار، ڕێی لێ بگرن و، تا شکستیان بە سەردانی مالیکی بۆ هەڵەبجە هێنا."
(فازڵ بەشارەتی) گوتیشی، ناهەقی خەڵک ناگرم؛ ئەو کابرا قووتی خەڵکی کوردستانی بڕیوە، ئیتر چۆن شوورەیی ناکات لە خۆی و، دێت بۆ کوردستان و هەڵەبجە!
(بەشارەتی) ڕوونیشی کردەوە، بریا خەڵکی سلێمانییش وەکو خەڵکی ھەڵەبجەیان کردبا و، نەیانهێشتبا ئەو ئاوانبارە بچێتە شارەکەیانەوە.
بەشارەتی گۆتی" بە تۆمەتی ئەنجامدانی خۆپیشاندان دژی نووری ماڵكی، هێزە ئەمنیەكان ژمارەیەك خەڵكی دەستگیركردووە، ئێمە پەیوەندیمان بە بەڕێوەبەری ئاسایشی هەڵەبجە و دەزگا ئەمنیەكانەوە كردووە و پێان راگەیاندووین ئازادكراون، بەڕاستی نەدەبوو ئاسایش ئەو خەڵكەی ئێمە دەستگیربكات، لەبەرئەوەی دژی هیچ لایەنێك خۆپیشاندان ناكەن، بەڵكۆ دژی نووری ماڵكیە.
بڵند ئیبراھیم-قائید میرۆ




