پڕۆتۆكۆڵی هەولێر – واشنتن، وڵاتانی دیكەیش هان دەدات

هەولیر-KDP.info- چاودێران و سیاسەتمەدارانی كورد، لەبارەی پڕۆتۆكۆڵەکەی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكاوە دەڵێن، یەكێكە لە دەستكەوتە هەرە گرینگەكان بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان. ئەوان دەڵێن، كورد گەرەنتیی لە ئەمەریكا وەرگرت و ئەو پڕۆتۆكۆڵە پەیوەندییەكانی هەرێم و ئەمەریكا بەرەو پێشەوە دەبات، سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ سەركردایەتی و دیپلۆماسیەتی كورد، ئەوەیش وا دەكات كە وڵاتانی دیكەیش بێنە پێشەوە و پڕۆتۆكۆڵی لەو شێوەیە لەگەڵ كورددا ئیمزا بكەن.
رۆژی سێشەممە 12/ 7/ 2016 لە سەلاحەدین، (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە (ئێلیزا سلۆتكین) یاریدەدەری وەزیری بەرگریی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كرد و، یادداشتی لێكتێگەیشتنی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئیمزا كرا و جەخت لە هاوبەشی و پتەوكردنی دۆستایەتییەكی پتەو لە نێوان هەولێر و واشنتندا كرایەوە، كە ئەوەش یەكەمجارە كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی یادداشت لەگەڵ وڵاتێكی گەورە واژۆ بكات.
سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ سەركردایەتی و دیپلۆماسیەتی كورد
(دیندار دۆسكی) سیاسەتمەداری كورد، راگەیاند، یاسای كۆنگرێسی ئەمەریكا وایکرد ئەو پڕۆتۆكۆڵە لە نێوان هەولێر و واشنتندا ئیمزا بكرێت، واژۆكردنی پڕۆتۆكۆڵی نێوان هەرێم و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا شتێكی زۆر گرینگە و وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان كراوە، چونكە ئەمریكا تەنیا یارمەتیی سەربازی دەداتە وڵاتە پێشكەوتووەكان، ناوهێنانی كوردستان لە ئەمەریكا و پڕۆتۆكۆڵێكی لەو شێوەیە هەنگاوێكی گرینگە و پەیوەندییەكانی هەرێم و ئەمیریكا بەرەو پێشەوە دەبات، ئەوەیش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ سەركردایەتی و دیپلۆماسیەتی كورد.
گوتیشی: ئەو پڕۆتۆكۆڵە دەبێتە هۆكار كە هێزی پێشمەرگە زیاتر بەهێز بێت و راستەوخۆ پڕ چەك بكرێت و یارمەتیی بدرێت، ئەوە وا دەكات كە وڵاتانی دیكەیش بێنە پێشەوە و پڕۆتۆكۆڵی دیكە مۆر بكەن، كە بێگومان ئەوەیش تایبەتمەندییەكە بۆ هەرێمی كوردستان.
(دۆسكی) ئەوەشی گوت: دەبێت هەموو لایەنەكان بەو پڕۆتۆكۆڵە خۆشحاڵ بن، چونكە ئەو پڕۆتۆكۆڵە لە پاشەڕۆژدا خزمەت بە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكات، نابێت كێشە ناوخۆییەكان لەسەر بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان كاریگەریان هەبێت، چونكە ئەو پڕۆتۆكۆڵانە و چەند شتێكی دیكە كە گرێداراون بە ئایندەی ئەو وڵاتە، خزمەت بە هەموو لایەنەكان دەكات، بۆیە نابێت تێكەڵ بە كێشە ناوخۆییەكان بكرێت، دەبێت لەسەر كێشە نەتەوەییەكان لایەنەكان یەكدەنگ و یەكڕیز بن و ئەو پڕۆتۆكۆڵە وەك موژدەیەك بدەنە خەڵكی هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوە پێشكەوتنێكی بەرچاوە لە دیبلۆماسیەتی كورد و پەیوەندییەكانی كورد و ئەمریكا، هەروەها ئەوە پەیامێكە بۆ هەموو وڵاتانی دیكە كە كوردستان بەرەو دەوڵەت بوون هەنگاو دەنێت، بۆیە دەبێت بە گرنگییەوە لەو دەستكەوتانە بڕوانین و هەر یەك لەلایەن خۆیەوە بە گرنگیەوە لەو پڕۆتۆكۆڵە بڕوانێت.
دژبەرانی پڕۆتۆكۆڵی هەولێر - واشنتن دەکەونە بەر نەفرەتی خەڵکەوە
(محەممەد بازیانی) رێكخەری گشتیی بزاڤی چاكسازی و گەشە، بە "هەولێر"ـی گوت: لە راستیدا ئەوە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی كورددا، پڕۆتۆكۆڵێكی لەوشێوەیە مۆر بكرێت، ئەوەیش هێمایەكە كە كوردستان وەك وڵاتێك تەماشا دەكرێت، چونكە پڕۆتۆكۆڵ تەنیا لە نێوان وڵاتاندا مۆر دەكرێت، بەتایبەتی لەگەڵ وڵاتێكی گەورەی وەك ئەمەریكا، ئەوە ئاماژەیەكە بۆ ئەوە كە كورد بە خۆ بكەوێت و ناو ماڵی خۆی چاك بكات تاكو دەوڵەتی كوردستان دروست ببێت و ببێتە دەوڵەتێكی كاریگەر لە ناوچەكە و جیهان.
