٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نەمسا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵی هاوكاریكردنی زیاتری هەرێمی كوردستان دەدات

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ دیداریدا له‌گه‌ڵ سه‌رۆكوه‌زیرانی ه‌هرێمی كوردستان، وەزیری دەرەوە و گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی نەمسا، ئامادەییی وڵاتەكەی نیشان دا كە لە بواری مرۆییدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش هاوكاریی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن. 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 15-7-2016 (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە (سێبستیان كورز) وەزیری دەرەوە و گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی نەمسا و شاندێكی دیپلۆماسیی یاوەری كرد.

لە دیدارێكدا كە (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، (كورز) خۆشحاڵیی خۆی بە دووەم سەردانی و بەرەوپێشەوەچوونی بارودۆخی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاسی خەڵك و حكوومەت و پێشمەرگەی كوردستانی كرد كە بە باشترین شێوە توانیویانە ناوچەكانیان لە هەڕەشەی تیرۆر بپارێزن و، سەركەوتنی گەورە تۆمار بكەن و سەرەڕای قەیرانی دارایی بە باشترین شێوە پێشوازی لە ژمارەیەكی یەكجار زۆری ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر بكەن، جێگەی حەوانەوە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بكەن.

وەزیری دەرەوە و گەشەپێدانی نێودەوڵەتیی نەمسا، ئامادەییی وڵاتەكەیشی نیشان دا كە لە بواری مرۆییدا هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكەن و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش هاوكاریی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەن. هەروەها پتەوكردنی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و نەمسا و دۆستایەتیی نێوان هەردوولای لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتوودا دووپات كردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی سەردان و تێبینییەكانی شاندی میوان و هاوكارییە بەردەوامەكانی خەڵك و حكوومەتی نەمسای بۆ هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە دا كە هەرێمی كوردستان بە بایه‌خه‌وه‌ لە پەیوەندی و دۆستایەتییە دێرینەكەی لەگەڵ نەمسا دەڕوانێت، هەروەها سوپاسی هەڵوێستە ئەرێنییەكانی نەمسای بەرامبەر هەرێمی كوردستان كرد و داوای كرد لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی هەوڵ بدەن لە ڕووی سیاسی و ئابووری و مرۆییی و سەربازییەوە هاوكاریی زیاتر بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكرێت.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا (نێچیرڤان بارزانی) داوای كرد كە نەمسا بەپێی ئەو پسپۆڕیەی كە هەیەتی، هاوكاریی هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو قەیرانە قورسە داراییەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، بە سەركەوتوویی تێیپەڕێنێت.

تاوتووكردنی دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی بەغدا و شەڕی دژی تیرۆرستانی داعش و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار