نێچیرڤان بارزانی: تێکۆشانی قوتابیان کەمتر نییە لە هیی پێشمەرگە

هەولێر-KDP.info- لە ڕێوڕەسمی خەڵاتکردنی قوتابییە یەکەمەکانی سەرئاستی کوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ لە هەرێمدا کە نەوەیەکی وا فێر دەبێ ئازارەکانی گەلەکەی چییە و هەوڵ دەددا بە زانستەکەی بۆ وڵاتەکەی تێدەکۆشێ، کەمتر نییە لەو تێکۆشانەی پێشمەرگە کە ١١٠٠کم سنووری کوردستان دەپارێزێ.
لەو بۆنەیەدا کە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە هەولێر ساز درا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی ئاراستەی قوتابییە سەرکەوتووەکان کرد.
(نێچیرڤان بارزانی) لەو بۆنەیەدا وتارێکی دا و ڕایگەیاند، کاتێک ئەم سەرکەوتووە خۆشەویستانە بە کوردی و ئینگلیزی قسەیان دەکرد، دڵخۆش بووم، ئەوان زۆر بە دیققەتەوە باسی خۆشەویستیی وڵات و پێشمەرگەیان دەکرد، ئەو پێشمەرگانەی کە بە خوێنی خۆیان سنوورەکانی کوردستان دەپارێزن، دەزگا ئەمنییەکان هەروا، کە ئامانجی ئەوان سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستانە و سەری ڕێزی نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین.
سەرۆکوەزیران هەروەها گوتی، ئەمڕۆ لە هەرێمدا کە نەوەیەکی وا فێر دەبێ ئازارەکانی گەلەکەی چییە و هەوڵ دەددا بە زانستەکەی بۆ وڵاتەکەی تێدەکۆشێ، کەمتر نییە لەو تێکۆشانەی پێشمەرگە کە ١١٠٠کم سنووری کوردستان دەپارێزێ.
(نێچیرڤان بارزانی) جەختی کردەوە، کە بمانەوێ کوردستان پێشکەوێ و بئگەینینە ڕێزی وڵاتانی دنیا، کلیلەکەی دروستکردنی باڵاخانە و هۆڵێک نییە، بەڵکە پێشخستنی بواری پەرەوەردەیە، کە سیستمێکی باشمان هەبێ، پاشەڕۆژی وڵاتەکەیشمان گەشاوە دەبێ.
دووپاتی کردەوە کە، ئێمە قوتابی و گەنج و لاوی وامان هەبن، بە دڵنیاییەوە وڵاتەکەمان پێش دەکەوێ و زۆر پێیان دڵخۆشم. ئەمان کە دەرفەتیان هەبێ دەتوانن کاری گەورە لەم وڵاتەدا بكەن، بەو هیوایەی بتوانین وێکڕا وڵات پێش بخەین بیگەینین بە کەناری ئارامی.




