دۆسكی: پرۆتۆكۆڵی هەرێم و ئەمەریكا سەركەوتنێكی مهزنه.. دەبێت لایەنەكان خۆشحاڵ بن

هەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێكی كورد رایگەیاند، واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵی نێوان هەرێم و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، شتێكی زۆر گرینگە و، وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا دەكرێت.
(دیندار دۆسكی)، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "واژۆكردنی پرۆتۆكۆڵی نێوان هەرێم و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، شتێكی زۆر گرینگە و وەك وڵاتێكی پێشكەوتوو مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كراوە، پرۆتۆكۆڵێكی لەو شێوەیە هەنگاوێكی پڕِبایەخە و پەیوەندییەكانی هەرێم و ئەمەریكا بەرەو پێشەوە دەبات، ئەوەیش سەركەوتنێكی گەورەیە بۆ سەركردایەتی و دیبلۆماسیەتی كورد و، دەبێت هەموو لایەنەكان پێی خۆشحاڵ بن".
(دۆسكی) گوتیشی: "ئەو پڕۆتۆكۆڵە دەبێتە هۆكار كە هێزی پێشمەرگە زیاتر بەهێز بێت و راستەوخۆ پڕچەك بكرێت و یارمەتی بدرێت، ئەوە وا دەكات كە وڵاتانی دیكەیش بێنە پێشەوە و پڕۆتۆكۆڵی دیكە مۆر بكەن، كە بێگومان ئەوەیش تایبەتمەندییەكە بۆ هەرێمی كوردستان".
رابین شێروانی




