شارهزایێكی زانسته سیاسییهكان: سەرۆک بارزانی دەوڵەتی مسۆگەر کردووە بۆ نەتەوەکەی

ههولێر-KDP.info- شارهزایێكی زانسته سیاسییهكان باوهڕی وایه، (سەرۆک بارزانی) دەوڵەتی مسۆگەر کردووە بۆ نەتەوەکەی، لە سەرکەوتنەکانی دیارە، لەمەوپێش (جۆ بایدن) جێگری سەرۆکی ئەمهریکا شاھیدیی ئەوەی دا، بۆ سەرکەوتن لە دژی تیرۆر و داعش و چارەی کێشە سیاسییەکانی عێراق پێویستیان بە ھاوکاری (سەرۆک بارزانی)ـە.
ئەگەر ڕۆڵى (سەرۆک بارزانى) نەبا ئەوا لە عێراقى دواى (سەددام حوسێن)دا، فیدراڵیەتى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى جیۆگرافى و ناسنامەى نەتەوەیى و یەکگرتووییى سیاسیى گەلى هەرێمى کوردستان نەدەبوو
"لە خەبات و تێکۆشانى گەلانى ژێردەستە و خاک و خەڵک دابەشکراو و داگیرکراودا، لە گەیشتن بە ئامانجى ئازادى و سەربەخۆیى و، پاشان پرۆسەى بونیادنانى دەوڵەت و قەوارەى سیاسیى خاوەن سەروەرى، سەرکردە و ڕێبەرانى سیاسى ڕۆڵى گەورە و یەکلاکەرەوەیان هەبووە.مێژووى سیاسیى نوێى ئەڵمانیا ئەوەمان پێدەڵێت، کە سیاسەتمەدارى مەزنى ئەڵمانیایى (بسمارک) لە هێنانەدى یەکێتیى ئەڵمانیا و دانانى بناغەى دەوڵەتى ئەڵمانیاى فیدراڵى و بەرجەستەکردنى یەگرتوویى سیاسیدا، ڕۆڵى سەرەکى و گەورەى هەبوو؛ ئێستایش ئەڵمانیاییەکان وەک ئەندازیارى یەکێتیى نەتەوەیى و یەکگرتووییی سیاسیى ئەڵمانیا و دەربازبوون لە حاڵەتى دابەشبوون و ژێرچەپۆکى سەیرى دەکەن. لە وڵاتە یەکگرتووەکانى ئەمهریکایش ئەگەر ڕۆڵى باوکانى دامەزرێنەرى وەک واشنتۆن و هاملتۆن و مادیسۆن و پاشان لینکۆڵن نەبا، ئەوا ئەمهریکا لە جاڕدانى سەربەخۆیى و دانانى دەستوورى نووسراو بونیادنانى دەوڵەتێکى فیدراڵى بەهێز کە هەم یەگرتوویى و هەم لێکجیایى گەل و حکوومەتى ئەمهریکاى پێکەوە ئاوێتە کردووە، وا بەسانایى سەرکەوتوو نەدەبوو. ئەوە ڕاستیێکى چەسپاوە کە لە بونیادنانى دەوڵەت نەتەوەى مۆدێرن و سەربەخۆ، لە هیندستان (غاندى) باوکى دامەزرێنەر و ئاڕاستەکەر بوو، ئەگەر رۆڵى کاپتنیی (ماندێلا) نەبا، ئەوا کەشتیی سیاسیى گەلى ئەفریقاى باشوور وا بەزوویى نەدەگەیشتە کەنارى سەربەخۆیى و ئازادى. نموونەى دیکەیش زۆرن. لە میژووى سیاسیى هاوچەرخى گەلى کوردستاندا یەکێک لەو سەرکردە و ڕابەرانەى لە کۆکردنەوەى توانا مرۆیى و سیاسییەکانى گەلى کوردستان و ئاڕاستەکردنى بەرەو ئازادى و سەربەخۆییدا ڕۆڵى گەورەى بینیوە، (سەرۆک بارزانی)یە، شارهزا له زانسته سیاسییهكان و مامۆستای زانكۆ(عومهر نوردهینی) وایگوت."
