٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"شاندی یەكێتی و گۆڕان هەڵە بوو.. گوتیان یەكڕیز نین"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دەڵێت، فراكسیۆنە كوردییەكان لەبەغدا یەكهەڵوێست بوون و وەكو یەك تیم كاریان دەكرد، بەڵام سەردانی شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان وای كرد كە شەقامی عەرەبی هەست بكات ئەو یەكڕیزییەی كورد خەریكە تێك دەچێت، بۆیە پێویستە ئێستا هەموو لایەنەكان بەپیر پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی)یەوە بچن، بۆ ئەوەی هەڵوێستی خۆیان لەبارەی بەغداوە یەكلا بكەنەوە.

(نەجیبە نەجیب) بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پێویستە هەموو فراكسیۆن و لایەنە سیاسیەكان بەپیر پەیامەكەی (سەرۆك بارزانی)ـیەوە بچن، بۆ ئەوەی كورد هەڵوێستی خۆی لەبارەی كێشەكانی لەگەڵ بەغدا و ریفراندۆم دیاری بكات، لەبەر ئەوەی زۆر دوا كەوتووین لەوەی كه‌ پێویستە زووتر هەڵوێستی خۆمان دەرببڕین".

(نەجیب) گوتیشی: "چوونی شاندی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان بۆ بەغدا، هەڵەیەكی گەورە بوو، لەبەر ئەوەی هیچی بە دەست نەهات، تەنیا پەیامێك بوو كە لە بەرژەوەندیی خەڵكی كوردستاندا نەبوو و پەیامێك بوو بۆ شەقامی عەرەبی كە ئێمە یەكڕیز نین، ئەگەرنا نەیانتوانی هیچ دەستكەوتێك بۆ كورد  بەدەست بێنن".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق باسی لەوەیش كرد: "ئێمە وەكو نوێنەرانی كورد نەمانتوانیوە هیچ بۆ كورد بكەین، لەبەر ئەوەی بەغدا بڕوای بە بنەماكانی دەستوور نییە، بۆیە باشترە كورد خۆی یەكلا بكاتەوە و بڕیاری خۆی بدات".

دەشڵێت: "ئێستا ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەكەین ئەو شاندە بچێت دواتریش ئێمە وەكو فراكسیۆنەكان خۆمان یەكلا بكەینەوە".

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار