"ڕێككەوتنی سەربازیی هەرێم و ئەمەریكا، پێویستە وەك دەستكەوتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی بقۆزرێتەوە"

هەولێر-KDP.info- ئەندامی لیژنەی یاساییی خولی پێشووی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی، دەڵێ، رێككەوتنی سەربازیی هەرێم و ئەمەریكا، مانای تایبەتی خۆی هەیە، گەورەترین وڵاتی دنیا بە بێ گەڕانەوە بۆ عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكات، لەوانەیە ئەمەریكا بەو یارمەتیدانەی پێشمەرگە لە ڕووی سەربازییەوە، بیەوێت هاوكاریی هەرێم بكات بە شێوەی هەمیشەیی.
(ئەحمد وەرتێ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "هەرێمی كوردستان شایانی زیاتر لەوەیش بوو، شایانی ئەوەیە كە ڕێككەوتنی سیاسی لە گەڵ واژۆ بكرێت كە هێما بێت بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو ستەمەی لە رابردوودا لێی كراوە، نەك تەنیا رێككەوتنی سەربازی، ئەگەرچی رێككەوتنی سەربازییش مانا و مەدلولی تایبەتی خۆی هەیە، كە گەورەترین وڵاتی دنیا بە بێ گەڕانەوە بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات. لەوانەیە ئەمەریكا بەو یارمەتیدانەی پێشمەرگە لە رووی دارایی و سەربازییەوە، بیەوێت هاوكاریی هەرێم بكات لە سوككردنی باری قورسی سەرشانی لەو قەیرانە داراییەی تێی كەوتووە، بەڵام ئامانجی ئەمەریكا زیاتر سەربازییە لە سەروبەندی شەڕی مووسڵ كە ماوەیەكە ئامادەباشی بۆ دەكرێت، واتا ئەمەیش بە ڕای من لە چوارچێوەی ئەو ئامادەكارییەدایە."
(وەرتێ) گوتیشی: "لە هەموو حاڵەتەكاندا ئەم هەنگاوە خاڵێكی گرینگ و مێژووییە و پێویستە وەك دەستكەوتێكی نەتەوەیی و نیشتیمانی بقۆزرێتەوە و چاوی لێ بكرێت، یەكگرتوویی هەڵوێستی كورد لە ناوخۆدا دەبێتە زامنی سەركەوتنی هەوڵەكانی سەركردایەتیی كورد بۆ بەهێزكردنی پێگەی كورد و هەرێمی كوردستان و هەڵكشانی دۆزەكەی بەرەو خۆبەڕێوەبەریی راستەقینە كە خۆی لە بوونی دەوڵەتی سەربەخۆدا دەبینێتەوە، بۆیە پێویستە ئاشتەواییەكی سەرتاسەری لە كوردستاندا بێتە ئاراوە تا بتوانین هەموومان كەشتیی كوردستان بە كەناری ئارامی بگەیێنین."
فایزە كۆیی