(نوورهدینی) لە بارەی ڕۆڵی (سهرۆك بارزانی)یهوه، لێدوانێكی لەمەوبهری (جۆو بایدن) جێگرى سەرۆکى ئەمهریکا دێنێتهوه کە فایلى سیاسیى عێراقى لەژێر دەستە و بەڕێوەى دەبات، كه سیاسەتمەدارێکى خاوەن ڕوانگاى ستراتیژییە، شاهیدیى ئەوەى دا کە لە رؤژهەڵاتى ناوەڕاستدا سەرکەوتن لە جەنگى جیهانى دژى تیرۆر و داعش و چارەکردنى کێشە سیاسییەکانى عێراق، پێویستیان بە هاوکاریى و ڕۆڵى (سەرۆک مهسعوود بارزانی) هەیە.
(عومهر نورهدینی) كه شارهزایی له زانسته سیاسییهكاندا ههیه و مامۆستای زانكۆیه، پێوهست به پرسی گەیشتن بە سەربەخۆیى و ئازادى و بونیادنانى قەوارەى سیاسیى هەرێمى کوردستان ڕۆڵى (سهرۆك بارزانی) به میحوەرى و کاریگەر و یەکلاکەرەوە ناو دهبات و به چهند نموونەیهك ئهو كاریگهرییه دهسهلمێنێ: ''ئەگەر ڕۆڵى (سەرۆک بارزانى) نەبا ئەوا لە عێراقى دواى (سەددام حوسێن)دا، فیدراڵیەتى هەرێمى کوردستان لەسەر بنەماى جیۆگرافى و ناسنامەى نەتەوەیى و یەکگرتووییى سیاسیى گەلى هەرێمى کوردستان نەدەبوو، ئیعترافى دەستوورییشى بەوشێوەیە پێ نەدەکرا؛ بەڵکو فیدراڵیەتى ئیدارى دەچەسپا کە هەرێمى کوردستان دەبوو بە چەند پارێزگایەکى سەربە بەغدا.
لە پرسى کشانى سیاسیى هەرێمى کوردستان بەرەو دەوڵەتبوون یان لانى کەم شکاندنى بازنەى فیدراڵى و دامەزراندنى پەیوەندى لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەماى کۆنفیدراڵى و کامڵبوونى زیاترى سەربەخۆییى سیاسى و ئابوورى و حوکمڕانەتیى هەرێمى کوردستان، (سەرۆک بارزانى) ڕۆڵى هەرەگەورە دەگیڕێ؛ ئهوهتا ئێستا سیاسەتى سەربەخۆخوازیى هەرێمى کوردستان بووهتە نازناوى بەڕێزیان، بەڵام ئەم وێناکردن و دۆخە و وەک مەرجێکى سەرکەوتنى ئەم سیاسەت و خەباتە ئەوە لە بەڕێزیان چاوەڕێ دەکرێت، کە لە کۆکردنەوە و ئاڕاستەکردنى توانا و هێزى سیاسى و مەعنەویى هەرێمى کوردستان هەنگاوى ئەوتۆ بهاویژێ، کە ژیانى سیاسیى ناوخۆمان لە پەرشوبڵاوى و پێکەوەنەگونجان دەرباز بکات. هەڵویستى مەزن و دەستپێشخەریى مەزن و خوڵقاندنى ڕووداوى مەزن لە پێناو بەرژەوەندیى گەل و وڵات هەمیشە لە سەرکردە و کەسایەتیى ىسیاسیى مەزن چاوەڕێ دەکرێت.''
هیچ کات وەک ئێستا ژینگەیەکى وهها سیاسى و لەبارى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى بۆ جاڕدانى دەوڵەتى کوردستان نەهاتووهتە ئارا
ئهو شارهزایه له زانستی سیاسهتدا گهیشتووه بهو باوهڕهی كه، هیچ کات وەک ئێستا ژینگەیەکى وهها سیاسى و لەبارى ئیقلیمى و نێودەوڵەتى بۆ جاڕدانى دەوڵەتى کوردستان نەهاتووهتە ئارا و جهخت دهكاتهوه، ''بە هەق دەرفەتێکى میژوویى ڕەخساوە، بەڵام لەگەڵ بوونى دەرفەتدا بارودۆخەکە هەڵگرى چەندین مەترسى و هەڕهشە و ڕێگرییشە. لەئێستادا وەک هەرێمى کوردستان و لە پاشهڕۆژیشدا ئەگەر ببینە دەوڵەتیش ڕووبەڕوویان دەبینەوە.''
لهبارهی ئهگهری هاتنهئارای ڕێگرییهكانیشهوه (عومهر نوردهدینی)، هەڵوێستى دەوڵەت نەتەوەکانى فارس و تورک و عەرەب به یەکێک له ئهگهرهكان ناو دهبات و، پێشبینی دهكات كه، وا بەئاسانى دامهزرانی دهوڵهتی كوردستانیان پێ قهبووڵ نهکرێ، دەوڵەتێك كه دهبێتە دراوسێ و هاوسنووریان. بێگومانیشه لهوهی، کە ئهوان توانا و تێکۆشان و سەرچاوەکانى هێزى خۆیان لە ڕووى سیاسى و دیپلۆماسى و ئابوورى و کولتوورى و هەتا سەربازییش وەکار دەخەن بۆ پێشگرتن لە ڕەوتى سەربەخۆخوازیى هەرێمى کوردستان و لەدایکبوونى دەوڵەتى کوردستان؛ بەڵام، جهخت دهكاتهوه كه، ''هەرگیز نابێ ئەم مەترسیانە وامان لێ بکهن دەستبەردارى مافى ڕەواى سەربەخۆیى ببین. خۆ گەلى کوردستان لە خەبات و تێکۆشان بۆ ئازادى و سەربهخۆیى، مۆڵەتى لە هیچ دەوڵەتێک وەرنەگرتووە و وەرناگرێ، ئاخر سازش لەسەر ئەو ئامانجانە ناکرێ، جا قوربانى و باجەکەى چەندە گەورە و زۆر بێت.''
زۆر گرینگە لە دواى جاڕدانى سەربەخۆیى، بەشێوەیەک بونیادى دەوڵەت بنێین کە ببێتە دەوڵەتێکى بەهێزى سەرکەوتوو
دهشڵێت، دەبێت زۆر حیساب لەسەر ژیانى سیاسى و ئابوورى و حوکمڕانیى ناوخۆ بکرێت، دەکرێت لە چوارچێوەى دەوڵەتى کوردستاندا وەک پارت ولایەنى سیاسى و شێوەى حوکمڕانى و دروستکردنى یەکەى سیاسى و کارگێڕى جۆرێک لێکجیایى دیموکراسیانە هەبێت، بەڵام لەهەمان کاتدا یەکگرتووییى گەل و دەوڵەت لەسەر ئاستى سەروەرى و سیاسەتى دەرەکى و بەرگریى نیشتیمانى بەشێوەیەک بەرجەستە بکرێت، کە هێزمان پێ ببەخشێت، ئەمەش بە دەستوور و یاسا و داڕشتنى سیستەمێکى سیاسیى دیموکراسیى زیندوو و چالاک دەکرێت؛ چونکە زۆر گرینگە لە دواى جاڕدانى سەربەخۆیى، بەشێوەیەک بونیادى دەوڵەت بنێین کە ببێتە دەوڵەتێکى بەهێزى سەرکەوتوو، نەک دەوڵەتێکى فاشیل. لە سیاسەت و ئیدارەدانى ململانێى سیاسیدا هەموو ئەگەرێک شایانى ڕوودانە، لەوانە لهشکرکێشى و سیاسەتى بەکارهێنانى هێزى سەربازى، بەڵام وەک چۆن لە ڕابردوودا سیاسەتى بەکارهێنانى هێزى سەربازى و قەتڵوعامکردنى گەلى کوردستان شکستى خواردووە و دەوڵەتانى داگیرکەرى کوردستانى لاواز کردووە و بەهێزى نەکردوون، ئەوا لە حاڵەتى جاڕدانى سەربەخۆییدا هەر ئەوەندە گرینگە هەندێ دەوڵەتى زلهێز و خاوەن سەنگ، ئیعتراف بە دەوڵەتى کوردستان بکەن، ئەوکات دەوڵەتانى ناوچەکە ئەگەر لهشکرکێشییش بکەن ئەوا کێشەکە بەزوویى بە نێودەوڵەتى دەبێت و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى دەستتێوەردان دەکات و بێهەڵویست نابێت؛ ئەوکات بەپێى حوکمەکانى یاساى نێودەوڵەتى مامەڵە لەگەڵ کێشەکە دەکرێت.''
