٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی ناوخۆ: پێویستە داعش لە ڕووی سەربازی و فیكرییشەوە بنبڕ بكرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، تیرۆرستانی داعش دوای ئەوەی لە ڕووی سەربازییەوە شكستیان برد، لە ئێستادا تاكتیكێكی نوێیان داناوە كە لە ڕووی فیكرییەوە كار دەكەن و دواتر كردەوەی تیرۆرستی پێ ئەنجام دەدەن، بۆیە لە هەرێمی كوردستان پێویستە گرینگی بەو پرسە بدرێت.

(نازم هەركی)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستانی رگەیاند: "جۆرێك لە ناسەقامگیریی ئەمنی لە هەموو دنیادا هەیە بە هۆی بوونی داعشەوە، بۆیە جگە لە بنبڕكردنی داعش لە ڕووی سەربازییەوە، پێویستە لە ڕووی فیكرییشەوە بنبڕ بكرێت، چونكە ئەوان لەبەر ئەوەی لە ڕووی سەربازییەوە شكستیان بردووە، ئێستا زیاتر گرینگی بە ڕووی فیكری دەدەن، بۆیە پێویستە لە هەرێمی كوردستانیش زیاتر گرینگی بەو پرسە بدەین و رێگە نەدەین لە ڕووی فیكرییەوە گەشە بكەن".

(هەركی) گوتیشی: "داعش لە ناوچەكەدا بە تایبەت لە عێراق دزەی كردووە و تەقینەوە و كردەوەی تیرۆریستی لە هەموو شوێنێك ئەنجام دەدەن، بۆیە پێویستە لە هەرێمی كوردستان زیاتر گرینگی بەو پرسە بدرێت و رێگری لەو تاكتیكە نوێیەی داعش بكەین".

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆ لە پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، پێویستە هەرێمی كوردستان ئەگەر بەشدارییشی لە شەڕی ئازادكردنی مووسڵدا كرد، ئەو هێڵە ئەمنییەی دروستی كردووە، بەردەوام بیت لەسەری و بە هیچ جۆرێك وازی لێ نەهێنێت و زیاتر گرینگیی پێ بدات.

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار