٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەكان: پرۆتۆكۆڵەکەی هەولێر.واشنتن هێز و پێگە و ورەی هێزی پیشمەرگە زیاتر دەکا

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  فەرماندەکانی هێزی پیشمەرگە گرنگییەکەی پرۆتۆكۆڵەكەی نێوان هەرێم و ئەمەریكا ڕوون دەكەنەوە و پێیان وایە بەو پرۆتۆكۆڵەكەدا دیارە ئەوە دەگەیەنێ كە قورسایی و ڕەوش و هێز و دەوری هەرێم لە ساحەكەدا لە ئاستێكی زۆر زۆر بەرزدایە و دەبێتە ترسێك بۆ وڵاتانی تریش كە نەتوانن زیان بە هێز و گەل و خاكی هەرێم بگەیەنن چونكە ڕوون بوویەوە پێشمەرگە هاوپەیمانی وڵاتێكی گەورەی وەكو ئەمەریكایە و پرۆتۆكۆڵەش هەنگاوێکە بەرەو دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی كوردستان.

عەزیز وەیسی: قورسایی هەرێم زۆر زیاتر بووە لە ڕووی سراتیجی و سەربازی و سیاسییەوە

12ی ئەم مانگە یادداشتی لێكتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئیمزا كرا. چاودێرانی سیاسی و شارەزایانی سەربازییش پێیان وایە ئەو ڕێككەوتنە دۆستایەتیی پێشمەرگە و سوپای ئەمەریكا دەباتە چوارچێوەیەكی فەرمییەوە و ئەرك و ماف و پابەندی بۆ هەردوو لا دروست دەكات؛ بەرەنجامی ئەو كارە هاوبەشەی نێوان پێشكەوتوترین سوپای جیهان كە ئەمەریكایە لەگەڵ بەهێزترین جەنگاوەری مەیدانی شەڕی تیرۆر لە ڕۆژهەڵاتی ناوین كە پێشمەرگەیە لەدایك بووە.


لیوا (عەزیز وەیسی) فەرماندەی هێزی زێرەڤانیی وەزارەتی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە واژۆكردنی ئەم پرۆتۆكۆڵە قورسایی هەرێم زۆر زیاتر بووە لە ڕووی سراتیجی و سەربازی و سیاسییەوە، چونكە ئەمە بۆ یەكەم جارە ڕێكەوتنێكی وا دێتە ئاراوە لە نێوان وڵاتی ئەمەریكا و هێزیكی لەشكری كە لە چوارچێوەی هەرێمێكدایە.

واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵەكە شەرعیەتی زیاتر دەداتە هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و گەلی كورد بە گشتی؛ بۆ دوای شەڕی داعشیش پێشمەرگە وەكو هێزیكی پرۆفیشناڵ و هێزێكی تۆكمەی دژ بە تیرۆر بۆ پاراستنی مرۆڤایەتی سەیر دەكرێت و، هاوكارییەکی زیاتری نێودەوڵەتی وەردەگرێت؛ کە دەوڵەتی كوردیش دروست كرا هێزی پێشمەرگە دەبێتە هێزیكی باوەڕپێكراو و دانپێنراوی جیهانی. هیچ بە دووری مەبینە ئاخری پێشمەرگەیش بچێتە ناو پەیمانی ناتۆوە."

فەرماندەی هێزی زێرەڤانی  جەختیشی كردەوە: "ئەم ڕێكەوتنە بۆ هێزی پێشمەرگە مۆراڵێكی گرنگە كە بە شێوەیەكی فەرمی (سەرۆك بارزانی) كە سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی هەرێمە ڕۆڵێكی گەورەی تێدا بینیوە، لەباری ئابووریشەوە بەپێی ڕیكەوتنەكە كە یارمەتی دارایی بۆ هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكرێت گرنگییەكی یەكجار زۆری هەیە و دەبێتە هاریكاری حكوومەتیش بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی تر بە شێوەیەكی ڕێکوپێک دابەش بكات.  لە ڕووی هاوكاریی سەربازی و ڕاهێنانی هێزی پێشمەرگەشەوە گرنگی و بایەخێكی زۆری هەیە و، هێزی پێشمەرگە بەرەو پرۆفیشناڵەتییەکی زیاتر دەبات. ڕێگاخۆشكەریشە بۆ ئەوەی وڵاتانی تری جیهان هاوكاری و هەماهەنگی و ڕێكەوتنی گەورە لەگەڵ حكوومەت و هێزی پێشمەرگەدا بكەن."

