فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا گەیشتە هەولێر

هەولێر-KDP.info- جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتیل، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا بەسەردانێک گەیشتە هەولێر و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
رۆژی پێنجشەممە 14-7-2016 جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتیل، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا لەڕیگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
جەنەڕاڵ جۆزێف ڤۆتیل، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 13-7-2016 بەسەردانێک گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق، لەگەڵ حەیدەر عەبادی، سەرۆکوزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگری عێراق کۆبووەوە.
سەردانی ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی ئەمریکا لەکاتێکدایە کە رۆژی سێشەممە 13-7-2016 بە ئامادەبوونی مەسعوود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەلایەن كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، و ئەلیسا سلۆتکین، یاریدەدەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا، پرۆتۆكۆڵی سەربازی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا واژۆكرا.
بەپێی پرۆتۆکۆلەکە ئەمریکا هاوکاریی سەربازی و دارایی پێشکەشی هێزەکانی پێشمەرگە دەکات، هەروەها تاوەکو تەواوبوونی شەڕی داعش کار بە پرۆتۆکۆڵی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمریکا دەکرێت.




