پۆڵۆنیا هاوکاری زیاتری هەرێم دەکات

پۆڵۆنیا-KDP.info- لە بارەگای سەرۆکایەتیی هەرێمی مالۆپۆڵسکا کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی بەڕێوەچوو کە تیایدا یاچێك کروپا Jacek Krupa سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا و زیاد ڕەئووف نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا و قەشە تۆماش یاگێرسکیTomasz Jagierski سەرۆکی ڕێکخراوی SOS for Life ناردنی کاروانێکی تری هاوکارییان بۆ ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
سەرۆکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا یاچێك کروپا وردەکاری دەستپێشخەرییەکەی خستە ڕوو، ئاماژەی دا کە کاروانی هاوکارییەکە لە هەشتهەزار قوتووی شیر پێك دێت بۆ منداڵانی ساوا. سەرۆکی هەرێمی ناوبراو سەرەنجی دا، منداڵانی ساوا و دایکان بێدەسەڵاتترین قوربانی دەستی تیرۆریزمی داعشن کە دەبێت پێش هەموو لایەك هاوکارییان بکرێت. هەرێمی مالۆپۆڵسکا ١٠٠هەزار زڵۆتی تەرخان کرد (کە دەکاتە زیاتر ٢٥هەزار دۆلار) بۆ کڕینی شیری قوتوو. یـاچێك کروپا قسەکانی بە بانگەوازێك تەواو کرد بۆ بەهاناوەچوونی هەڵەمەتەکە و داوای لە خەڵکی هەرێمی مالۆپۆڵسکا کرد پشتیوانی و هاوخەمی بنوێنن بۆ ئەو لێقەوماوانەی کە ئێستا لە کامپەکان ژیان بەسەر دەبن. هەروەها ئاماژەی دا کە هەرێمی مالۆپۆڵسکا ماوەی پێنج ساڵە ڕێککەوتنی هاریکاری و دۆستایەتی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
دواتر قەشە یاگێرسکی وردەکاری دیکەی هەڵمەتەکەی پیشان دا. ناوبراو گوتی کە بە یارمەتی وەزارەتی بەرگری نەتەوەیی پۆڵۆنیا کاروانەکە دەنێردرێتە کوردستان لە ڕێگای فڕۆکەی سەربازی هێرکولێسHerkules ، لەوەوە یارمەتییەکە بەخێرایی دەگاتە شوێنی مەبەست و پێویستیش بەوە ناکات پارەی گواستنەوە بدرێت. سەرۆکی دەزگای SOS for Life هەروەها گوتی جگە لە کڕینی شیر لە لایەن هەرێمی مالۆپۆڵسکاوە، ڕێکخراوی ئاژانسی پۆڵۆنیا بۆ بازاڕی کشتوکاڵی پشکی هەیە لە ناردنی شیر. بڕی ئەو شیرەی دەنێردرێ بۆ کوردستان پێکەوە دەکاتە ٨ تەن. ئەو شیرە بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی دابەش دەکرێت کە پێشتریش هاوکارییان گەیاندووەتە ئاوارەکان. تۆماش یاگێرسکی هەروەها تیشکی خستە سەر ئەوەی کە کوردەکان بە هۆی ئەو پاڵەوانێتیە زۆرەی لە جەنگی دژ بە داعش و ئەو مرۆڤ دۆستییەی کە لەبەرانبەر پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان هەیانە، شایانی هەموو جۆرە هاوکارییەکن.
لە کۆتاییدا زیاد ڕەئووف وتەیەکی پێشكەش کرد، سپاسی هەموو لایەکی کرد بۆ کۆمەك و هاوکارییەکان. بارودۆخی هەرێمی کوردستانی هێنایە بەر باس و ئاماژەی دا کە ژمارەی ئاوارەکان لەماوەی داهاتوودا بەرزتر دەبێتەوە بە هۆی ئۆپەڕاسیۆنی ئازاد کردنەوەی شاری مووسڵ. نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها سەرەنجی دا کە ئەوە یەکەم هاوکاری نییە لە لایەن هەرێمی مالۆپۆڵسکاوە پێشکەشی ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت. هەروەها باسی هەموو ڕێکخراوە ناحکوومییەکانی پۆڵۆنیای کرد کە لە ماوەی ڕابردوودا هاوکارییان پێشکەش کردووە. زیاد ڕەئووف گوتی نوسینگەی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆڵۆنیا پلاتفۆرمێکی پەیوەندی دامەزراندووە، کە ئامانجی ڕێکخستنی چاڵاکی و گۆڕینەوەی زانیارییە لە نێوان ڕێکخراوە خێرخوازییە پۆڵۆنییەکان. نوێنەری حکوومەت وتەکەی بە بانگەوازێك کۆتایی هێنا بۆ بەدەمەوەهاتنی هەڵمەتی هاوکارییەکان و هەروەها بۆ دووبارە بنیادنانەوەی ناوچە وێران بووەکان کە ئێستا ئازاد کراون لە دەستی داعش.
لە کۆنفرانسەکە زیاتر لە ١٠ ڕۆژنامەنوس لە ڕۆژنامە و ڕادیۆ و تەلەڤزیۆن بەشدارییان کرد و پاشان هەر کامە و، بۆ خۆی کەوتە گفتوگۆی لەگەڵ بەشدارانی کۆنفرانسەکەدا.