لیوا (عەزیز وەیسی) ئاماژەیشی دا: "ئەم پرۆتۆكۆڵە زیانێكی گەورەی بە دژمنانی كورد بە گشتی و تیرۆرستان گەیاندووە, چونكە لە ڕووی مەعنەوی و دارایی و ڕاهێنانەوە هێزی پێشمەرگە دەباتە قۆناغێكی نوێ و ترسێكی زۆری خستووەتە دڵی دژژمنانەوە. دەبێتە ترسێك بۆ وڵاتانی تریش كە نەتوانن زیان بە هێز و گەل و خاكی هەرێمی كوردستان بگەیێنن، چونكە ڕوون بوویەوە پێشمەرگە هاوپەیمانی وڵاتێكی گەورەی وەكو ئەمەریكایە."

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا: دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەرێمەكەمان و بۆ هێزی پێشمەرگە

(شێخ جەعفەر شێخ مستەفا) فەرماندەی‌ یەكەی 70ـی هێزەكانی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "وەزیری بەرگریی ئەمەریكا بەر لە واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵەكە لە پەیوەندیەكی تەلەفۆنیدا قسەی لەگەڵ (كاك مەسعوود) فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی هەرێمی كوردستاندا كردبوو؛ پاشان بۆ یەكەم جار لە میژوودا ڕیكەوتنێكی وا گرنگ لەنێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان  واژۆ كرا."

ئەم پرۆتۆكۆڵە گرنگی و ڕۆڵی خۆی هەیە و پشتیوانیكردن و حسابكردنێكی مەزنە بۆ هەریمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە. بۆیە ئەم پرۆتۆكۆڵە دەستكەوتێكی گەورەیە بۆ هەرێمەكەمان و بۆ هێزی پێشمەرگە.

فەرماندەی‌ یەكەی 70ـی هێزەكانی پێشمەرگە جەختیشی كردەوە: "لە هەموو ڕوویەكەوە ئەم ڕێكەوتنە گرنگی خۆی هەیە كە وڵاتێكی وا گەورە پرۆتۆكۆڵێكی لەسەر شەڕی دژ بە تیرۆردا لەگەڵ واژۆ كردووین،؛ بەوەدا دیارە قورسایی و ڕەوش و هێز و دەوری هەرێم لە مەیدانەکەدا لە ئاستێكی زۆر زۆر بەرزدایە بۆیە ئەمەریكا وەها هەنگاوێكی گەورە دەنێت. ئەم پرۆتۆكۆڵە بە هەموو شێوەیەك كاریگەریی ئەرینی بۆ هێزی پیشمەرگەش هەیە."

تارق زایەر ئەحمەد: ئەم پرۆتۆكۆڵەش هەنگاوێکە بۆ دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی كوردستان
عەقیدڕوكن (تارق زایەر ئەحمەد) جێگری بەرپرسی لیوای 9ی هێزی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەم پرۆتۆكۆڵە سەربازییەی نێوان ئەمەریكا و كوردستان،  ورەی هێزی پێشمەرگەی زۆر بەرزتر كردووەتەوە و باوەڕی پێشمەرگەی بە سەركردایەتیی سیاسیی كورد یەکاویەک زیاد كردووە. بەپێی ئەم گفتوگۆیانەی ئێمە لەگەڵمان كردوون هاوكارییەكانیان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت."

جێگری بەرپرسی لیوای 9ی هێزی پێشمەرگە گوتیشی: "بە لێكدانەوەی من دوای ماوەیەكی كورت باری ئابووری و سیاسی و جیۆپۆلۆتیكی ناوچەكە بە تێكڕا دەگۆڕێت و ئەم پرۆتۆكۆڵەش هەنگاوێکە بۆ دامەزراندنی وڵاتی سەربەخۆی كوردستان؛ ئەم پرۆتۆكۆڵە زۆر گرنگە و ئەوە بۆ یەكەم جارە لە میژوودا وڵاتی ئەمەریكا لەگەڵ هەرێمێكدا بەبێ پرسی ناوەند، پرۆتۆكۆڵێکی سەربازی و وا گرنگ واژۆ بكات."

سەرباز واحد

هەواڵی پەیوەندیدار