٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.بوخاری: ھەرێم دەبێتە بەشێک لە بەرەی نێودەوڵەتییەکەی دژەتیرۆر

سەرچاوە: KDP.info
 
هەولێر-KDP.info-  چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، ئەو پرۆتۆکۆڵەی حەفتەی ڕابردوو لە نێوان ھەرێم و ئەمەریکادا ئیمزا کرا، وا دەکات وڵاتانی دیکەش بەبێ پرسکردن بە بەغدا ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن.

(د. بوخاری عەبدوڵا) مامۆستای زانکۆ و چاودێری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو پرۆتۆکۆڵەی ھەرێم و ئەمەریکا لە نێوان خۆیاندا ئیمزایان کرد، ھەنگاوێکی ئێکجار گەورەیە لە ڕووی پەیوەندیی نێودەوڵەتییەوە؛ یەکەم نموونەی لەو چەشنەیە لە نێوان وڵاتێکی زلهێزی وەکو ئەمەریکا لەگەڵ ھەرێمی کوردستاندا؛ بەو گوێرەیە ئەمریکا لە ڕووی لۆجستیک و مادی و دارایی و چەکەوە ھاوکاریی ھەرێم دەکات  بۆ شەڕی تیرۆر؛ جا بەم شێوەیە ھەرێم دەبێتە بەشێک لە بەرەی نێودەوڵەتییەکەی دژەتیرۆر."

(د. بوخاری عەبدوڵا) گوتیشی، ئەو پرۆتۆکۆڵە توانا و سەنگی ھێزی پێشمەرگە و خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەردەخات لە ناوچەکە؛ دیارە ڕۆڵێکی زۆر گەورەیشی هەیە؛ جا ئەوەیە گرنگییەکی زیاتر لە جاران دەدرێتە ھەرێمی کوردستان و، وڵاتانی جیهان هاتوونەتە یارمەتیی هەرێمەوە.

(عەبدوڵا) ڕاشیگەیاند، ئەم ھەنگاوە وا دەکات لەمەودوا وڵاتان بەبێ پرسی بەغدا و ڕاستەوخۆ ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکەن، ئەمەش ھەرێم بەرەو قۆناغێکی تازە دەبات.

ئەوەشی خستە ڕوو کە "سەنگی ھەرێم لە ڕووی ھەرێمایەتییشەوە زیاتر دەکات، بەڵام ڕەنگە ھەندێک لایەن بێزار بکات کە پێیان ناخۆشە ھەرێم پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ئەمەریکا و ڕۆژئاوادا ھەبێت؛ خۆی ئەو نەیارانە ھەر لە سەرەتاوە ئامادە نەبوون کێشەی کورد لە ڕێگەی دیموکراتیک و دیالۆگ چارە بکەن.

بڵند ئیبراھیم

 
 

هەواڵی پەیوەندیدار