سەرۆکایەتى هەرێم و حکوومەت، بە فەرمى پەیامى هاوخەمیان گەیاندە کۆمارى فەڕەنسا

هەولێر-KDP.info- لەمیانی سەردانیاندا بۆ کونسووڵگەری فەرەنسا لە هەولێر، شاندی باڵای هەرێم جەختیان کردووە کە گەل و سەرۆکایەتى هەرێم و حکوومەتى هەرێم بە توندى ئیدانەى ئەو هێرشە تیرۆریستیە دەکەن کە کرایە سەر خەڵکى مەدەنى بێ تاوان لە شارى نیس لە کۆمارى فەڕەنسا و سەرەخۆشى لە گەل و حکوومەتى فەڕەنسا و خانەوادەى قوربانیانى ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەکەن و هیواى چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازن.
بە مەبەستى گەیاندنى پەیامى هاوخەمى جەنابى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکوومەتى هەرێم، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتى 16/7/2016 د. فواد حسین سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان بە نوێنەرایەتى جەنابى سەرۆکى هەرێم و فەلاح مستەفا بەرپرسى پێوەندیەکانى دەرەوە بە نوێنەرایەتى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان سەردانى کونسووڵگەرى گشتیی کۆمارى فەڕەنسایان کرد و لەلایەن ئاڵان گیپخات کونسووڵى گشتیی کۆمارى فەڕەنسا پێشوازیان لێ کرا.
د. فواد حسین سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستان و فەلاح مستەفا بەرپرسى پێوەندییەکانى دەرەوە جەختیان کردووە کە گەل و سەرۆکایەتى هەرێم و حکوومەتى هەرێم بە توندى ئیدانەى ئەو هێرشە تیرۆریستیە دەکەن کە کرایە سەر خەڵکى مەدەنى بێ تاوان لە شارى نیس لە کۆمارى فەڕەنسا و سەرەخۆشى لە گەل و حکوومەتى فەڕەنسا و خانەوادەى قوربانیانى ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە دەکەن و هیواى چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازن.
ئەم هێرشە ئەوە دووپات دەکاتەوە کە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لەبەردەم هەڕەشەى تیرۆردایە و بەرپرسیارێتى هاوبەش لە ئەستۆى هەموولایەکدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر و ئەمڕۆ هێزەکانى پێشمەرگە لە هێلى پێشەوەى ئەو بەرگریەدان و بەنوێنەرایەتى جیهانى ئازاد شەڕدەکەن بۆ لەناوبردنى تیرۆر.
گەل و حکوومەتى هەرێم پشتیوانى فەڕەنسایە لەم دۆخەدا و وەک دۆست و هاوپەیمانێک پشتگیرى خۆمان دووپات دەکەینەوە.
لەبەرامبەردا ئاڵان گیپخات سوپاسى ئەو سەردانەى کرد و سوپاسى پەیامى هاوخەمى جەنابى سەرۆکى هەرێم و سەرۆکى حکومەتى هەرێم و گەلى کوردستانى کرد. ئەوەى دووپات کردەوە کە ئەم کردەوانە کارناکاتە سەر ڕۆڵى فەڕەنسا لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە تیرۆر. هەروەها ئەوان بە بایەخەوە دەڕواننە پەیوەندیەکانیان لەگەڵ هەرێمى کوردستان و ئەم ڕووداوانە زیاتر دەبێتە هۆى پتەوکردنى پێوەندییەکان بەتایبەتى لە ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر.




