نوێنەری مەسیحییەکان: ئیمزاکردنی پرۆتۆکۆڵەکەی نێوان ھەرێم و ئەمەریکا سەرکەوتنی سیاسەتی سەرۆک بارزانی نیشان دەدات
__2016_07_17_h19m55s0__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، ئەو پرۆتۆکۆڵە سەربازییەی نێوان ھەرێم و ئەمەریکا سەلماندی سەرۆک بارزانی لە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ وڵاتاندا سەرکەوتنی گەورەی بەدەست ھێناوە و، توانیویەتی وا لەو وڵاتانە بکات ددان بە ھەرێمی کوردستاندا بنێن و، ئەگەر ریفراندۆمیش بکرێت ددانی پێدا دەنێن.
نوێنەری مەسیحییەکان لە پەرلەمانی کوردستان (وەحیدە یاقۆ ھورمز) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو پرۆتۆکۆڵەی حەفتەی ڕابردوو لە نێوان ھەرێم و ئەمەریکا ئیمزا کرا، سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان بە تایبەت سەرۆک بارزانی نیشان دەدات؛ سەرۆک بارزانی بەردەوام ھەوڵی داوە پەیوەندییەکی باش لەگەڵ وڵاتاندا ببەسێت؛ ئەو پرۆتۆکۆڵەیش ئەنجامی ئەو ھەوڵانەیە؛ ئا ئەوە زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان و، دانپێدانانە بە ھەرێمی کوردستاندا."
(وەحیدە یاقۆ ھورمز) گوتیشی: "دوای ئەوەی ئەمەریکا ڕازی بوو ڕاستەوخۆ و بە گوێرەی ئەو پرۆتۆکۆڵە ھاوکاریی ھەرێمی کوردستان بکات، بزانە کە ڕزگارکردنی مووسڵ و دەشتی مووسڵ نزیک بووەتەوە و، خەڵک دەگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان و، ھەنگاوی داھاتوویش ڕیفراندۆم دەبێت بەرەو سەربەخۆییی ھەرێمی کوردستان؛ جا کە ڕیفراندۆمیش بکرێت ھیچ گومانی تێدا نییە ددانی پێدا دەنرێت."
دەیشڵێت، ئەم پرۆتۆکۆڵە وەڵامێکیشە بۆ ئەو کەس و لایەنانەی باسیان لەوە دەکرد سیاسەت و حوکمڕانی لە ھەرێم ھەڵەیە، بەڵام ئێستا دیار بوو کە ئەم سیاسەت و حوکمڕانییە لە سایەی سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی چەندە سەرکەوتوو بووە.
بڵند ئیبراھیم