لەوکاتەوە کە داعش هێرشى کردە سەر هەرێمى کوردستان، دیپلۆماسیەت و سیاسەتى دەرەوەى هەرێمى کوردستان گەشە و کامڵبوونێکى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە
ئاماژه بهوهی ئێستا هەرێمى کوردستان وەک قەوارەیەکى سیاسى کە دەوڵەتیش نییە، پێگەیەکى سیاسیى ئەوتۆى لاى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى هەیە، کە هەندێ دەوڵەت کە سەدان ساڵیشە دەوڵەتن نیانە، ئهو مامۆستایهی زانكۆ دهڵێ، هەمیشە لە مێژوودا گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتى نێودەوڵەتى لەکاتى جەنگ و کۆتاییهاتنى جەنگەنێودەوڵەتییەکاندا ڕوو دەدەن، بەتایبەتى لەدایکبوونى دەوڵەتى تازە و گۆڕان لە سیستەمى نیودەوڵەتیدا، بێگومان ئەو لایەنانەى لە ڕووى سەربازییەوە بەشدارن لە جەنگ و سەرکەوتن بەدەست دەهێنن، ئەوا لە دابەشکردنی کێکى دەستکەوتەکاندا ئەگەر خۆى گەمەکەرێکى سیاسیى وریا بێت، ئەوا بەشى خۆى وەردەگرێ. ئێستا رێک ئەم دۆخە بۆ هەرێمى کوردستان هاتووهتە پێش و دەبێت دەرفەتەکە لەکیس نەدرێ.
وهك (نوردهینی) گوتی، بەشێک لەم دۆخە سازاوەیش بۆ ههرێمی كوردستان، دەرهاویشتەى جەنگى جیهانیى دژى تیرۆرە لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا کە لە ساڵى 2001 و دواى ڕووداوەکانى یازدەى سێپتەمبەرەوە دەستى پێکردووە و، لە 2014 دواى کەوتنى شارى مووسڵ بە دەستى داعش چووە قۆناغێکى ترەوە. جەنگى جیهانیى دژى تیرۆر، هەرێمى کوردستانى کردووە بە لایەنێکى کاریگەر لەو جەنگەدا، لایەنێک کە لەسەر بنەماى هاوپەیمانەتى بەشدارە لەو جەنگە و هیزێکى سەربازیى بەرجەستە و کاریگەرە.
ڕێکخراوى داعش دوژمنێکى شەڕانگێزى گەلى کوردستانە، شەڕى بەهەرێمى کوردستان فرۆشت و مەترسیى گەورەى لەسەر ئاسایش و بوون و مانەوەى هەرێمى کوردستان و کۆى دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان دروست کرد، به بروای سیاسی و شرۆڤهكارانیشهوه، هەرچەندە داعش لاواز بووە و پاشەکشەى گەورەى کردووە، بهڵام هێشتا ئەو مەترسییە بە تەواوەتى نهڕهوهیوهتهوه.
سهرباری ئهوهی كه داعش زیانی به ههرێمی كوردستان گهیاندووه، ئهو شارهزایهی سیاسهت داعش وەک دوژمنێك وهسف دهكات كه بەکۆمەڵێک وەزیفە هەڵساوە و، به هۆیانهوه هەرێمى کوردستانى وەک کاراکتەرێکى سیاسیى نادەوڵەت بەهێز دهركهوت.
