فەرماندە و پێشمەرگەكان بە گرینگییەوە دەڕواننە پرۆتۆكۆڵی نێوان هەرێم و ئەمەریكا

هەولێر-KDP.info- لە پرۆتۆكۆڵێكدا، هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا ڕێك كەوتن و، فەرماندە و پێشمەرگە قارەمانەكانیش، بە گرنگییەوە لەو پرۆتۆكۆڵە دەڕوانن و رادەگەیەنن، هەركاتێك فەرماندەی هێزە چەكدارەكان بڕیار بدات، ئەوان ئامادەن لە هەر شوێنێك بێت تیرۆریستان و دوژمنانی كورد لەناو ببەن.
عەقید (سەربەست فیكری) فەرماندەی پێشمەرگە لە میحوەری باشیك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئەو پرۆتۆكۆڵەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا بە سەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی) ئیمزا كرا، یەكێكە لە دەستكەوتە هەرە گرینگەكان بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، چونكە بۆ یەكەم جارە پرۆتۆكۆڵێكی لەو شێوەیە ئیمزا بكرێت، بۆیە هەر لایەنێك دژی ئەو پرۆتۆكۆڵە بوەستێتەوە، هێزی پێشمەرگ دژی دەوەستێتەوە".
(فیكری) گوتیشی: "ئەو پرۆتۆكۆڵە پەیوەندییەكانی هەرێم و ئەمەریكا بەرەو پێشەوە دەبات، ئەوەیش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ هێزی پێشمەرگە و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەو پرۆتۆكۆڵە دەبێتە هۆكار كە هێزی پێشمەرگە زیاتر بەهێز بێت و راستەوخۆ پڕچەك بكرێت و یارمەتی بدرێت".
رائید (زێڕۆ ئیبراهیم) لە بەرەكانی پێشەوەی شەڕ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە وەك هێزی پێشمەرگە لە ئامادەباشیی تەواوداین داعش بێت یان هەر كەسێكی دیكە دەست بۆ هەرێمی كوردستان درێژ بكات، لەناوی ببەین، بۆیە ئامادەین لە پێناو كوردستان گیانی خۆمان بەخت بكەین، هەر كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمان بە ئێمە بكات نەك مووسڵ، بەڵكو هەر شوێنێك ببێتە مەترسی بۆ سەر هەرێم، ئامادەین بچین و گیانی خۆمان لە پێناو كوردستاندا بەخت بكەین".
هاوكات (زرار حاجی) كە پێشمەرگەیەكی دیكەیە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "سوپاسی (سەرۆك بارزانی) دەكەین بۆ ئەوەی كە شەو و رۆژی كردووەتە یەك بۆ خزمەتكردنی هێزی پێشمەرگە، ئەو پرۆتۆكۆڵەی لە نێوان هەرێم و زلهێزترین وڵاتی جیهان ئیمزا كرا، یەكێكی دیكەیە لە كار و بەرهەمەكانی سەرۆكی هەرێم، ئەو پرۆتۆكۆڵەیش وا دەكات كە هێزی پێشمەرگە رۆژ بە رۆژ پێش بكەوێت.
ڕابین شێروانی




