هاووڵاتیان پشتگیریی پەیامەكەی سەرۆك دەكەن.. سەربەخۆیی داوای ڕەوای گەلی كوردستانە

هەولێر-KDP.info- هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان، پشتگیریی پەیامی (سەرۆك بارزانی) دەكەن لەبارەی پرسی ڕیفراندوم و سەربەخۆییەوە و، باوەڕیان وایە كە نابێت ڕێگە بدرێت ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی.
پێوەست بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی باشووری كوردستان، (كاوار بەرواری) دانیشتووی ئامێدی، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئێمە وەكو هەموو خەڵكی كوردستان، پشتگیریی پەیامی (سەرۆك بارزانی) دەكەین، لەبارەی پرسی ڕیفراندوم و سەربەخۆییەوە كە ئەمە داوایەكی رەوای گەلی كوردستانە بە تایبەتی باشووری كوردستان، چونكە لە سەرەتای دروستبوونی عێراقەوە لە ساڵی1920تا ئێستا، عێراق بە شێوەیەكی زورەملێ بەیەكەوە لكێنراوە.
(بەرواری) گوتیشی: "داواكاری و ویستی كورد ئەوەیە سەربەخۆ بین، كاتێك دەشبینە دەوڵەت بۆ ئەوە نییە ببینە مەترسی بۆ دراوسێكانمان، لە 20 ساڵی رابردوویشدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان نموونەیەكی جوانی پێشكەش كردووە و دراوسێكانیشمان ئەوە باش دەزانن كە باشووری كوردستان دراوسێیەكی باشە بۆ عێراقیەكان و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتییش، بۆیە باشترە كە هەرێمێكی وەكو كوردستان لە ناوچەیەكی پڕكێشەدا ببێتە ناوەندێكی ستراتیژی و ئارام نەك لەگەڵ عیراقێكدا بمێنێتەوە كە ئاییندەی دیار نییە، بڕوایشم وایە كە پێكهاتەكانی عێراقیش بە سوننە و شیعەوە گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە دەبێ هەرێمی سەربەخۆی خۆیان هەبێت".
(نازە كۆیی)ـیش لەبارەی ئەو پرسەوە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی ناوخۆیی، بۆیە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنە بەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی، بۆیە كاتی ئەوە هاتووە ڕاشكاوانە بە هەموو جیهان بڵێین، ئیمە دەمانەوێ ماڵێكی سەربەخۆ دروست بكەین".
(شەماڵ حوسێن) دانیشتووی رانیە، بەم شێوەیە بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دوا: "سەیرم پێ دێ ئەمڕۆ كەسانێك یان لایەنێكی سیاسی لە كوردستاندا هەبێت، لەگەڵ سەربەخۆییدا نەبێت و بڵێ كاتی نییە، كە تا ئەم ڕۆژگارە سەدان و هەزاران كوڕ و كچی باوەڕ بە نیشتمان لە پێناو ئازادی و رزگاری و سەربەخویی ئەم گەلەدا خوێنی خۆیان رشتووە بۆ ئەوەی سەربەخۆ بین، جێی داخێكی زۆرە كە ئەمڕۆ خەڵكانێك یان لایەنێكی سیاسی هەبێت پێچەوانەی ئەوە كار بكات و بیانەوێ گەلی كورد بەرەو نەهامەتی و ماڵوێرانیی تر ببەن، ئەگەر گەلی كوردستان ئەمڕۆ ریفراندوم و سەربەخۆیی داوا نەكات، دەبێت چ روژێكی تر بیكات؟".
ئەو دانیشتووەی رانیە گوتیشی: "هەموو ئەو هەوڵانەی كە (سەرۆك بارزانی) لە پێناو ئەم ئامانجە دەیدات بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆی كوردستان، پێویستە بە خوێن و گیان پشتگیری هەوڵەكانی بین بۆ گەییشتن بە سەربەخۆیی یەكجارەكی كە چارەی كێشەی كورد تەنیا دەوڵەتی سەربەخۆیە، بۆیە ئومێد دەكەم خەڵكی كوردستان لەوە زیاتر لەلایەن چەند لایەنێكی دیاریكراوەوە چەواشە نەكرێت و بێنە پاڵ پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی)".
(پێشرەو عەبدڵڵا) دانیشتووی هەڵەبجەی شەهید، پێوەست بەو پرسە، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پرسی ریفراندۆم، پرسێكی زۆر گرینگە و ساڵانێكە گەلی كوردستان چاوەڕێی ئەم رۆژە دەكات، بۆیە گرینگ و پێویستە گەلی كوردستان بە گشتی پشتگیریی ئەم پرسە بكات، چونكە گەلی كورستانیش وەكو هەر نەتەوەیەكی تری جیهان مافی سەربەخۆیی و بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی هەیە، زۆرێك لە نەتەوەكان كە ژمارەی دانیشتووانیان زۆر لە ئێمە كەمترە و هێندەی ئێمەیش قوربانییان نەداوە، بە مافەكانی خۆیان گەییشتوون، ئێمەیش مافی خۆمانە بە ئازادی بژین".
(عەبدڵڵا) گوتیشی: "داوا لەوانە دەكەین كە پێیان وایە ئێستا كاتی ئەوە نییە یاخود بارودۆخەكە لەبار نییە، بە خۆیاندا بچنەوە و تەماشای دەوروبەری خویان بكەن كە چۆن ئەم میللەتانە بە ئازادی دەژین و چۆن وڵات و سنووری خۆیان هەیە و دەیپارێزن، ئێمەیش مافی خۆمانە دەوڵەتمان هەبێت و هەموویشمان پشتگیریی (سەرۆك بارزانی) بكەین".
نهدا مزووری