ئهو دهڵێ، لەوکاتەوە کە داعش هێرشى کردە سەر هەرێمى کوردستان، دیپلۆماسیەت و سیاسەتى دەرەوەى هەرێمى کوردستان گەشە و کامڵبوونێکى زۆرى بەخۆیەوە بینیوە پشتیوانى و هاوکاریى سەربازى زلهێزەکانى دنیا گەیشتە ئەو ڕادەیەى ڕاستەوخۆ هەماهەنگى و هاوکاریى هێزى پیشمەرگەى کوردستان بکەن و، تەنانەت وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمهریکا پرۆتۆکۆڵى کۆمەکى سەربازى بەڕەسمى لەگەڵ هەرێمى کوردستاندا واژۆ بکات، وەک ئەوەى ڕۆژى 12ى تەمموزى ئەمساڵ لە کۆشکى سەرۆکایەتیى هەرێم واژۆ کرا، هەر بۆیە وەک چۆن دووەم جەنگى جیهانى بەهۆى سیاسەتەکانى هیتلەرهوه دەرەفهتى بۆ کۆمەڵێک گەل و نەتەوە هێنایە پێش کە ببن بە دەوڵەت و سیاسەتى کۆلۆنیالیزم پاکتاو کراو و دەیان وڵات سەربەخۆیییان وەرگرت، بەهەمان شێوە جەنگى جیهانیى تیرۆر و هاوپەیمانەتیى نێودەوڵەتى لە دژى داعش، دەرفەتى ئەوەى بۆ گەلى کوردستان هێناوەتە پێش کە ئاستى داواکارییەکانى بەرەو سەربەخۆیى بەرز کاتەوە؛ چونکە هەرێمى کوردستان لایەنێکى کاراى ئەو جەنگەیە و قوربانیى گەورەى داوە. خۆ ناکرێ تەنها بە سوپاس و دەستخۆشانەى دەوڵەتان ڕازى بێت، بەڵکو دەبێت لەمیانەى بەرنامەیەکى سیاسیى وردەوە و بەزوویى و پێش وەدەرنان و لەناوبردنى داعش، داوا سیاسییەکانى خۆى لە زلهێزەکان و کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى بکات.
داعش وەک دوژمنێکى شەڕانگێز مەرجەکانى بوون بەکارتێکى سیاسى سوود بەخش بەکوردى تێدایە
(عومهر نورهدینی) بۆ کورد جەنگى داعش و دەرکردنى لەمووسڵ و عیراق تەنها پرسێکى سەربازى نیە بەڵکو جەنگێکى سیاسیشە و دەبێت دیبلۆماسیەتى کوردستان کار بۆ مسۆگەرى دەسکەوتە سیاسیەکانى پۆست داعش لەعیراق بکات و پێش ڕاوکردنى نێچیرەکە مەرجەکانى خۆى دەربارەى وەرگرتنى بەشى خۆى بسەپێنێ ئەگینا هەمووشت هەڵگرێ بۆدواى ڕاوکردنى نێچیرەکە ئەوا دەستى بەبەتاڵى لەبنى هەنبانەکە دێتە دەر، گرنگە داعش لە موسڵ دەرکرێ چونکە لەڕوى بەرگرى وئاسایشەوە هەڕەشەن بۆ سەر هەرێمى کوردستان بەڵام بەشدارى کردنى هەرێمى کوردستان و هیزى پیشمەرگە دەبێت گرێ بدرێ بە مسۆگەر کردنى ژمارەیەک بەرژەوەندى ستراتیژى و نیشتیمانى هەرێمى کوردستان وەک : سەرەبەخۆیى وگەڕانەوەى خاک و مسۆگەرى بەرگرى کردن و پشتیوانى سیاسى وئاسایشى لە ئایندەدا . بەکورتى و پوختى داعش وەک دوژمنێکى شەڕانگێز مەرجەکانى بوون بەکارتێکى سیاسى سوود بەخش بەکوردى تێدایە ماوەتەوە سەر ئەوەى کورد چۆن و بەچ شێوەیەک دەتوانێ لێزانانە ئەوکارتە بەکاربهێنێت و بیکاتە کارتێکى سوودبەخشى کارا نەک سووتاو و لەدەست چوو.
فایزه حهمید




