٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

محەممەد حاجی مەحموود: پرۆتۆكۆڵه‌كه‌ هیوایەك دەدات بەوەی رێككەوتنی سیاسیی گەورە بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

سلێمانی-KDP.info- سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان دەڵێ، رێككەوتنی سەربازی، دواقۆناغی زۆربەی رێككەوتنەكانە، بۆیە هیوادارە پرۆتۆكۆڵی هەولێر-واشنتن رێككەوتنی سیاسییشی بە دواوە بێت، چونكە بوونی رێككەوتنەكە لەم دۆخەی ناوچەكەدا زۆر گرینگە.

(محەممەدی حاجی مەحموود)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "ئەو پرۆتۆكۆڵەی هەولێر-واشنتن لە كاتێكدایە كە ئەولەوییەتی ئەمەریكا لە ناوچەكەدا، لەناوبردنی داعشە و تەنیا هێزێك لە ئەرزی واقع شەڕی داعش بكات، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە و كوردە شەڕ دەكات، ئەوە وای كردووە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا و حكوومەتی ئەمەریكا بگەنە ئەو باوەڕەی بە بێ هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناتوانرێت درێژە بەو شەڕە بدرێت، بە تایبەتی لە بابەتی ئازادكردنی مووسڵ و ئەو ناوچانەی كە ئێستا بەدەست داعشەوەن، چونكە ناتوانێت بە ئاسانی سەر بكەوێت بەسەر هێزی داعشدا، بۆیە ئەوان باش لەوە گەییشتوون تاكە هێزێك كە داعش لەناوچەكە سڵی لێ دەكاتەوە و لێی دەترسێت، هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، هەر ئەوەیش وای كردووە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ئەو بڕیارە بدات".

(حاجی مەحموود) گوتیشی: "ئەو بڕیارە تازە نییە، ئەمەریكا لە زووەوە خەریكی ئەو رێككەوتنەیە و رەنگە ئەمە ڕیككەوتنی لوتكە بێت، چونكە دواجار چەندە رێككەوتنەكە گرینگە، ئەوەندەش جۆریەتیی رێككەوتنەكە گرینگە كە پێی دەگوترێت رێككەوتنی سەربازی، چونكە هەر وڵاتێك لە بواری سەربازیدا لەگەڵ وڵاتێكی دیكە رێك كەوت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە كە سنوور لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا نییە، چونكە رێككەوتنی سەربازی دواقۆناغی زۆربەی رێككەوتنەكانە، بۆیە هیوادارم ئەو رێككەوتنە رێككەوتنی سیاسییشی لە دوا بێت بۆ ئەوەی لە دوای شەڕی داعش كوردیش وەك هێزێكی گەورەی ناوچەكە لە دابەشكردنەوەی ناوچەكە بێبەش نەكرێت و ڕۆڵی هەبێت".

(محەممەدی حاجی مەحموود) زیاتر گوتی: "بەپێی ئەو رێككەوتنە كە لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا واژۆ كراوە، هاوكاری و چەك و مەشق و پێداویستییەكانی جەنگ دەدرێتە پێشمەرگە واتا سەرجەم ئەو بابەتانەی كە پەیوەندییان بە جەنگەوە هەیە لەو رێككەوتنەدا شوێنیان كراوەتەوە".

ئومێدیش ده‌خوازێ، ئەم رێككەوتنە راستەوخۆ لەگەڵ كورد كرابێت و پێشتر بەغدا ئاگادار نەبووبێت، چونكە ئەو چەكانەی ئەمەریكا و هاوپەیمانان و وڵاتانی ئەورووپا ناردوویانە بۆ پێشمەرگە و كوردستان لە رێگای بەغداوە، هەندێك لە چەكەكان وەك (زرێپۆش) لە بەغدا گل دراونەتەوە و ئەوانی دیكەیان ناردووە بۆ كوردستان، واتا فێڵ لە كورد كراوە لە بەغدا و چەكە قورسەكانیان نەداوە بە كورد كە ئەمە كارەساتە".

سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان ده‌شڵێت، ئەم پرۆتۆكۆڵە كاریگەریی لەسەر داهاتووی دەوڵەتی كوردستان دەبێت و رەنگیشە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كاراكردنەی پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ هەبێت، چونكە پێش كۆتایی خولی (ئۆباما)، مووسڵ یەكلا دەبێتەوە".

 

كارزان سەباح هەورامی

هەواڵی پەیوەندیدار