(بازیانی) روونیشی كردەوە؛ هەر دوای ڕێككەوتنەکه، چەندین وڵات هاتنە پێشەوە كە لەگەڵ ئەوەن هەرچیی زووە كوردستان ببێتە دەوڵەت بۆ ئەوەی پڕۆتۆكۆڵی لەگەڵدا ئیمزا بكەن، هەر بۆیە دەرفەتێكی زۆر باش بۆ كورد هاتووەتە پێشەوە، بۆیە هەر لایەنێك دژی ئەو پڕۆتۆكۆڵە و دەوڵەتی كوردی بوەستێتەوە خەڵك دژی دەوەستێتەوە و نەفرەتی لێ دەكەن.
(ئێحسان ئامێدی) چاودێری سیاسی بۆ "هەولێر" گوتی: بە هەوڵی (سەرۆك بارزانی)، ئەم پڕۆتۆكۆڵە ئیمزا كرا، چونكە توانی بڕوا بە ئەمەریكا بهێنێت و قەناعەتیان بۆ دروست بكات كە پێشمەرگە تاكە هێزە لەسەر زەوی لە دژی تیرۆریستان شەڕ دەكات، بەمەیش پێشمەرگە ڕاستەوخۆ بەرەو پێشەوە دەڕوات، چونكە ڕاسەوخۆ مەشق بە هێزەكانی پێشمەرگە دەكرێت، هەر بۆیە ئەو پڕۆتۆكۆڵەی لە نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا بە سەرپەرشتی سەرۆكی هەرێم ئیمزا كرا، یەكێكە لە دەستكەوتە هەرە گرینگەكان بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، چونكە بۆ جاری یەكەمە پڕۆتۆكۆڵێكی لەو شێوەیە ئیمزا بكرێت، ئەوە پەیامێكە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و جیهان كە ئەمەریكا پشتگیریی لە كورد و دەوڵەتی كوردی دەكات، چونكە وڵاتێكی زڵهێزی جیهان وەك ئەمەریكا بێت و لەگەڵ هەرێمی كوردستان پڕۆتۆكۆڵێك ئیمزا بكات، ئەو گەشبینی دەداتە خەڵكی هەرێمی كوردستان كە بۆ قۆناغەكانی دواتر هەر پاڵپشتی لە كوردستان دەكات، بۆیە پەیامێكە بۆ وڵاتانی دەوروبەریش كە كورد هاوپەیمانی سەرەكیی ئێمەیە بۆ قۆناغی دواتریش هەر هاوپەیمانی ئێمە دەبێت، كە ئەوەیش بە ئاشكرا بە ناحەز و نەیرانی كورد رادەگەینێت كە ئێدی كەس خۆ نزیكی هەرێمی كوردستان نەكەن.
(ئامێدی) ئەوەشی گوت، پڕۆتۆكۆڵەکە هاندەرێكی باشە كە وڵاتانی دیكەی هاوپەیمانیەتیی ئەمەریكا بۆ شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش كە زیاتر لە 60 وڵاتن، چاو لە ئەمریكا بكەن و راستەوخۆ پڕۆتۆكۆڵ لەگەڵ هەرێمدا ئیمزا بكەن، ئاخر ئێستا کە ئەمەریكا راستەوخۆ دێتە سەرخەت و لەگەڵ هەرێم پڕۆتۆكۆڵ ئیمزا دەكات، ئەوەیش هاندەرێكی باشە كە وڵاتانی دیكەیش بێنە پێشەوە.
هاوکات دەڵێ: ئەوە پەیامی گەورەترین وڵاتی جیهانە بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان، مادام بۆ كوردستانە، بۆ خەڵك و هەموو لایەنە سیاسییەكانە، بە تەئكید خەڵك خۆشحاڵە چونكە دەبینن گەورەترین وڵات لەگەڵ هەرێمی كوردستان پڕۆتۆكۆڵێك ئیمزا دەكات، چونكە بەپێی یاسا دەبێت پڕۆتۆكۆڵ تەنیا لە نێوان وڵاتان ئیمزا بكرێت، ئەمڕۆ ئەمەریكا هاتووە لەگەڵ ئێمە پڕۆتۆكۆڵ ئیمزا دەكات، ئەوە مانای ئەوەیە كە كێشەی كورد هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە، هەر لەبەر ئەوەیش بۆ تاكی نیشتمانپەروەر ئامانجی ئەوەیە كوردستان ببێتە دەوڵەت، هەتا بۆ ئەو لایەنانەی كە رقیان لە پارتی و سەرۆكایەتیی هەرێم دەبێتەوە و حەز ناكەن ئەو دەستكەوتانە لەسەر دەستی ئەوان بە دەست بێن، ئەوانیش ناچارن بەخۆیاندا بچنەوە، چونكە دەبێت بزانن سیاسەتی ئەوان بەرانبەر بە پارتی و سەرۆكایەتیی هەرێم هەڵەیە، ئەمڕۆ پێویستە هەموومان لە چوارچێوەی هەرێم لەژێر سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی كۆببینەوە بۆ ئەوەی كێشەی كورد بچێتە پێشەوە و بتوانین هەندێك شتی دیكە بەدەست بهێنین، بۆ ئەوەی بۆ قۆناغی دابێ كە ڕیفراندۆم و سەربەخۆییی كوردستانە خۆمان ئامادە بكەین".
لە ڕۆژنامەی هەولێرەوە




