یەكگرتوو: پرۆتۆكۆڵهكه بنەمایەیەكی گرینگە بۆ سهربهخۆیی.. ئەمەریكا بە ئاسانی نەگەییشتووەتە ئەو باوەڕە

هەولێر-KDP.info- سهرۆكی پێشووی ئهنجوومهنی سهركردایهتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، باس لە پرۆتۆكۆڵی هەولێر-واشنتن دەكات و دەڵێت: "ئەم پرۆتۆكۆڵە لە ئەنجامی تێگەییشتنی ئەمەركیا بووە بۆ هەرێمی كوردستان و بەهێزیی پێشمەرگەی كوردستان، بۆیە گرینگە وەك خۆی تەماشای ئەم رێككەوتنە بكرێت".
(د. محەممەد رەئووف) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پرۆتۆكۆڵی هەولێر-واشنتن لەم كاتەدا زۆر گرینگ بوو، پێم وابێت ئەمە شتێكی چاوەڕواننەكراو بوو بە بێ ئامادەبوونی عێراق و لە ژێر چاودێریی سەرۆكی هەرێم ئەو پرۆتۆكۆڵە واژۆ بكرێت، لە كاتێكدا ئەوە چەند ساڵە عێراق راستەوخۆ رێگا بەوە نادات و ئەمەریكایش تا ئێستا چاوپۆشیی لە عێراق كردووە، بەڵام ئەم جارە لەوە دەچێت كە عێراق بەوەیش رازی نەبووبێت، دواجار بە ناچاری رازی بووە".
(ڕەئووف) گوتیشی: "ئەم پرۆتۆكۆڵە ئاماژەیە بەوەی كوردستان بایەخێكی تایبەتی هەیە لای ئەمەریكا و لای هاوپەیمانان، هەرێمی كوردستانیش شوێنێكی ئارام و پارێزراوە لە ڕووی سەربازی و ئەمنییەوە، بۆیە ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە ئازادكردنەوەی مووسڵدا كورد بەشێكی گرینگی ئەو پرۆسەیە دەبێت، پەیامێكیشە بۆ وڵاتانی دراوسێی دوور و نزیك كە ئەمەریكا دەستبەداری هەرێمی كوردستان نابێت لە ڕووی سەربازییەوە".
(د. محەممەد رەئووف) دەشڵێت: "دەبوو عێراق پێش واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵەكە هاوكاریی سەربازیی هەرێمی كوردستانی بكردبایە و، ئەمەریكایش بە بەردەوامی بە هەرێمی كوردستانی گوتووە كە هاوكاریی دارایی و سەربازیی هەرێمی كوردستان دەكات، دوای سەردانی (بارزانی) بۆ ئەمەریكا، (ئۆباما) و ئەمەریكایش بە عێراقیان گوت رەزیلی مەكە لە هاوكاریكردنی كورد لە ڕووی دارایی و سەربازییەوە، بۆیە كە عێراق ئەوەی نەكرد، ئەمەریكا راستەوخۆ هاتە ناو بابەتەكەوە، ئەمەیش پەیامێكی راستەوخۆی ئەمەریكایە بۆ بەغدا".
(رەئووف) ئاماژەی بەوەیش دا: "هەركاتێك توانیمان ڕیفراندۆم بكەین و دەوڵەت رابگەیێنین، ئەو كاتە هاوكاریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەلایەن هاوپەیمانانەوە دەكرێت و، دواتر بە فەرمی وەك هێزێكی نێودەوڵەتی پێشمەرگە دەناسرێنرێت و ئەم پرۆتۆكۆڵەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هەر رۆژێك ئێمە بووینە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان، ئەوان مامەڵەی فەرمی لەگەڵ ئەو هێزەدا دەكەن".
سهرۆكی پێشووی ئهنجوومهنی سهركردایهتی یەكگرتووی ئیسلامی دهشڵێ، ساڵ و نیوێك هەوڵ دراوە تا ئەم پرۆتۆكۆڵە گەلاڵە بكرێت و هەوڵێكی زۆر دراوە لەلایەن نوێنەرانی كوردەوە كە چوون بۆ ئەمەریكا تا ئەم بڕوایە دروست بكرێت و لە ماوەی 18 مانگدا كراوە، واتا بە ئاسانی نەكراوە و ئەمەریكایش بە ئاسانی نەگەییشتووەتە ئەم باوەڕە".
كارزان سەباح هەورامی




